ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٢١. با بسووتێم
خۆشە پێم شەم بم، لە نێو جەرگ و دڵی شەودا بسووتێم
ببمه ڕووناکیی ڕەفیقان، خۆشم هەر تەنیا بسووتێم١

یا وەکوو مەجنوون به ئاوری عیشقی لەیلا بێ‌وەفاکەم
لەو کەژ و کێوانه وەک دێوانه و شەیدا بسووتێم٢

زۆر لە‌مێژه ئارەزوومه شەوچرای من دەرکەوێ، تا
من، وەکوو پەروانه، خێرا بێم و بێ‌پەروا بسووتێم

بۆم بدا دەست، ساعەتێ لەیلا بگرمه باوەشی خۆم
پاش نەمانم با له نێو ئاوری جەهەننەمدا بسووتێم

هەر له تاوکەوتن هەتا ڕۆژپەڕ، شەوێ تاکوو بەیانی
وەک کەباب هەر قرچە‌قرچم بێ، بڵا هەروا بسووتێم٣

با له نێو بۆتەی ئەوین‌دا قاڵ ببم، بتوێمەوه باش
لێم‌گەڕێن تۆخوا، جەهەننەم! با ببرژێم، یا بسووتێم

نەک بڵێن ناقیس بوو، خاو بوو، هۆنەرێکی 'کامیل'م من٤
با بەرابەر کا لەگەڵ ئیسمم موسەمما، با بسووتێم

١. چاپی ئەنیسی ڕوناکی ڕەفیقان؛ چاپی جەعفەر: ڕووناکی ڕەفیقان چاپی ئەنیسی: تەنیا، بسووتێم
٢. چاپی ئەنیسی و جەعفەر: دێوانەوو شەیدا
٣. چاپی ئەنیسی: بەڵا هەروا بسووتێم
٤. چاپی ئەنیسی: خام بو
قاقڵاوا، ١٣٣٣ی هەتاوی
(لاپەڕە ١٩ ی چاپی ئەنیسی و ١٤٥ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit