ئاڵەکۆک

سابیر ڕازی add_a_photo
هەوری ڕەشی خەم، هەوری ڕەشی خەم
تۆ ڕەشت پۆشی منیش باری خەم

دەبا هەردوکمان بە دڵی پڕ ماتەم
من لە زەمین «ئاه»، تۆ ئاسمان «تەم»

تۆ بارانی‌ڕوون من فرمێسکی گەش
با دا چڵەکێ گەردونی سەرکەش

تۆ ئاوی‌چاوت بە شین و زاری
بڕێژەرەخوار تاوی بەهاری

من بە ناڵەناڵ لە ئێشی دەردم
بێتەدەر کزەی هەناسەی سەردم

با توفانی خۆر زەمین بماڵێ
هەڵ‌کێشی لەبن سنگی ڕەش‌ماڵێ

خێڵان لە تەمی ئاهی هەردوکمان
داگەڕێنەوە بێنەوە گەرمیان

تا کۆچی خێڵی جافی مورادی
پەیدابن لەگەڵ «شەم»م بە شادی

با هەردی گەرمیان بەوان بەفەڕ بێ
وەک بەهاری نوێ پاراوو تەڕبێ

توخوا هەوری ڕەش با هەردو وەک یەک
من لەسەر زەمین تۆ لەڕوی فەلەک

هەردوکمان بە جووت با بگرین بەتاو
پەیدا کەین تەم و هەیەجانی ئاو

ئەگەر بەم جۆرە لافاو هەڵ‌بستێ
خێڵ کوێستانان ئیتر ناوەستێ

کۆچی ڕەش‌ماڵان دێنەوە دامان
شاد ئەبین بەسەیر نەوتوڵ نەمامان

منیش شادئەبم بەسەیری «شەم»م
دڵم خۆش ئەبێ نامێنێ غەمم

هاتوو بە باڵای نەمامی بووم شاد...
جەوری گەردونم نامێنێ لە یاد

پەراوێز edit