شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: بێ هەستم سەبارەت: قاقڵاوا، ١٣٤٥ی هەتاوی - (لاپەڕە ٢٩ و ٣٠ ی چاپی ئەنیسی و ١١٤ ی چاپی جەعفەر) لەمێژە من کە زەدەی غەمزەیی دوو نێرگسی مەستم وەداوی زولفی کە کەوتم، بە شێتی چابوو خەلەستم١ دڵی پساندم و ڕۆیی، بەڵام بەوەم چا بوو گەڕاوە لام و بە تایێکی بسکی وی، بەستم هەڵاوەساوە دڵ و من لە دووی لەپێ کەوتم مەگەر بە ڕەوڕەوە گاگۆڵکە کەم، لەپێی خستم! بە پیری سەیرە چلۆن بوومە پەندی پیر و جحێڵ وەکوو هەڵاڵە لە دەشتی گوڵام و پێ پەستم کە دێتە باغ بە خەیاڵم لە دەست و پێی هاڵێم کەچی بەداخەوە خۆ بەند نەبوو لەوێش دەستم جنێوی دابوو بە من یار بە لێوی شیرینی منیش شەوێکی بە بێدەنگی چوومە لای، گەستم لەوێ شەوێ دەم و لێوی 'ئیمامی' چەسپاوە وتەی نەماوە، ئەوا بۆیە ئێستە بێ هەستم ١. چاپی ئەنیسی: وەدوای. دیارە دەبێ هەڵەی تایپ بێت دەنا ئەرکانی کێشی شیعرەکەی پێ تێک دەچێت و دیارە نە ئاوات وای نووسیوە نە ئەنیسی وای ویستووە. ++++++++++++++++++++++