ئاڵەکۆک

ئەحمەد هەردی add_a_photo
هەردی ڕازی تەنیایی
٨. دوو چەشن دڵداری
ئەم دڵەی وەک بت پەرستێ ڕوو ئەکاتە چاوەکەت
نوێژ ئەکا بۆ تیشکی چاو و زوڵفە تێک ئاڵاوەکەت
گەرچی ئەیشێلی بە زەبری قۆندەرە و پێڵاوەکەت
قەت بە دڵڕەق باست ناکەم، نایزڕێنم ناوەکەت
چونکە ئەیزانم تەلاری یارە خواپێداوەکەت
مەستی کردووی، بۆیە نابینێ لە عاستم، چاوەکەت
باخەوان بۆ ئەو مەبەستە گوڵ ئەلاوێنێتەوە
بۆ ئەوەی گەورەی بکا و بۆ پارە بیگۆڕێتەوە
بیفرۆشێ بەو کەسەی خەڵقی ئەڕوتێنێتەوە
بۆ ئەوەی مێزی شەرابی پێ بڕازێنێتەوە
کچ لەلای ئێمە گوڵێکە، بۆیە پەروەردەی ئەکەن
تا بڕازێنێتەوە مێزی شەرابی دەوڵەمەن
ڕەنگە لات وابێ کە گوایا یارەکەت مارەت ئەکا
یا بە کەیبانووی تەلاری بەرزی ئەم شارەت ئەکا
ئەم خەیاڵەت خاوە، تووشی داوی ئەو مارەت ئەکا
چونکە وەک گورگێکە، مەیلی ئەو لەش و لارەت ئەکا
ئەو بەتەنیا بۆ گوڵی سەر مێزی بادەی تۆی ئەوێ
هەر کە جارێ بۆنی کردی، جا گوڵێکی نوێی ئەوێ
ئەو، گوڵی بۆ مێزی بادە و پۆکەر و یاریی ئەوێ
واتە تۆی بۆ تێپەڕینی کاتی بێزاریی ئەوێ
من، گوڵم بۆ تۆوی باخی ژین و دڵداری ئەوێ
یانی من، تۆم بۆ ئەوینی عومری یەکجاری ئەوێ
تۆم ئەوێ وەک گوڵ لە باخی ماڵی مندا هەڵبدەی
نەک گوڵی سەرمێزی ئیمڕۆ بیت و پێخوستی سبەی
من. ئەوینم هینی عومرە و، هی خەوی شەوگار نییە
وەک خەوی خاوەن تەلار و خاوەنی دینار نییە
هەر بووە و هەرگیز ئەمێنێ، هینی جاروبار نییە
ئاوی لێڵی کوێرە شیوێ چەشنی هی ڕووبار نییە
جا ئیتر من قسەی خۆم پێ گەیانی، بێ درۆ
حەز ئەکەی هەر وەک پەپوولە ڕوو لە ئاگر کە و بڕۆ!
١٩٨٣
پێداچوونەوە: بینایی دیدە

پەراوێز edit