ئاڵەکۆک

مارف ئاغایی add_a_photo
کزەبایەکی ساردی بەیانی هەر دووک دەستی پێ دە گیرفانی نابوو؛ تەنیایی ڕێگای بیرکردنەوەی بۆ خۆش کردبوو. بە لانی کەمەوە ئەوە هەزارەمین جار بوو کە بە شەقامەکەدا شۆڕ دەبۆوە. خشپەیەک لە پشت سەری هات، وەک خشپەیەکی دیکە و ئەمجارەیان کاغەزێک بە سەما کردن نیشتە سەر شەقامەکە. پێش ئەوەی پێی لەسەر دانێ، چاوی بە وێنەی سەر کاغەزەکە کەوت. لە نەکاو وەبیری هاتەوە کە ئیمڕۆ یەکەمین ڕۆژی هەڵڵاوبگری کاندیداکانە. درێژەی بە ڕێگاکەی دا، بەڵام نەیزانی کە پێی لە وێنەکە نابوو یا نا؟
چەند هەنگاوێک خوارتر چاوی بە لاوێکی چاردە پازدە ساڵە کەوت کە بە تفەنگێکی بادی، سێرەی لە چڵووکی دارێک گرتبوو. ترس وەک باران بەسەر باڵایدا باری. کەوتەوە بیری سەردەمی مناڵی؛ کە کوڕی ژاندەرمێکی جیرانیان بە قۆچەقانی لە سینگی سێروویەکی ڕاکێشا و سێرووەکە بە باڵەفڕکێ مەودای نێوان ئاسمان و زەویی پێوا. لە لای خۆی، فڕینی سەربەرەوژێری سێرووەی ناو نابوو سەمای مەرگ. ئەو بیرەوەرییە نەیهێشت لەوە زیاتر خۆ ڕاگرێ، خێرا خۆی گەیاندە کوڕەکە، لوولەی تفەنگەکەی گرت و بە سەریدا گوڕاندی: ئەوە چ دەکەی؟
ترس وەک تەرزە بەسەر باڵای کوڕەکەدا باری. پێی وابوو لایەنگری لە... دەکا. کابرا بۆ ئەوەی دڵنیا بێ کە باڵندەکە هەڵفڕیوە سەری بەرز کردەوە، بەڵام چاوی بە وێنەی کاندیدایەک کەوت کە بە سەر لکی دارێکەوە هەڵیان واسیبوو. پێکەنی. پێکەنین وەک کۆلکەزێڕینە لە دەموچاویدا کەمانەی بەست. تفەنگەکەی بەردا و وەڕێ کەوت.
کابرا هێشتا چەند هەنگاوێک دوور نەکەوتبۆوە کە گوێی لە دەنگی تفەنگەکە بوو، بەڵام ئاوڕی لێ نەداوە. چاوی لە دەوروبەری خۆی کرد. دەیان کەس لەوبەر ئەوبەری شەقام چاویان تێ بڕیبوو. دەتکوت دەیان ساڵە دەیناسن. نیگاکانیان پڕ بوو لە پاڕانەوە. وەک ئەوەی شتێکیان لێی بوێ.
کەمێک هەنگاوەکانی توندتر کرد. دەیەویست خۆی لە ئەو نیگایانە بدزێتەوە. تەنانەت بڕیاری دا چاو لە هیچ لایەک نەکا و تەنیا بڕوانێتە ڕێگای خۆی، بەڵام ئەوەشی بۆ نەچووە سەر.
کاتێک لە پێچی شەقامەکە بای دەداوە، چاوی بە کۆمەڵێک وێنەی دیکە کەوت. لە جێگای خۆی ویشک هەڵگەڕا. لە نێو ئەو وێنانەدا وێنەی کەسێک هەبوو کە لە مێژ بوو دەیناسی. کەسێکی زانا، کە بە دڵ خۆشی دەویست و متمانەی پێی هەبوو. وێنەکەی وەک ئەوانی دیکە نەبوو. کەمێک بچووکتر بوو. وردی و زۆریی نووسراوەی ژێر وێنەکە ناچاری کرد لێی نزیک بێتەوە. مەودای ئەوەندە کەم کردەوە کە وشەکان لەپێش چاوی ساغ بوونەوە. لە تاوان هەردووک ئەژنۆی شکانەوە. کەمێک داما و پاشان بە زۆری خۆی بەسەر قاچەکانیدا سەپاند و درێژەی بە ڕێگاکەی دا. لە ڕێگادا نووسراوەکەی وڕێنە دەکردەوە: بە بۆنەی کۆچی دوایی... مەجلیسی پرسەیەک بەڕێوە دەچێ...
هەرگیز مەودای نێوان ماڵ و ئیدارە ئەوەندە لە بەر یەک نەچووبۆوە. کاتێک دەرگای ئیدارەکەیانی وە بەرچاو کەوت، هێزێکی هاتەوە بەر. هێشتا لە دەرگاکە زۆر نزیک نەببۆوە کە تارمایی وێنەیەکی دیکە لە پێش چاوی کەوتە ڕێشکە و پێشکە. نزیکتر بۆوە. ئیتر ئەم جارەیان بڕوای بە چاوەکانی خۆشی نەمابوو. خاوەنی ئەم وێنەیەی دەناسی. هەر نە تەنیا ئەو، ئاشنای هەموو خەڵکی شار بوو. بە «حەمە شێت» ناوبانگی دەر کردبوو. لە هەر شوێنێک چەند کەسێک کۆ ببانەوە. حەمە شێت قسەی بۆ دەکردن. قسەی وا کە ئەگەر عاقڵێکیش کردبای شێتیان دەکرد. چاوێکی دیکەی لە وێنەکە کرد. لە خۆوە دوودڵ بوو. بە خۆی کوت نەکا ئەوە کەسێکی دیکە بێ کە زۆر وەک حەمە شێت دەچێ. بە تایبەت کاتێک چاوی بە ناوەکەی کەوت کە بە خەتێکی درشت نووسرابوو: «محەممەدی عالم»، ئەم دوودڵییەی زیاتر بوو.
بە هەر شێوەیەک بوو خۆی گەیاندە بەرپرسی ئیدارە، بە بیانووی نەخۆشیی مناڵەکانی، حەوتوویەکی ئیزن وەرگرت. یەکڕاست گەڕاوە ماڵێ و بڕیاری دا کە لەو ماوەیەدا خۆی لە شار و شەقام و وێنە و کاندید و... بدزێتەوە. ڕووی لە سروشت و گوندە دوورکەوتووەکان کرد و لە دوایین ڕۆژدا گەڕاوە. هەرچەند لە ماوەی هەڵبژاردندا خۆی شاردبۆوە. بەڵام سەیر دڵەکوتەی بوو بۆ ئەوەی بزانێ کێ هەڵبژێردراوە. کاتێک دەرگای ماڵە خۆیانی کردەوە، پێش ئەوەی پرسیار بکا، وڵامەکەی لە دەم خێزانی وەرگرت: کاک محەممەدی عالم بە زۆرترین دەنگەوە دەرچوو.
ئەو وڵامە هەستێکی سەیری پێ بەخشی. هەستێک کە نەیدەزانی نیشانەی خۆشییە یا ناخۆشی و لە حاڵێکدا کە هەوڵی دەدا تازە بیر لەو مەسەلەیە نەکاتەوە، ئەو پرسیارە دەستی لە بەرۆک نەدەکردەوە: کە ئایا ئەوە حەمە شێت بوو، یا زۆر وەک ئەو دەچوو؟
چیرۆک - بۆ هەڵبژاردنەکەی ئەودیو

پەراوێز edit