ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١١٠. تەرازووی خێر و شەڕ
حیسابی خۆم دەکرد ئەمڕۆ لەگەڵ ئیحسان و عیسیانم
کەچی ئەم گەییه ئاسمان، ئەو له عەرزه، ماڵی وێرانم!

تەرازووی خێر و شەڕ ئێستا کەوایه، ئەی خودا ڕەحمێ!
له عیسیانم کەسر که، بیخه تای خێرات و ئیحسانم

بەبێ تاعات و خێر و زیکر و فیکر و چاکه، سەرشۆڕم
لە نێو عالەم چلۆن تا ئێسته ماوم، چۆن بوو؟ نازانم!

بەشەر میوانه یا ڕەب تۆی که خاوەن سفرە و خوانی! ١
بە‌ڕێز گیراوه میوان و لەسەر ئەو سفره میوانم

ئەگەر فەرمووت بڕۆ لەم سەرزەمینه، دەچمه ژێر عەرزی
بەڵام لەو ژێرزەمینەش‌دا توفەیلی خوانی سوڵتانم

بە ڕەحم و لوتفی تۆوه گەر بڕۆم باکم نییه هەرگیز
ئەگەرچی جێم لە ژێر عەرزه، لە سەر تەختی سولەیمانم

سەراپا نوورم و ڕووناک، ئەگەر لوتفت لەگەڵ من بێ
بە شەوق و زەوقەوه دەمرم، شەمی شامی غەریبانم

ئەگەر لوتفت نەبێ، دوور بێ، له تاریکیی و تەنیایی٢
قڕم دێت و دەڵێم: کوا یارەکانی جاری‌جارانم؟

لە ژێر باری گرانی مەعسیەت لەو گۆڕەدا 'کامیل'
دەڵێ: ئەی خاک ‌بەسەر خۆم! کوا ئەمن ئەو کۆڵه دەتوانم؟

١. هەردوو چاپی ئەنیسی و جەعفەر: خاوەن سفرە وو خوانی
٢. چاپی ئەنیسی: تاریکی یو تەنیایی
زەنبیل، ١٣٣٠ی هەتاوی
(لاپەڕە ٤ ی چاپی ئەنیسی و ١٢٦ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit