ئاڵەکۆک

سابیر ڕازی add_a_photo
باڵندەی تیژباڵ، باڵندەی تیژباڵ
قازان، قوڵەنگان، مەلانی تیژباڵ

بۆم بکەونە ڕێ سا بە هەر ئەحواڵ
بچن بۆ ئێڵاخ شوێنی دیدەکاڵ

بگەڕێن لوتکەی چیای لەیلاخان
هەوارگەی خۆشی بڵند دەماخان

ئەبینن ڕەشماڵ چەند هەڵدراوە
جوانان لەناویا شانیان داداوە

پۆل پۆل وەک پەری نازدارانی جاف
جوان و نازەنین گەردن شووشەی ساف

هەموو خان‌ومان کۆڵوانە لە کۆڵ
ئاڵا و واڵا پۆش، جوان و گورج و گۆڵ

یەک یەک شۆخانی ئێڵی مورادی
لەکوێستان لەگەڵ قیبلەم بە شادی

بگەڕێن بەسەر گشت ڕەشماڵاندا
سووڕ بخۆن بە لای سۆسەن‌خاڵاندا

خەبەرکەنەوە خەوتووان لە خەو
با ئاگاداربن ڕۆیی تاری شەو

جوانان لەگەڵ شەم ڕوومەت وەک هەتاو
لەوێ هەموویان ئەبینن بە چاو

خۆزگە وەک ئێوە منیش مەل ئەبووم
بە باڵ ئەفڕیم، بۆ جێیە ئەچووم

بەهێزی باڵم ئەچووم بۆو جێیە
ئەو شوێنه ئێستا ون‌بوومی لێیە

تا ( شەم )م لەگەڵ پۆلی جوانان
تێر بەچاو ئەدی کە دێ بۆناو ڕان

ئەمە یەکێکە لەهۆنراوەکانی شاعیری مەزنی هۆزی جاف و تیرەی کەماڵەیی، وەلیدی کوڕی کوێخا محەممەد ناسراو بە (وەلی دێوانە) بۆ مەعشوقەکەی شەمسەی کوێخا قادری کەماڵەیی ناسراو بە ( شەم )، دوای ئەوەی کە وەلی شەم مارەدەکات لە (هۆبەتوو)ی ناوچەی (دیواندەرە )، باوکی شەم بە باوکی وەلی ئەڵێ کوێخا محەممەد با ئەمساڵ بە دەزگیرانی بیان هێڵینەوە تا لە کوێستان بگەڕێنەوە بۆ گەرمیان. هەر دوو لا بەچاکیان زانی، بەڵام کەس نازانێ چارەنووس چی دیاری دەکات و چی ڕێک دەخات، تا ڕۆژێ قەدەر کڵپەی بە ئاگری ناکۆکی کردوو لەسەر لەوەڕگە و پووشی دەشت ناخۆشی کەوتە نێوان هەردوو خانەوادەکە، بووبە لێکدان و یەکتری دانە بەرتەقە، هەتا شەوێک هاتنە سەر دەواری ماڵی باوکی وەلید و تەقەیان کرد لە دەوارەکانی کوێخا حەمەسوور، کوڕێکی تری دەبێت لە وەلی مناڵ تر دەبێت ئەکەوێتە بەرتەقە و ئەکوژرێ، بەمە کۆستی وەلیدی قوربەسەر دەکەوێ، دیسان کوێخا محەممەد لە تۆڵەی کوڕەکەی دوو پیاو لە بنەماڵەی کوێخا قادر دەکوژێ، ئیتر بەتەواوی ئاگری شەڕ و ئاگری دڵی وەلی کڵپە ئەکات و پەرە دەسێنێ، وەلیدی داماو ئیتر تەنانەت ناشتوانێ لەدووریشەوە شەمسە ببینێ. ئیتر لەوپەڕی نائومێدی و دوورەپەرێزی دا ئەم شیعرەی گوتووە.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit