ئاڵەکۆک

سابیر ڕازی add_a_photo
ئاخ بۆ خەسرەوخان، ئاخ بۆ خەسرەوخان
ئاخ بۆ (خەسرەوخان) خانی خانەدان
دارای گەنج و ماڵ خاوەن سپا و سان
ئازا و چاونەترس شێری ڕووی مەیدان
دەست و دڵ خاوێن بەڕەحم و ویژدان
ئەو بەخشەندەیە بە دڵی نەرمی
بەشەوق و زەوق و بە هەستی گەرمی
بۆ ڕاوو شکار بێ بۆ ئەم کێوە
ئەم (کێوە)ی منی (دێوانە)ی پێوە
بەچاو ببینێ جەستەی پەشێوم
وەک جانەوەری ناو دەشت و کێوم
بەزەیی یەکی بێ بە دیدەی نمناک
بە ئێشی زامم، بە لاشەی سەرخاک
بە ڕوت و قوتیم، تەنیایی، چۆڵم!!!
بە سەرینی بەرد، گیانی ناو خۆڵم
بە بێ کەسی یو سەرگەردانیم دا
بە زامی سەختی بێ ئامانیم دا
بە ئاه و ناڵەی نیوەشەوم دا
بە ڕاپەڕینی شیرین خەوم دا
بە نامورادی و ڕەشی بەختم دا
بە ناڵەی گەرم و زامی سەختم دا
بە شێواوی بەخت، شوومی چارەم دا
بە تکەی خوێنی جەرگی پارەم دا
بە کڵپەی گڕی ئاگری جەستەم
بە گیانی کفتی پڕ ئێش و خەستەم
دڵی بێتە جۆش کە دی ئەحواڵم
بپرسێ کوشتەی کام نەونەهاڵم
تێ بگا کە من لێرە چی ئەکەم
بووم بە (پەروانە)ی گڕی گۆنای (شەم)
سەرمایەی شادیم کێ زەوتی کرد لێم
(پەری)ی کام جێ بوو هیچی نەهێشت پێم
(وەلی) بە خەیاڵ (نۆفەل) یاد ئەکا
خۆی بە ڕوناکی (شەم)ی شاد ئەکا
خۆزگە خەیاڵم بە ڕاست ئەگەڕێ
دەلیلێکی وام بهاتایە ڕێ
یا بە گەنج و ماڵ یا بە زۆری چەنگ
شادی کردایە (پەروانە)ی دڵ تەنگ
بەخشەندە بایە بەوێنەی (حاتەم)
(شەم) بستێنێ بۆم، من شادکا بە (شەم)
بەڵام، ئاخ! چی بکەم لە ڕۆژگارم
دڵسۆزێ نیە بێ بە هاوارم
مەگەر (یەزدان)ی خاوەن دەسەڵات
لەم بەندە سەختە ڕزگارم بکات
ئەینا ئەو (بەند)ەی وابە پێمەوە
هەتاکو مردن پێی ئەتلێمەوە

پەراوێز edit