ئاڵەکۆک

مارف ئاغایی add_a_photo
توند هەڵدێ. وەک ئاسکێک کە ڕاوچی شوێنی هەڵگرتبێ. توندتر، دەڵێی دەیەوێ بفڕێ و بەر لە فڕین دەور هەڵدەگرێ. دڵۆپێک ئارەقە بەسەر گنجەکانی نێوچاوانیدا دەدا. هێندەی نەماوە بتکێتە خوار. سووکە ئاوڕێک دەداتەوە. دەوەندەیەک لێی نزیک دەبێتەوە... نزیکتر...
هەتا پشتی گەرم کردەوە ئێستا ئیتر سێبەری خەنیمەکەی وە پێشی کەوتووە. شەرم لە خۆی دەکا. لە شەرمان کەم دەمێنێ ببێتە دڵۆپێک ئاو. دڵۆپە ئارەقەکەی نێوچاوانی دەتکێتە خوار.
بەناچاری چاوی دە سێبەرەکە بڕیوە. ئەو سێبەرە لەبەر چاوی دەڵێی جندۆکەیە و سەما دەکا. خۆ دەکوتێ هەتا بیگاتێ. بە هەموو هێزیەوە هەڵدێ. وەک باڵندە باڵ لێ دەدا بەڵکوو بتوانێ بفڕێ. ئای چەند خۆش دەبوو توانیبای...
دڵ خۆشیی خۆی دەداتەوە:
«با باڵیشم نەبێ، ڕەنگە پیاو بتوانێ بە لاقەکانیشی بفڕێ. تا دەتوانم، دەبێ هێندە توند هەڵێم، لاقێکم نەگاتەوە سەر زەوی ئەوی دیکەیان هەڵگرم. دەبێ لە حەوای لاق لێ دەم».
هەر وا چاوی دە سێبەرەکە بڕیوە کە دەوەندەکە بە دوای خۆیدا دەیکێشێ. وە دوا کەوتووە.
تووڕەیە. چاوەکانی ئاوریان لێ دەبارێ و چیڕەچیڕی ددانەکان دێ. دەڵێی لە داخان ئێسک و پەراسووی «غیرەت»ی تێک دەقرمێنێ. سەر هەڵدێنێ. نیگاکانی بەرەو خەتی کۆتایی دەڕۆن و... لە خەتەکەش تێدەپەڕن. ئای بریا هەنگاوەکانی وەکوو تیشکی چاوەکانی، تیژ ڕۆیشتبان.
ڕایەڵی نیگا کۆ دەکاتەوە و تا پێش دەمی خۆی دێنێتەوە. هەر دووسەد میترێکی ماوە. ئەگەر هەر وا بچێتە پێش دۆڕاوە. لە خەیاڵیا زەوی زار لە بەر یەک دەباتەوە و هەڵیدەلووشێ. هەست بە نامۆیییەکی سەیر دەکا. تەنیا لە وڵاتێکی نامۆ. ناهۆمێدی سەری پێ دادەخا. لە نەکاو چاوی بە نووسراوەکەی سەر کراسە وەرزشیەکەی دەکەوێ: پارێزگەی کوردستان.
ورەیەکی تازە پەیدا دەکا. دەڵێی منداڵێکی لە دایک هەڵبڕاوە و لەپڕ تووشی دایکی دەبێتەوە. وەخۆ دێتەوە. پەنجەکانی بۆ لای لەپی دەست خوار دەکاتەوە. گەرووی ناهومێدی دەکوشێ... دەکوشێ... دەیخنکێنێ...
کاتی ماڵاواییی دێتەوە بیر: دایکی چاوەکانی بە چەند دڵۆپ فرمێسکی دڕدۆنگی شوشت و باوەشی بۆ کردەوە. خۆی هاویشتە نێو باوەشی. دایکی پێی گوت: ڕۆڵە گیان، هیوادارم هاتیشیەوە، بە سەربڵیندی باوەشت بۆ ئاوەڵا کەم.
دەنگی بڵیندگۆ وەک نەشتەر لە هەموو ئازای بەدەنی ڕۆچوو، وەخۆی هێناوە:
«چی وای نەماوە بۆ هێڵی کۆتایی، تاوێکی دیکە...»
ئیتر ئارەقەی لەشی بە دڵۆپ نەدەژمێردرا. کراسەکەی تەڕ ببوو. تەڕاییی کراسەکەی ناوی کوردستانی بەسەر قەلبیەوە نووساندبوو. دڵی زۆر بەتوندی لێی دەدا. گوێی بۆ شل کرد. دەنگی دڵی وەک جاران نەبوو. دەنگێک نەبوو. دەتکوت ملیۆنەها دڵە. ڕاچەنی، کاتێک زانی دڵی هەموو کوردستانە لەنێو دڵیدا لێ دەدا، وردە وردە هەنگاوەکانی بەهێز بوون. ئیتر هەنگاوی دوو کەس، سێ کەس، دەیان کەس نەبوو... هەنگاوی هەموو کوردستان بوو بەرەو پێشیان دەبرد.
لە خەتی کۆتایی نزیک دەبۆوە. مەودای دەگەڵ دەوەندەی پێش خۆی کەم بۆوە و هانکەهانکی هەناسەکەی گوێ لێ دەبوو. توندتر هەڵدەهات. ئەوەندە توند کە ئیتر هەستی دەکرد وردە وردە لە زەوی جوێ دەبێتەوە و بە لاقەکانی دەفڕێ. لە حەوای لاق لێ دەدا.
دەگەڵ خەنیمەکەی لە یەک خەتدا بوون و دەگەڵ خەتی کۆتایی هەنگاویان مەودا بوو. دایکی وەبیر هاتەوە و باوەشە ئاوەڵاکەی. باوەشی ئاوەڵای هەموو نیشتمان. دوو هەنگاوەکەش هاوێژران... کێبەرکێ کۆتایی هات. دەوەندە کوردەکە لە خۆ چوو. ئاگای لە خۆی بڕا. بڵیندگۆ کە کەوتە هاوار...
چیرۆک

پەراوێز edit