ئاڵەکۆک

مارف ئاغایی add_a_photo
ئەم خۆشەویستە دڵڕەقە عیشق پەروەرەی
نە دەتوانم وەکوو کیژێک بیخەمە پاشتەرکی ئەسپ و
لەژێر سایەی زێڕەوشانی تریفەی مانگەشەوێکدا هەڵیگرم،
نە دەشتوانم هەرگیز دڵی لێ بەردەم و
خۆم گیرۆدەی کۆلکەزێڕینەی شوێنێکی دیکە بکەم
ناوی: خاکە

ئەم دەریایەی
نە دەتوانم لە جامی چاوەکانمدا ڕایگوێزم و
نە دەشتوانم لە دووریی ئەو
لە ئوقیانووسی هیچ شوێنێکی دیکەدا قومە ئاوێک
بخۆمەوە،
ناوی: خەڵکە

من دەزانم دارستانی هەموو شوێنێک
جریوەی گەرمی چۆلەکە و
ڕووباری هەموو وڵاتێک
دەنگی تاڤگە و ڕەنگی کەف و پێچ و پەنای ڕێگەی بەرەو
دەریای هەیە
بەڵام چ بکەم، لێرە نەبێ
نە گوێم چاکیان دەبیسێت و
نە چاوم چاکیان دەبینێ و
نە گیانم چاکیان هەست دەکا.

پەراوێز edit