ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٢٤. ڕێبەری سیادەت
بڕوانە کاروباری خوداوەندی ئینس و جان
قودرەت‌نوێنی بەرز و نەوی، عەرز و ئاسمان١

چی‌کرد قەزا که ئێمه سەراسیمه بووین هەموو
بۆ ئەم دڵه پەرۆشه هەموو بووینه شەمعدان

دەستی قەزا دڵی هەموو توێ کرد وەکوو کەباب٢
سەیرە، چزەی کە دێ لە کەبابخانەیی دڵان٣

باکەی خەزان درەخت و گوڵی داڕنی هەموو
سەد باغەوان به پووڵێ، نەما شۆقی گوڵستان

دار و چنار و عەڕعەڕ و کاجیش کز و کوڵۆڵ٤
سەرویش وەلەرزه کەوت و له خاکی چەمەن چەمان

یانی خەزانی هەردوو گوڵ و دڵ دەگەڵ یەکە
بۆته ڕەقیبی بولبول و کەوتوونه سەر فوغان٥

ئاه‍ و فوغان و ناڵەیه، هاواره، نەوحەیە
شینه، گرینه، سۆز و گودازه له چیمەنان

ئەو زیبی گوڵستانی ئیرەم بۆچی ڕۆیوه؟
ئەو ڕێبەری سەیادەته بۆچی بووه نیهان؟

مزگەوت و حەوش و مەدرەسه چۆڵ بوو، نەما کەسی٦
بێ‌شەوق و زەوق و زەمزەمەیه ئێسته حوجرەکان

دەوری فەقێ به ناڵەیه، دەرسی به شیوەنە
ئەمڕۆ مەلاش به لارەملی بۆی دەکا بەیان

'کامیل'! فیراقی مامته تۆی کرده کۆی زوخاڵ
'الله معک'، وەدووی کەوه، بمره به ئێش و ژان

١. چاپی ئەنیسی: نووێنی
٢. چاپی ئەنیسی: تووێ کرد
٣. ئەم فەردە لە چاپی جەعفەردا نەهاتووە
٤. چاپی ئەنیسی: کڵۆڵ.
٥. چاپی ئەنیسی: کەوتونە
٦. چاپی ئەنیسی: نەما کەسێ. لام وایە 'کەسی' واتای ڕستەکە باشتر بگەیێنێت واتە کەسی حوجرەکان نەک هیچ کەسێک بە شێوەی ڕەها.
قاقڵاوا، پایزی ١٣٣٨ی هەتاوی
(لاپەڕە ١١٠ و ١١١ی چاپی ئەنیسی و ١٤٨ و ١٤٩ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit