ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٧٠. بوراقی باڵدار
ئەی سەراپایی وجوودت لە هەموو عەیب بەری١
تۆ لە تاریفی من و هۆنەری دیکە بەدەری

تۆ ڕەسووڵێکی، زەوی فەخری به تۆ بوو له سەما
مانگ به ئەمرت لەت‌وپەت بوو، لەتی بۆ لات دەوەری

هێنده گەوره و بەشکۆ هاتی به ئەمری یەزدان
هەچی پێغەمبەره ڕاوەستن، ئەتۆیان لە سەری

ڕابەر و گەوره و خاوەن کەرەم و مەرحەمەتی٢
سفرەکەت حاتەمی ون‌کرد و نەماوه ئەسەری

هەرکه هاتی هەموو زاڵم له نەهاتی‌دا چوون
زۆری زۆردار به وجوودی تۆ نەمابوو خەبەری

جوبرەئیل بانگی دەکردی که له دەوری مەکه بووی
کوتی: فەرموو بڕۆ، تۆ خاوەنی فەتح و زەفەری

خۆی نەگرت کافر و تەسخیری مەکەت کرد خێرا
سەرلی شێواو، کونه‌مشکیان بە دڵ و گیان دەکڕی٣

ڕێگەکەت دوور بوو، بەڵام ساڵی به ساتێکی بڕی
ئەو بوڕاقی که به باڵان دەفڕی چوویه سەری

هەچی دووی تۆ نەکەوت بەختی خەوت، ڕۆیی کەوت
تووشی بوو مەسخەرە وو نەکبەت و سەد دەربەدەری ٤

شاسوارێکی وەها بووی هەموو ئاسمانان چووی
هەر مەلاییک بوو به پێشواز له سەران دادەوەری

به سڵاوات و به تەکریم و به تەحسین و ئەدەب
ڕادەوەستان و دەیانکوت: که چ شیرین‌سەفەری!

چوویه ئەو جێیه که جوبریلی ئەمین ماتڵ ما
جێی حوزوور بوو، لەوه بەولاوه نەمابوو گوزەری

له مەسافا وەکوو کێویی و له بەزلا، بەحری
ئەی بە قوربانی بوڕاقت که سەراپا هونەری!

مۆجیزەت زۆره، له ئەژمار بەدەره بۆ 'کامیل'
هەر ئەوەند بەس که دەڵێم: خاوەنی 'شق‌القمر'ی!

١. چاپی جەعفەر: سەراپای وجوودت
٢. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: گەورە وو خاوەن...
٣. چاپی جەعفەر: سەرێ شێوا و کونەمشکی بە دڵ و گیان دەکڕی
٤. چاپی جەعفەر: تووشی بوو مەخسەرە و نەگبەت و سەد دەردی‌سەری
قاقڵاوا، ١٣٦٠ی هەتاوی
(لاپەڕە ١٤٤ و ١٤٥ ی چاپی ئەنیسی و ٢٣٩ و ٢٤٠ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit