ئاڵەکۆک

مارف ئاغایی add_a_photo
لەسەر دارەمەیت درێژیان کرد. کفنیان دەبەر کرد. فرمێسکیان بەسەردا باراند. لەنێو ئامبوڵانسیان نا. دەرگایان لەسەر پێوەدا. ئامبوڵانس، ئاژیری کێشا و وەڕێ کەوت. پاش ماوەیەک، ماشێن ڕاگیرا. دەرگا کراوە. کفنی لەسەر لادرا. دەنگێک پێی کوت: هەستە، تەواو بوو!
ئەوە یەکەم جار بوو کە دەمرد. ئەم مەرگەشی بۆ خۆی هەڵنەبژارد. برسی و بێ‌پەنا و دەستەوەستان بە نێو کۆڵانەکانی شاردا دەخولاوە. سەری وەک کێوێک بە سەر لەشیدا ڕووخابوو. بیری لە هەمووشتێک دەکردەوە، تەنانەت خۆ کوشتن! بۆخۆی ئازایەتیی ئەوەی نەبوو خۆی بکووژێ، بەڵام بێ‌شک ئەگەر کەسێکی دیکە کوشتبای هیچی نەدەکوت. غەرقی ئەم خیاڵاتە بوو. لەسەر پێچی کۆڵانێک، تووشی دەستەیەک هونەرمەندی سینەما هات. کارگێڕی فیلمەکە لێی هاتە پێش. «پیویستمان بە کەسێک هەیە بۆ ماوەیەکی کورت لەم فیلمەدا بمرێ پارەیەکی باشیشی دەدەینێ».
ئەم بێ‌یەک‌ودوو خۆی بە دەستەوە دا.
لەسەر دارەمەیت درێژیان کرد. کفنیان دەبەر کرد... هەستە، تەواو بوو!
پارەکەی بژارد و وەڕێ کەوت. حەوتوویەک بەباشی ژیا، بەڵام دیسان برسی و بێ‌پەنا و دەستەوەستان کەوتەوە نێو کۆڵانەکان. ئێستا لە هەر شوێنێک قەرەباڵغی ببینێ، لێیان دەچێتە پێشێ:
-کاکە ببورن، کەستان ناوێ بۆتان بمرێ؟ !
چیرۆک

پەراوێز edit