ئەی نائومێدی، ئەی نائومێدی
ئەی ڕەنجەڕۆیی، ئەی نائومێدی
یاران ڕۆژڕەشی وەک من کوا؟ کێ دی؟
دەردی مەجنونم هێناوەتە دی
شاخ و هەرد و چۆڵ گەڕام سەرانسەر
لە توناوتونی (بابا) چوومەدەر
هەردی (نجد) گەڕام جێی (قەیس)ی داماو
وێنەی (پەروانە)ی پەڕوباڵ سوتاو
هاتمە ئەو شوێنەی ماوام قیبلەم بوو
ئەو جێگەی کە زوو! جێ و ڕێی (شەم) بوو
چیم دی؟ هەواری چۆڵ و وێرانە
بایەقوش تیایا کردبوی لانە
نەمابو دەنگی هەیاهوی جاران
بێ خشپەو سامناک وێنەی موغاران
پرسیم بایەقوش هاودەردی دەردم
دۆستی هاوڕاز و هەناسەی سەردم
من (پەروانە)کەی وێڵ و (دێوانە)م
جێ گیری (قەیس)ی ڕیسوای زەمانەم
پەڕوپۆ سوتاو لەخێڵ جێ ماوم
تیری عەشقی (شەم) لە جەرگی داوم
بایەقوش وتی شێتی سەوداسەر
ڕیسوای زەمانە، وێڵی دەشت و دەر
خێڵ پێچایەوە چووۆ بۆ (لەیلاخ)
بۆ من جێی چۆڵ ما، بۆ تۆش ئاخ و داخ
لە شومی چارەم من واماومەوە
بە نائومێدی بەسەودامەوە
ئاخ! چی بکەم لەدەس چەوتی زەمانە
ڕوو لە هەرکوێ کەم بۆتە وێرانە