ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٣٠. حاسڵی من
وەی که هەر کاتێ شین ببێ گوڵی من
که بپشکوێ، چ خۆش دەبێ دڵی من

ڕابوەستن هەتا دەگاته بەهار
جا دەبینن گوڵیش له سەر گڵی من

ئەوکەڕەت کیژوکاڵ له من پرسن
تێدەگەن باش که قەبره مەنزڵی من

مەنزڵی چی؟ پڕه له خیز و بەرد
پاکی هەر دڕک‌وداڵه باخەڵی من

کەسێ بچنێ گوڵێک له سەر گۆڕم
هەڵدەچێ زوو له دەستی پێکوڵی من

بەرهەمی ساڵیانەکەم پرسن
سەری خەرمان جەفایه حاسڵی من

من به 'ئاوات'ی خۆمەوه سووتام
داخۆ کەنگێ بڵند بێ مەشقەڵی من
قاقڵاوا، ١٣٦٣ی هەتاوی
(لاپەڕە ٥٥ و ٥٦ ی چاپی ئەنیسی و ١٥٦ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit