ئاڵەکۆک

سابیر ڕازی add_a_photo
یاران بۆ تارە؟ یاران بۆ تارە؟
ئەمساڵ نەوبەهار لە چاوم تارە

ژیان و خۆشیم وەک ژەهری مارە
دونیا لە چاوم (وادی‌القهار)ە

هەمووکەس لە کات جوانی نەوبەهار
شادە بە بۆنی گوڵان لە گوڵزار

من نەبێ، ئەمساڵ شادیم ناشاد بوو
نائومید دڵ‌تەنگ ڕەنگم بەرباد بوو

«بوڵبوڵ» شاد بە گوڵ، من دڵ توێ‌توێ بوم
ڕەنجەڕۆی جوانی بەهاری نوێ بووم

ئەمساڵ نەوبەهار خۆشتر لە ساڵان
بووژاوەتەوە سەوزە و گوڵاڵان

دەشت و قەتپاڵ و سارا و هەواران
گوڵ دای‌پۆشیوە جوان‌تر لە جاران

گوڵزار لە چاوی من دڕک و داڵە
سەوزە و گوڵ و گیا لام بێ جەماڵە

سەیری جوانی کەم ئاخم زیادکا
«لالە» لە دەرون داخم زیادکا

شکۆفەی تازە شێوەی «شەم» دێنێ
لە ناخا دڵم دائەچڵەکێنێ

بەهاری ئاوا... ، دۆستم لێ دووربێ
چاوم بە گریەی جیایی سوور بێ

خۆزگە سەت خۆزگە بە بەهاری پار!
هەموو بەیانیان ئەم‌دی باڵای یار

بەهاری ئەمساڵ گیری ئازارم
ئاواتەخوازی دیدەنی یارم

پەراوێز edit