ئاڵەکۆک

سابیر ڕازی add_a_photo
ڕوناکیم لەسەر، ڕوناکیم لەسەر
هەرمن نیم سەودای عەشقی تۆم لەسەر
وێنەی من زۆرە، لەت و پەت جگەر
لە عەشقی باڵات وێڵن، دەربەدەر
هەرلایەک ئەچم هەرباسی تۆیە
هەرکەس ئەبینم هەراسی تۆیە
لەناو جواناندا جوانیی تۆ تاکە!
شاهان حەسرەت مەند گەدا خەم ناکە
چەند موسوڵمانت تۆ بە (نارت) کوشت
بە نیگات خوێنی چەن دڵدارت ڕشت
چەند موڕشید شێت بوون، چەند سۆفیان وێڵ
دڵ بەستەی عەشقت لاوانی گشت خێڵ
(فەقێ)ت ڕیسوا کرد، (مەلا) سەرگەردان
(شێخ) دەربەدەر بوو، (دەروێش) لە هەردان
وێنەی پەروانە و بولبول شەیداتن
دڵانی پڕدەرد هەر لە سەوداتن
تۆ وێنەی (تەرسا) جوان و نازەنین
پیری (سەنعان)یی لائەدەی لە دین
ئەوڕۆژە جوانیت خوا کردی پەیدا
سۆفی و دەروێش و موڕشید، بوون شەیدا
لە چاووت هەی داد لە باڵات هەی ڕۆ!
سەرسام! سەرگەردان! عالەم لە تاو تۆ
لە شاران هاوار، لە خێڵان غەوغا
هەرکەس ئەبینم خەم ناکەو شەیدا
گەر (فەرهاد) و (قەیس) بزانن خەبەر
دووبارە لە خاک سەردێننەدەر
دێن بە هەیاهووی قیامەتەوە
ببینن جوانی لەم قامەتەوە!
هەتا زیندووبم شای (شەم) جەبینم
شێت و خەم بارم دڵ ماتەمینم

پەراوێز edit