ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٣٢. خەرمانی مەینەت
ئەوا بای وادە هات و سەوزە چیمەن
بەهەشته گوڵشەن و سەحرا، به دیمەن

بەڵام بۆ من چ بای واده، چ پاییز١
ڕەفیقان بانگی کاروانی هیوا کەن!

بەبێ ئازیزی دڵ، خێڵ ڕەنجەڕۆیە
کەژاوەی ژینی تاڵ ناگاته مەعدەن

بە خۆی ما دڵ، که دی نێرگس له باخان
به چاوی جوانی دەڕوانێته گوڵشەن

دڵم ما هەڵوەدا و موبتەلای ئەو
چ بێ مەڵبەند و جێگا، ماڵ و مەسکەن!

دڵم دۆش‌ما بە لای خەرمانی مەینەت
بەبێ هاواڵ و داوەڵ، بێ‌کەس و شەن

بەبێ ئازیزی دڵ مەرگی 'ئیمامی'
نزیکه، دا بڵێ بێن گۆڕهەڵکەن

١. دڵنیا نیم شاعیر خۆی ئەم وشەیەی چۆن نووسیوە بەڵام بە بۆچوونی من دەبێ بە شێوەی 'پایز' بنووسرێت. 'پاییز' شێوە فارسییەکەیەتی و نووسینی شێوازی کوردیی وشەکە زیانێک بە 'فعولن' ی کێشە عەرووزییەکە ناگەیێنێت. زمانی کوردی لەژێر کارتێکەریی زۆری زمانی فارسیدا دەناڵێنێت و حەق نییە ڕەوتی ئەو کارتێکرانە خێراتریش بکەینەوە. هەردوو چاپی ئەنیسی و جەعفەر بە شێوەی 'پاییز'یان تۆمار کردووە و منیش نەمویستووە بیگۆڕم بەڵام بۆچوونم ئەوەیە کە ڕامگەیاند.
قاقڵاوا، ١٣٦٠ی هەتاوی
(لاپەڕە ٦٨ ی چاپی ئەنیسی و ١٥٩ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit