ئاڵەکۆک

سابیر ڕازی add_a_photo
وێڵی دەشت‌و‌دەر، وێڵی دەشت‌و‌دەر
ئەی هەوای خۆشی کوێستانان لەسەر

ئاسکی سرک و جوان پێش‌پۆلی ئاسکان
گورج و عاشق‌کوژ، ئەبرۆ وەک کەوان

بە عەتری پەرچەم «چیا»ت پڕ کردوون
بە نیگا و لەنجەت دنیات سڕ کردوون

نازانم ڕاوچی؟ یا نێچیری؟ تۆ
چەندەها ڕاوچی کەوتنە گێژی تۆ

بەرزە ئەستێرەی گەشی بەختی تۆ
کار ئاسکی گورجی هەردی سەختی تۆ

ڕوو ئەستێرەی گەش برۆ وەک کەوان
برژانگت تیری جەرگی عاشقان

بە لەنجە و لاری دڵ فڕێنەوە
بە ڕەوت و نیگای گیان ئەستێنەوە

بە پرچی قەف‌قەف گرژ و لولەوە
بە باڵای هەڵچووی وەک نەوتوڵەوە

بەو کرێشمە و ناز، لەنجە و ڕەوتەوە
بە ڕووی وەک ڕۆژ و زوڵفی شەوتەوە

بە لێوی ئاڵی وەک یاقوتەوە
بە ڕیزەخاڵی تاک و جوتەووە

بە گەردنی بەرز شوشەی سافەوە
بە زوڵفی بۆن‌خۆش میسک‌ی نافەوە

بە کرژ و توند و ڕق و قینەوە
بە ڕەوتی نەرم و سڵەمینەوە

قیبلەم کێت نەکرد تۆ بە «دێوانە»؟
کێ بۆتۆ نەبووە ڕیسوای زەمانە؟

پەراوێز edit