ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٢٠. دەستی ماندوو و زگی برسی
دەبێ بگریم، بناڵێنم، هەتا هەم
به دڵ بکوڵێم و بگریم هەروەکوو شەم١

ببارێنم له چاو فرمێسکی گەرمم
له داوێنم بکەم کۆشێ خەم و نەم٢

لە سەر زگ چۆنی دانێم دەستی ماندوو!
زگی تێرم نییه، برسیم هەموو دەم

دەم و ژەم خەم دەخۆم و خەم دەنۆشم
به خۆراک و بە خەو دڵ‌خۆشی ناکەم٣

بەڵای لێدا له خورد و خواردنی وا٤
وەڕەز بووم من له ژینی هێنده حەستەم

چلۆن بفڕم، پەڕوپۆم هەڵوەریوە!
چلۆن خۆڵ کەم به سەردا، دەسته بەستەم!

به دەستی کێ بکەم خاکێ به سەردا!
له دەورەم جەغزی کێشاوه مژ و تەم

خودایه! تۆ حەکیمی بۆم بنێرە
دەوای دەردم، له زۆر، زۆر و له کەم، کەم

کەم و زۆرت له لایه و زۆر و چاکە
هەموو ڕەحمه و کەرەم، هەر لوتفه سەرجەم٥

١. چاپی ئەنیسی: بوکڵێم
٢. چاپی ئەنیسی: کۆشی
٣. چاپی ئەنیسی: بە خواردن و خواردنەوە دڵخۆشی ناکەم
٤. چاپی ئەنیسی: بەڵای لێدا لەر خواردن و خوارنەوەی وا
٥. چاپی ئەنیسی: کەڕەم
قاقڵاوا، ١٣٤٧ی هەتاوی
(لاپەڕە ٤٩ و ٥٠ ی دیوانی چاپی ئەنیسی و ١٤٤ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit