داخ هاتە سەر داخ، داخ هاتە سەر داخ
ئێش هاتە سەر ئێش داخ هاتە سەر داخ
لە داخی دووری شای بوڵەند دەماخ
من گەرمای (گەرمێن) ئەو فێنکی (لەیلاخ)
ئاخ و داخ و دەرد لە لام مایەوە
ماڵی باوانی نەگەڕایەوە
ئەم ساڵ نەوبەهار لای من (دەیجور)ە
چونکە چاوانی لە چاوم دورە
ئەوا لە کوێستان لەوپەڕی خۆشی
من مام لە (گەرمیان) بۆ زوخاو نۆشی
ئەترسم بازی بازاڕی گەردوون
لە گەردولولی چەرخی دونیای دوون
(مەجنون) بە ئازار سەری نایەوە
خەم بۆ (فەرهاد)ی هەژار مایەوە
یەک یەک یارانی لە ژین بێزار کرد
ڕۆژی ڕوناک یان بەشەوی تار کرد
بە جۆرێ عەشقی (مەجنون) تاوی سەند
بناغەی ژینی لەبێخا هەڵ کەند
ئەترسم بەختی ناپوختم وابێ
میراتی ئەوان بۆ من جێ مابێ
(شەم)م بە هاودەم (ابن سلام) بێ
منیش تا ماوم ئازار سزام بێ
خوایە ئەو بارە نەنێیتە شانم
گەر هاتوو ڕوی دا زوو دەرچێ گیانم
مەرگ چاکترە بۆ من لەو ژیانە
گۆڕ زۆر خۆشترە بۆم لەو زیندانە