ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٣١. تینووی شەواو
خزمینە! وەکۆبن کە ئەگەر عاقڵ و پیاون
بیرێ له کەس‌وکارو که مردوون و نەماون١

کوا یار و ڕەفیق و کەس‌وکار، دایک و بابو٢
چۆن ڕۆیین و کوێ چوون و چ بوو پڕش و بڵاون؟ ٣

ئێوەش وەکوو ئەو عالەمه ڕۆین، له سەفەردان٤
هەرکاتێکو زانی که لە ناو جەنگەیی داون٥

ئێستەش که خەیاڵو له سەروپرچی بڵاوە٦
باش تێ‌بگەن ئەو بیر و خەیاڵه هەموو خاون!

هەر گیا و گوڵوکاتێ دەبینن، هەموو ئەعزان٧
دەست و سەر و پێ و چانەگە وو زاره شکاون

شین بوون له زەوی و باغ و چەمەن، جۆگە وجۆبار٨
ڕێک ‌داغ له دڵن، چونکه له هاواڵێ بڕاون

ئەو نێرگسی بۆنخۆش که ڕواون له دەرودەشت
نێرگس نییه، بڕوانه، به دیتن وەکوو چاون

چاوێ دەخشێنن له کوڕوکاڵی وڵاتێ
یانی هەموو پەتیاره وەکوو بڵقی سەرئاون

ئەو سووره‌گوڵی گەش که دیارن له کەژ و کۆ٩
گوڵ نین و هەموو خوێنی گەشی لاوە، ڕژاون

سوێسن که لە پێش چاو گوڵی سەرشین و جوان بوو١٠
زارێک و زمانێکی جوان بوون و دواون

ئەو سەروه بەژن ‌بەرزه و سەرسەوز و جوانە، ١١
بەژن و قەد و باڵان و به ڕووسووری ژیاون

ئەو بەژنه بڵندانه بە هۆی ئاوی ئەوین بوو
چەند ماوه له باغ مان و کەچی هەر نەچەماون

بڕوانه وەنەوشه دەدرەوشێ به دروشمێ
بسکێکی پەرێشانه که زۆر شانه کراون

بولبول! من و تۆ عاشقی خونچەی وەکوو زارین
پێناکەنێ بۆمان که شەوێ ئاو نەدراون

ئەوشۆ وەره با پێکەوه بگرین له گوڵوکات١٢
چونکه گوڵی باغی هەموو تینووی شەواون١٣

١. دیوانی چاپی جەعفەر: کاروو
٢. چاپی ئەنیسی: داییک و بابو؛ چاپی جەعفەر دایک وبابوو
٣. چاپی ئەنیسی: پەخش وبڵاون
٤. چاپی ئەنیسی: ڕۆێین
٥. چاپی جەعفەر: کاتێکوو
٦. چاپی جەعفەر: خەیاڵوو
٧. چاپی جەعفەر: گوڵووکاتێک. گەرچی واهەیە بەو گۆڕانە جیاوازییەک لە کێشی شیعرەکەدا پێک بێتبەڵام هەردوو شێوەی وشەکە لێرەدا دەگونجێن.
٨. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: جۆگەوو جۆبار. لام وایە ئەگەر دوو وشەکە لە شێوەی ئاساییدا بنووسرێن و /واو/ێکی عەتف بخرێتە نێوانیان، خوێنەر لە خوێندنەوەیدا تووشی گرفتێک نابێت و بەو بۆنەیەوە لام وا نییە دانانی دوو /واو/ پێویست بکات. ئەم بیدعەتە تەنیا بۆ شوێنێک باشە کە ئەگەر دوو /واو/ دانەنرێت لە خوێندنەوەی شیعرەکەدا گرفتێک بێتە پێشێ. ئەو ووردەکارییە زمانەوانیانە نابێ بهێنرێنە ناو نووسینی ئاساییەوە.
٩. چاپی ئەنیسی: دییارن
١٠. چاپی جەعفەر: سەرسەوز
١١. چاپی ئەنیسی: سەرشین و جووان بوو؛ چاپی جەعفەر: سەرسەوزە جوانە. هەرسێ شێوازەکە لەباری واتاوە کێشەیەکیان نییە و کێشی شیعرەکەش تێک نادەن. خۆزیا دەستخەتی شاعیرمان بدیایەت بۆ ئەوەی بزانین خۆی چۆنی بۆچووە و ئێمە لەخۆوە دەستکاری نەکەین.
١٢. چاپی جەعفەر: گوڵووکات
١٣. چاپی جەعفەر: تینویی.
قاقڵاوا، ١٣٤٢ی هەتاوی
(لاپەڕە ١٥٢ و ١٥٣ ی دیوانی چاپی ئەنیسی و ١٥٧ و ١٥٨ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit