ئاڵەکۆک

سابیر ڕازی add_a_photo
یاران لە جەرگم، یاران لە جەرگم
(شەم) شێوەی تیری داوە لە جەرگم
کەوتمە گیانەڵڵا دواکاتی مەرگم
مەمشۆن و کفن مەکەن بە بەرگم
تکایە مەیشۆن جێی برینی لەش
با لە زام بتکێ تکەی خوێنی گەش
شەهید بێ کفن و بێ شتن چاکە
هەرکەس شەهیدبێ بێ گەرد و پاکە
بەڵام وەسیەتم ئەمەیە یاران
دوور لە ووڵاتم وام لە دیاران
تۆخوا با گۆڕم لە ڕێی خێڵان بێ
لەسەر ڕێگای (شەم) شاخی گێڵان بێ
کێلێکی بەرز بەقەد باڵای (شەم)
لەسەر گڵکۆم بێ بەبێ زیاد و کەم
تاقی بەوێنەی تاقی برۆی ئەو
سوژدەگاهی دڵ بێ بە ڕۆژ و بە شەو
لە ڕوی بنوسن هۆنراوەکانم
کە بە تیری (شەم) دەرچووە گیانم
تا هەرکەسێ دی کێل و مەزارم
بزانێ کوشتەی دەستی دڵدارم
چونکە (شەم) گۆنا تاتاری چینە
لە دەشت بێزارە چیا نشینە
ڕۆژێ هەڵ کەوێ لە ڕێ گوزارێ
ڕێگەی بنێتە سەر گۆڕم جارێ
بزانێ کوشتەی ئاخ و داخی دڵ
ئێش و ئازاری بردەوە تۆی گڵ

پەراوێز edit