ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٣٨. ئەمشەو
چ خۆش بەزمێکە، بەزمی یارە ئەمشەو١
دڵم جێ ڕاوگەیی دڵدارە ئەمشەو

دەڵێن یارم له شەودا دێ و له خەودا
له بێداری دڵم بێزاره ئەمشەو

سەبا! موژدەی بەره بۆ شاری عوششاق
که مەجلیس خۆش و بێ‌ئەغیاره ئەمشەو

له نێو پێچ‌پێچی زولفی، بولبولی دڵ
خەریکه دێ و دەچێ، سەییاره ئەمشەو

گوڵی دڵ سیس و پەژمورده و چەمیبوو٢
به وەسڵی یاری شەونمداره ئەمشەو

وەکوو یۆسف له زیندانێ وەدەرکەوت
به سەد عیززەت عەزیزی شاره ئەمشەو

له وێرانەی دڵمدا ئێسته دڵدار
به‌بێ میننەت شوکور میعماره ئەمشەو

تەماشا قافیه و شێعرم له شۆقی
چ مەوزوونه و چ چابوک‌سواره ئەمشەو

له جەولانگەی سەنا و تاریفی یارم
قەڵەم ئەسپێکی تەعلیم‌داره ئەمشەو

ئەگەر موو بێ لغاوی، نایپسێنێ٣
ئەگەرچی کارەکەی هەر غاره ئەمشەو

ڕەقیب زانی به کار نایه نەمامی٤
له خۆی بێزاره، تاروماره ئەمشەو

عەسەس بێکاره ما، دەرچوو له مەیدان
کوتی سەردەرکه ماڵ بسیاره ئەمشەو

'ئیمامی'ش وا له سایەی قەندی لێوت
وەکوو تووتی شەکەرگوفتاره ئەمشەو

١. چاپی جەعفەر هەموو ڕەدیفی 'ئەمشەو' ی چاپی ئەنیسی کردۆتە 'ئەوشۆ'. من وەک خۆیم لێکردەوە.
٢. چاپی ئەنیسی: چەمی بوو
٣. چاپی ئەنیسی: نای پسێنێ؛ چاپی جەعفەر: ئەگەر موو بێ، لغاوی نایپسێنێ
٤. چاپی جەعفەر: بەکار نایە 'ئیمامی'
قاقڵاوا، ١٣٣٥ ی هەتاوی
(لاپەڕە ٤٥ و ٤٦ ی چاپی ئەنیسی و ١٧١ و ١٧٢ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit