ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١١٢. شەونم
لە عومری کورتی خۆی١ چاوم گلە تا سەر دەکا شەونم
به لێوی پێکەنینی خونچه چاوی تەڕ دەکا شەونم

مەکه تۆخوا٢ دەگەڵ وی باسی عومری زۆر درێژ ئەی گوڵ!
دڵی سافه، وتەی٣ وا، گیانه، زوو باوەڕ دەکا شەونم

فریوی هەر هەوەسبازێ مەخۆ ئەی تازەگوڵ، ئامان!
سبەینان ئارەزووی یارێکی دی و هاوسەر دەکا شەونم

دەماخی بەرزه گەرچی قەترەیێکی نێو گوڵووکانە
شەو و ڕۆژ ڕوو له ڕۆژ و مانگ و لای ئەختەر دەکا شەونم

ئەسیری ڕەنگ و بۆ نابن ئەوانەی پاک و دڵ‌سافن
شەوانه تا بەیانی تاق و تەنیا سەر دەکا شەونم

له گوڵزارێ که 'کامیل' خونچەیی بیر و خەیاڵ ئەچنێ
لەسەر گوڵ هەر شەرابی ساف و ڕوح‌پەروەر دەکا شەونم

١. چاپی جەعفەر: لە عومری کورتی خۆم
٢. چاپی ئەنیسی: خووا
٣. چاپی ئەنیسی: ووتەی
بۆکان، ١٣٤٩ی هەتاوی
(لاپەڕە ٢٥ ی چاپی ئەنیسی و ١١٢ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit