ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٨٧. نیشتمانی کورد
ئەو نیشتمانی بەرز و بەڕێز و جوانی کورد
جێگەی ژیانی پڕ لە هیوای پاڵەوانی کورد
هۆی بەرزیی هەموو گەل و پیر و جەوانی کورد١
بەو ئاو و خاکە جوانەوە بەندە ژیانی کورد

ئەی خاکی پڕ لە جەوهەر و هەر پڕ لە زێڕ و زێو! ٢
هۆزت بە شاخ‌وداختەوە بوونە 'سەربزێو'


نیلووفەڕی بڵاوی لە سەر ئاوی بێ‌قەرار
ئاڵۆز و تێکەڵ و بەگرێ، چەشنی زولفی یار
سووچ و کەناری دەشتی هەموو سەوز و لالەزار
قۆز و لەبەردڵان و لەبارە بەبێ قومار

بەهبەه‍ لە شاخ‌وداخی ئەو و خاک و ئاوی ئەو
چەند خۆش لە سەر زمانە، گەلی کوردە ناوی ئەو٣


لایەک شنەی شەماڵە کە دەشنێ بە حاڵی دڵ
لایەک کزەی دڵان لە گوڵانە بە سۆز و کوڵ
لایەک لە خۆشی بولبولە وا پێکەنیوە گوڵ
لایێکی دیش کە خونچەیە پێچرا بە بەرگ و چڵ

ئەم بەند و ئەم بیساتەیە گیانە دڵی مرۆ
دێنێتە جۆش و دێتە خورۆش و دەڵێ بڕۆ


کاتی خەباتە هۆزی بەجێ‌ماوی کوردەکان!
پێ هەڵگرن، درەنگە، بڕۆن ڕێکوو بێ‌وچان
هیوای گرنگی، ئێوەیە خۆ دایکی نیشتمان
ئەو نیشتمانی هۆزی گەلی کردە قارەمان

ئەو قارەمانی وا لە خەباتایە ڕۆژ و شەو
ئەو پاڵەوانی وا کە بەهێزە و ئەوەند پتەو


ماوێکی زۆرە مات و ئەسیر و قەلەندەرین
خەمبار و بێ‌کەس و لە هەموو خۆشییەک بەرین
تا کەی بە پشتی کۆمەوە کۆڵ بۆ کێ هەڵگرین؟
تا کەی بەبێ خەفەت سەرمان نەچتە سەر سەرین؟ ٤

با بەس ببینە ئالەتی دەستان، وەرن! وەرن!
ئەوڕۆ هەلە، دە هەڵپەڕن و دەستی یەک گرن!


ڕۆیی ئەوی کە خوێنی مژین، ببوە پیرەزاڵ
ئێمە کەلاکی کەوتوو، ئەو ببوە پیرەداڵ
خۆراکی جەرگی ئێمە بوو، دەیخوارد قەپاڵ قەپاڵ
لێی کەوتووە ئەوێستە لە بەر زگ وەکوو گەماڵ

چونکی کەلاکی خواردووە، نابزوێ کەوتووە
ئابڕوو و حەیای بە جارێ لە نێو عالەمێ چووە


سەیری 'ئیمامی'ی پیر کە، کە وا کەوتبوو لە ماڵ
خەم دایڕزاندبوو، سەری دەبزووتەوە بە حاڵ
ئەوڕۆ کەچی، لە خۆشی، ئەوا کەوتە قیل و قاڵ
بانگوو دەکا و دەڵێ: وەرن، ئەی لاو و کیژوکاڵ!

دەست دەینە دەستی یەک، لە خیابان و سەرشەقام
خۆمان بە کوشت بدەین، نەوەکوو بینەوە غولام

١. ئەم میسراعە کێشەی 'کێش'ی هەیە و لە تەقتیع کردندا لەگەڵ پاشماوەی شیعرەکە ڕێک نایەتەوە. وەک ئەوەی وشەی 'گەل' لەوێدا زیادی بێت
٢. چاپی جەعفەر: ئەی خاکی پڕ لە جەوهەر و پڕ لە زێڕ و زێو. کێشی ئەم میسراعە لەنگە. و لام وایە وشەیەکی داکەوتووە. بۆ نموونە ئەگەر بڵێین پڕ لە جەوهەر و [پڕ] هەر لە زێڕ و زێو یان هەر[پڕ] لەزێڕ و زێو، ئیتر کێشەکە تەواو دەبێت. بەڵام ئایا ئاوات خۆی چی لەو شوێنە داناوە؟ نازانم. وشەی زێو لە باشووری کوردستان وەک زیو دەنووسرێت.
٣. چاپی جەعفەر: چەند خۆشە لە سەر زمان...
٤. سەرجەم فەرد و میسراعەکانی ئەم بەندە کارتێکەریی شیعری نەمر سەیفولقوزاتی بە سەرەوەیە.
قاقڵاوا، ١٣٥٧ی هەتاوی
(لاپەڕە ٢٨٦ تا ٢٨٨ ی چاپی جەعفەر. لە چاپی ئەنیسیدا نەهاتووە)

پەراوێز edit