ئاڵەکۆک

ئەحمەد هەردی add_a_photo
هەردی ڕازی تەنیایی
٩. دڵێکی تێکشکاو
بە سەرسامی لەسەر لووتکەی بڵندی گەنجی وەستاوم
شریتی عومری ڕابردووم وەکوو خەو دێتە بەرچاوم
شریتی چی؟ سەراپا سەرگورشتەی نائومێدیمە
فلیمی پڕ لە ناسۆری هەرەس هێنانی لاویمە
تروسکەی تیا بەدی ناکەم، سەرنجم چەندە لێ داوە
لە تاپۆی نامرادیم و تەمی ناسۆری بەولاوە
ئەوی ئەوساکە ڕووناکیی ئەدا بەم ژینە شێواوە
دڵێکی پڕ لە ئاهەنگ بوو، کە ئێستا پاکی ڕووخاوە
***
بەڵێ ئەوسا دڵێکم بوو، کە سەرچاوەی ژیانم بوو
دڵێ: مەڵبەندی ئاوات و تەوژم و تینی گیانم بوو
دڵێ گوڵزاری دڵداری و بەهەشتی خۆشەویستی بوو
وەکوو بتخانە مەیدانی بتی جوانی پەرستی بوو
لەگەڵ هاوار و گریانی هەژارانا لە شینا بوو
لەگەڵ ناڵەی کەساسانا لە خورپە و ڕاچەنینا بوو
لەژێر سایەی ئەوینێکا، هەموو سیحرێکی پۆشی بوو
لە کونجێکی خەراباتا، خەریکی بادەنۆشی بوو
دڵێ بوو دار و دیواری هەموو مەستی نیگارێ بوو
هەموو سوچێکی دەسکردی، بەڵێنی تاقە یارێ بوو
دڵێ، خونچەی تەمای وابوو، لە خۆشی ئەو دەمی وا کا
کە تیشکی ئەو لە لێوی دا، گوڵاوپڕژێنی دنیا کا
دڵێ، ئامادە بوو، تاری، هەزار ئاوازی لێ هەستێ
بە مەرجێ گوڵبەدەم جارێ بەمەستی لێی بدا، دەستێ
تەلاری دڵ، کە دیواری وەها مەستی ئەوینی بوو
لە باوەش گرتنی باڵای، هەموو ئاواتی ژینی بوو
گوڵ و گوڵزاری دڵ وا بوو خەیاڵی ڕۆژ و هی شەویان
«کە وا پرشنگی دوو چاوت، بڕێژێ چاوی بێ خەویان»
وەنەوشە و نێرگز و شەوبۆ، هەموو سەرخۆشی تاسەی بوون
لەتەک سروەی بەیانیدا تەماداری هەناسەی بوون
هەموو پێکێکی مەینۆشی، بەیادی ئەو، کە پڕ مەی بوو
لە مەیخانەی دڵا کەیلی بزەی ئەو جووتە لێوەی بوو
هەموو پاڕانەوەی وابوو، بە شێوان و سبەینانێ
کە ڕۆژێ لێوی پڕ تاسەی لەسەر دوو لێوی ئەو دانێ
***
کەچی ئەو کۆشکی چەند ساڵەی، دڵم بنچینەکەی دانا
بە تەنیا گەردەلولێکی «نەهاتی»، چوو بە ئاسمانا
هەموو ئەو نیاز و ئاواتەی لە ناو ناخی دەروونا بوو
لە داخی بێ بەڵێنیی ئەو بە جارێ تەفر و توونا بوو
بەڵێ، کاتێ بە خۆم زانی، بەهاری پڕ ئەوین ڕۆیی
خەو و ئاواتی چەند ساڵە و بەڵێنی پێ گەیین ڕۆیی
گەلێکم پشکنی دنیا لە دووی ئەو جووتە لێوەی ئەو
هەزار ئەفسووس! نە ئەو ڕۆژەم بەدی کرد و نە شێوەی ئەو
نە پڕشنگی لە خونچەی دا، نە پەنجەی دا لە تاری دڵ
نە بەژنی شۆخ و شەنگی بوو بە میوانی تەلاری دڵ
نە چاوانی گوڵی ڕشت و نە کلچێوکێکی پیا هێنا
نە پرچی نێرگزی مەست و، وەنەوشەی شینی داهێنا
نە پێکی نایە سەر لێو و نە بیستم ڕازی شیرینی
نە ماڵئاوایی لێ کردم نە ئیتر شێوەییم بینی
***
بەڵێ ئەو خونچەیەی چەند هەنگ پەشۆکابوون لەژێر پێیدا
خەوی ڕۆژ و شەوی وا بوو گزنگی چاوی تۆ لێی دا
کە چاوی تۆی نەدی شێوا، لە داخا کوڵمی خوا کردی
گەڵاکانی وەکوو عومری منی بێچارە با بردی
تەلی دڵ، چەندە سەیری کرد، کە پەنجەی تۆی نەدی چاوی
دەروونی بوو بە گۆڕیچەی هەموو ئاوازی تاساوی
تەلاری دڵ کە ڕۆشن بوو بەوەی تۆ بی بە میوانی
هەواری چۆڵ و هۆڵی بوو بە گۆڕی گردی سەیوانی
گوڵی باخی دڵم، چاوی، بەدووی تۆدا ئەوەند گێڕا
هەتاکوو چاوەکەی خۆشی، لە دەوری چاوی تۆ گێڕا
وەنەوشە و دەستەخوشکانی، لە بێ مەیلیی هەناسەی تۆ
هەناسەی دەرنەچوو دەمیان و تاساشن، لە تاسەی تۆ
وە یا ئەو پێکە ڕەنگینەی کە هەر نەیبیست لە تۆ دەنگێ
لە داخا بادەکەی ڕشت و، سەری خۆی دایە بەر سەنگێ
لە پاشا، گەرد و تۆزقاڵێ، کە وەک کەرتی دڵی من بوو
یەکیی ڕووی کردە سووچێک و لە تاریکیی شەوا ون بوو
***
بەڵێ، ئێستا ئەوەی جێ ماوە بۆ من، یادگارێکە
بەسەرهاتی دڵی ورد و بەسەرچوونی بەهارێکە
١٩٨٣

پەراوێز edit