ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٤٠. سەودا
بەیادی دڵبەری سەوداگەرم وێرانە ئاوا بوو
هەموو بازاڕ و شاری دڵ کەوا بێ شەوق و سەودا بوو

گلەی پێم هاته سەر، چونکه سەرم دانا له پێناوی
به سەر چووم، ڕاسته ئەم سەودایه سەودایێکی بێ‌جا بوو١

به ڕەمزی چاوی مەستی خۆت ئیشاڕێکی له دڵ فەرموو!
بزانه بۆچی بێ‌باده ئەوەنده شێت و شەیدا بوو

نیانه ڕەغبەتی شیرینی مەستان، ڕۆحی شیرینم٢
به ماچ وەرناگرن لێم، بەزمی ئێمه بۆیه سا وا بوو

که یادی دڵبەرم تەشریفی برده ناو دڵی زارم
له بەینی عەقڵ و عیشقم‌دا له سەر ئەو شۆخه دەعوا بوو

ئەمن کێم؟ دڵ له قیس‌چوو؛ کوێ دەچم؟ سارای جنوون؛ بۆچی؟
لەگەڵ مەجنوون ڕەفیق بم تا بزانم چۆن له لەیلا بوو

'ئیمامی' ماوەیەک بوو مەشقی ڕەمزی چاوی مەستی کرد
له‌پڕ مەستی به سەریا هات و سست و پەست و ڕیسوا بوو

١. چاپی جەعفەر: سەوداێیکی. دڵنیام دەبێ هەڵەی تایپ بێت.
٢. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: نییانە. لام وایە /یاء/ ی دووهەم زیادی بێت و لە خوێندنەوەی شیعرەکەدا زیان بە کێشە عەرووزییەکەی بگەیێنێت.
قاقڵاوا، ١٣٣٥ی هەتاوی
(لاپەڕە ٢٤ ی چاپی ئەنیسی و ١٧٥ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit