ئاڵەکۆک

سابیر ڕازی add_a_photo
یاران خەم بارم، یاران خەم بارم
هەرمن سەرشێواو، هەرمن خەم بارم
هەرمن چاوەڕوان، نیە قەرارم
هەرمن ناساز و چەوتە ڕۆژگارم
هەرمن دڵ بەخوێن دیدە پڕ ئاووم
هەرمن لە خوێنی زامان تلاوم
هەرمن بە شیری خەم گۆش کراوم
هەرمن خاوەن دەرد هەم دڵ شکاوم
هەرمن هیجران بار من کەم دەماخم
هەرمن خانەخوێی پەژارە و داخم
هەرمن ئاوارەی کوچەی شارانم
هەرمن بەدبەختی ڕۆژگارانم
هەرمن دڵتەنگم لێوم بەبارە
هەرمن بە خەدەنگ جەرگم بوو پارە
هەرمن پەرێشان، هەرمن زوێرم
هەرمن بریندار پێکراوی تیرم
هەرمن چارەشوم ڕەشە ئیقباڵم
هەرمن لە جەوری گەردون ئەناڵم
هەرمن ناو جەرگم بە گڕ بریانە
هەرمن ناڵینم دەردی هیجرانە
هەرمن خەم بە خەم ئۆگری کردوم
هەرمن سەر تا پێم خەم وونی کردوم
هەر خاکی منە بە خەم شێلراوە
هەرمن بەرانم ئاواتوسراوە
هەرمن (دێوانە)ی دوور کەوتووی (شەم)م
هەرمن ڕەنجەڕۆ من هاوڕێ کەمم
(خەمە خۆراکم، خەمە بۆ بەرگم
خەمە نەشتەری داوە لە جەرگم
ئاخ و داخ و ئێش، هاوار و ڕۆڕۆ
ئەمانە هەموی لای من بوونە کۆ
شوکرم بە کردەت کارسازی کاران
ئەی ئاگاداری دڵەی بیماران
بە فەرمانی تۆ دروست کراوم
بۆچی لەقاپی تۆ دەرکراوم
بێ لە خەم و دەرد هیچت نەدا پێم
ڕوویەکی خێرت نەکردەوە لێم
دڵم لەت لەتە بە دەرد و مەینەت
نەخۆشیم بینی نەچەشتم لەززەت
ئەوەندەم خەفەت کۆکرد لەناو دڵ
وەختە گیان دەرچێ بمنێنە ناو گڵ)
ڕازی: لەم شیعرەوە من بە هی (وەلی) تێ ناگەم، بەڵام تێکەڵ بە شیعرەکانی (وەلی) بوەو بە هی (وەلی) ناسراوە منیش ناچار وەرم گێراوەو وەکو خۆی نوسیمەوە.

پەراوێز edit