ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٨١. پاڕانەوە
سەگێکی دەمڕەشی بێ کەڵپە، پیر و کوڵکن و نووزن
دەسووڕێ خوێڕییه، کۆڵان به کۆڵان، سەد کون و قوژبن
چڵێس و گورگەمێش و بێ‌وەڕ و بێ‌پاسی هەروەک من١
به کاری چی دێ یاڕەب! غەیری بەخشین و قەبووڵ کردن؟
بەغەیری پەت له ئەستۆ خستن و بۆ دەرکی خۆ بردن!

بە تۆ نازیوه تا ئێستا، پەتی لەستۆ خه، ڕایکێشە٢
ئەگەرچی سەد شتی منداری خوارد وەک پێسته و پێشە
بەڵام موستەوجبی ڕەحمە دڵی پڕدەرد و پڕئێشە٣
بە سەرسەختی ژیاندت ماوەیەک، بۆیه جگەر ڕێشە
گڵاوه، چی دەگەڵ دێ غەیری بەخشین، پیرەسەی کوڵکن؟

سەگێکه گەرچی بێ‌پاس و وەڕه، ئەمما وەفادارە
بە دار مۆخی دەرێنن، دێتەوه بەردەرکی تۆ، دیارە
له دەرک‌وبانەکەت هەڵناگرێ دەس، چونکه ناچارە
بە بەردی شوانه‌وێڵەش گەرچی ئەندامی بریندارە
که خواردی نانی شوانی، دیاره بێ‌قەدره سەگی نەوسن

بچۆ بەردەرکی خاوەن خوان و بەخشین، یانی ئەو زاتە-
ئەوەی خاوەن‌زەمان و مانگ و ساڵ و کات و ساعاتە٤
نییه وێنە و نەزیری، هەر هەیه و هەر بووشه، ئیسباتە
بە هیچی دایمەنێ تا داتنەناوه ئەم دەم و ساتە٥
که تۆپی، بێ‌ڕەواجه کلکەسووتێ، یانه پاڵ‌کەوتن

ئەتۆش 'کامیل'! سەگی، ئەمما سەگی بێ‌کار و بێ‌پاسی
به گۆشتی پیسی مندار خواردنه تۆ وا کەڕ و کاسی٦
به قوززەڵقورت و دەردت بێ، زگت وەک ماسی هەڵماسی
عەجەب یانیگرێکی، خاوەن و بێگانه ناناسی
نیشانەت دەرکەوت، هێندەت نەماوه بۆ دەمی مردن

١. چاپی ئەنیسی: بێ پاس هەر وەک من
٢. چاپی ئەنیسی: لەستۆ خرای کێشە. دەبێ هەلەی تایپ بێت
٣. چاپی ئەنیسی: ڕەحمی دلی...
٤. چاپی ئەنیسی: ئەوی خاوەن...
٥. چاپی جەعفەر: بەهیچێ
٦. چاپی ئەنیسی: پێسی... . کڕ وکاسی
قاقڵاوا، ١٣٦٥ی هەتاوی
(لاپەڕە ١٢١ و ١٢٢ی چاپی ئەنیسی و ٢٦٣ و ٢٦٤ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit