ئاڵەکۆک

سابیر ڕازی add_a_photo
ناسک، نازی «شەم»، ناسک، نازی «شەم»
ناسک، لەنجە و لار غەمزە و نازی «شەم»

ناسک، برۆی‌ڕەش قودرەت‌سازی «شەم»
ناسک، باڵای بەرز چاوی بازی «شەم»

ناسک، دو لێوی بە هەنگوێنی «شەم»
ناسک و شیرین پێکەنینی «شەم»

ناسک، گەردنی شوشەی بەرزی «شەم»
ناسک، سەرسینگی سەدەف‌تەرزی «شەم»

ناسک، پەرچەم و زوڵفی خاوی «شەم»
ناسک، گوفت و گۆی پڕگوڵاوی «شەم»

ناسک، ددانی گەوهەردانەی «شەم»
ناسک، نەخشی خاڵ لوتەوانەی «شەم»

ناسک، مەچەکی بێ‌وێنەیی «شەم»
ناسک، سەرپەنجەی بێ‌خەنەیی «شەم»

ناسک، سرکەیێ جوان‌پێچراوی «شەم»
ناسک و نازدار برۆ و چاوی «شەم»

ناسک، چەناکەی چاڵ و جوانی «شەم»
ناسک، دووپرچی بانی‌شانی «شەم»

ناسک، دووتیشکی خوابەندی «شەم»
ناسک، ناسکی‌ی کەمەربەندی «شەم»

ناسک، دیدەی مەست، بەخوماری «شەم»
ناسک، باڵای بەرز، وەک چناری «شەم»

ناسک، لاملی وێنەی بەفری «شەم»
ناسک، ئەگریجەی پڕ لە عەتری «شەم»

ناسک، بەرامی عەنبەرباری «شەم»
ناسک، پۆزی‌ساف شوشەکاری «شەم»

ناسک، سەرکوڵمی گوڵی سووری «شەم»
ناسک، ناوچاوی پڕ لە نووری «شەم»

ناسک، قامەتی خەرامانی «شەم»
ناسک، ناسکی بێ‌ئامانی «شەم»

ئەمە هەر «شەم»بوو بەم‌ناووداوە
هەزار «پەروانە»ی بە گڕ سووتاوە

لە پەنای نوری شای نەجەف ماڵ بێ
ناحەزی باڵای زوبانی لاڵ بێ

پەراوێز edit