ئاڵەکۆک

سابیر ڕازی add_a_photo
هەرمن خەم‌بارم، هەرمن خەم‌بارم
هەرمن خەمگینم، هەرمن خەم‌بارم

هەرمن «پەروانە»ی «شەم»ی گڕدارم
هەرمن ئاوارەی ڕێی ڕەش و تارم

هەرمن ئەستێرەی بەختم گیراوە
هەرمن لە شەش‌لا ڕێگەم تەنراوە

هەرمن وەک «مریخ» جیام لە ڕوناکی
هەرمن بەدناویم پچڕی بە تاکی

هەرمن پەرێشان ئێش و ئازارم
هەرمن گیرۆدەی دەس ڕۆژگارم

هەرمن ئاڵۆز و شێواوە بەختم
هەرمن سزاکێش ئازاری سەختم

هەرمن لە گێژی خەما خنکاوم
هەرمن وەک «مەجنون» دەربەدەر ماوم

هەرمن لە بەختم ڕاستی نەماوە
هەرمن وەک «فەرهاد» جەرگم بڕاوە

هەرمن فریشتەی شادیم نوستووە
هەرمن وێنەی «قەیس» «سارا»م گرتووە

هەرمن لە پێنج فەرز وەستاوم ببێزار
هەرمن وەک «سەنعان» بەستومە «زنار»

هەرمن بە تانە جەرگم بڕاوە
هەرمن لە دونیا خۆشیم نەماوە

هەرمن «پەروانە»ی پەرێشان‌حاڵم
هەرمن دەرناچێ «شەم» لە خەیاڵم

هەرمن لە ئاسمان ئەستێرە وون‌بوم
هەرمن شەم‌ئاین لە «شەم» دور کەوتوم

هەرمن سەرزەوی گەڕام لە دوای «شەم»
هەرمن بەدناویم زڕا لە عالەم

هەرمن بۆ «شەم»م دڵ پڕئازارم
هەی یاران عیلاج، بێن بە هاوارم

پەراوێز edit