ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
١٠١. بێ هەستم
لەمێژە من کە زەدەی غەمزەیی دوو نێرگسی مەستم
وەداوی زولفی کە کەوتم، بە شێتی چابوو خەلەستم١

دڵی پساندم و ڕۆیی، بەڵام بەوەم چا بوو
گەڕاوە لام و بە تایێکی بسکی وی، بەستم

هەڵاوەساوە دڵ و من لە دووی لەپێ کەوتم
مەگەر بە ڕەوڕەوە گاگۆڵکە کەم، لەپێی خستم!

بە پیری سەیرە چلۆن بوومە پەندی پیر و جحێڵ
وەکوو هەڵاڵە لە دەشتی گوڵام و پێ پەستم

کە دێتە باغ بە خەیاڵم لە دەست و پێی هاڵێم
کەچی بەداخەوە خۆ بەند نەبوو لەوێش دەستم

جنێوی دابوو بە من یار بە لێوی شیرینی
منیش شەوێکی بە بێدەنگی چوومە لای، گەستم

لەوێ شەوێ دەم و لێوی 'ئیمامی' چەسپاوە
وتەی نەماوە، ئەوا بۆیە ئێستە بێ هەستم

١. چاپی ئەنیسی: وەدوای. دیارە دەبێ هەڵەی تایپ بێت دەنا ئەرکانی کێشی شیعرەکەی پێ تێک دەچێت و دیارە نە ئاوات وای نووسیوە نە ئەنیسی وای ویستووە.
قاقڵاوا، ١٣٤٥ی هەتاوی
(لاپەڕە ٢٩ و ٣٠ ی چاپی ئەنیسی و ١١٤ ی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit