ئاڵەکۆک

مارف ئاغایی add_a_photo
زین و لغاوی ئەسپی با فڕێ دەدەم.
بە کۆڵانی خۆڵەپۆتینەی زەمانا چوارناڵ دەڕۆم.
لەپشت سەرم بارانی تۆزە دەبارێ.
لە کانیاوی تراویلکە دەڕوانمە خۆم:
تراویلکە، ئاوێنەیەکی تێکچڕژاو.

کەمەندی دەست ڕەیاڵ دەکەم،
لە قەدی ئاسۆی باڵێنم:
ئاسۆیە و ئاسکێکی ڕەوەک.

دە ئەسپی هەنگاوم دەخوڕم :
ئاسۆیە و قەڵای سەهۆڵین.
توند باوەشی پێ دا دەگرم:
ئاسۆ، چیایێکی هەورین!

ئەرێ ئاسۆ ڕووبارێکە،
هەرماسی سەربەستیی خەون
دەتوانێ مەلەی تیابکا؟ !

ئاسۆ گەواڵە هەورێکە،
هەر بای خەیاڵ
دەکرێ باوەشی پیا بکا؟ !

پەراوێز edit