ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس ئاسک
٥. تابلۆی چوارەم
«شانۆ ڕووناک ئەکرێتەوە، کۆرس ئامادەیە»
کۆرس:
ئەو تۆزە دەرفەتەی تاریکی

دای بە ژوور بۆ دڵدار
نەیداوە ھەزاران قوتیلکە و نەیداوە،
ھەتاوی زۆر ڕۆژگار
لە ماڵی کوێخادا
ھەتاکوو بەربەیان پرچی خۆی شانە کرد
کچ و کوڕ نیگایان وەکوو مۆم
لەبەر دڵ ڕائەگرت
تاک لەناو کۆرسەوە:
ئەو شەوە شەوێ بوو بۆ دڵخواز

ئەبێتە خەیاڵێ کە زۆر جار
پێش مردن بە سەردان بیکاتە ھەوارێ
بۆ ئاخی یادگار
کۆرس:
ئەی شەوی کۆتاییی پایزی

گرمۆڵەی بەر سەرما
با گڕی عەشقەکەی
پیرۆت و خاوەرت پیا بدەین
بەر لەوەی کە بمری
- تاریکی -
«ڕووناکی، حیکایەتخوان دێتەوە سەر شانۆ»
حیکایەتخوان:
خەریکە بەسەر چێ عومری وەرز

درەختی تێک ڕژاو
وا دەستیان لێک بەردا
بارانە پایزەی کەم دەوام
بە بۆنی خۆڵەوە.. دڵۆپی درشتی
وەک گوڵاو ھەڵپرژا
باڵندەی کێویلە.. لە کونی شاخەوە
گوێی ترسی.. بۆ ھاژەی
چەمی خوڕ ھەڵئەخا
دوو چاوی بچکۆلەی
لە ئاستی با و بژا
ئەتروکێ و ئەنووقێ و.. سەری خۆی
لە پەڕی ناو باڵدا ون ئەکا
- وچان -
ئێستاکە.. جێ کۆڕی ھەرەوەز خاڵییە،

چۆڵە وەک سەر سەکۆی بەر ماڵان
گەڵاکان.. سەمایان لەسەر ئاو
سڵاوی دوا کۆچە
کە ئەیکا لە خەڵکی دێی خەزان
- وچان -
ئاسکەکەی خەزانیش بە بازی ئەم بەرد و بەردی

سەر چیای، ڕاوکەری وێڵ ئەکرد
بە لەرەی ناو باڕەی
ھەتاکوو ئێستەکەش.. ئەو بانگی
ئازیز و دڵداری خێڵ ئەکا
ملوانکەی بەرسنگی زۆرترن لەدوێنێ
ماچکەری خاڵی سەر تەوێڵی.. تاکوو بێ
لە ڕیزی چڕتردا
ئەڕۆن و ئەچنە پێش
بۆ ئەوەی خوێن بەن و،
ماچێکیان بەر کەوێ
- وچان -
تا دوێنێ وا ئەڕۆی.. ئاسایی ژیانی دێی خەزان

وا ئەمڕۆش ھەواڵێ وەک بوومەلەرزەیەک
ئەم گوندەی لەبەر یەک ھەڵتەکان
ھەواڵێ.. دەروونی خەڵکی دێی
لە بنج و بێخەوە.. ڕاچەنان..
- تاریکی -
«شانۆ ڕووناک ئەکرێتەوە، دیمەن ناو ئاواییە، پیرۆت بەپڕتاو و شپرزەییەکی زۆرەوە خۆی ئەکا بەناو گوندا و، ھاوار ئەکات».
پیرۆت:
ھۆ.. ھۆ.. ھۆ.. ئاوایی

ھۆ کوێخا.. مام وسوو
پیا بگەن.. پیا بگەن
زوو.. زوو.. زوو
«لەبەر خۆیەوە و بە دەنگێکی نزمی پڕ لە داخ و گریاناوی».
ستەمە.. ستەمە و جەخاریش

چۆن وا بوو؟ ! سەرەتای زستانێ دیاری دا
ئەو دڵەی گوڵێکی تیا ڕوابێ
بەبێ ئەو ناتوانێ ھەڵبکا
ستەمە و.. نازانم چۆن چۆنی گەیشتە
ئەو جێیە؟ ! نازانم.. نازانم
- وچان -
گەلێ جار.. چاوی ئەو.. مەڕانەم بینیوە

کە چەقۆ ئەبینن، قەت بە قەد
چاوی ئەم.. کڵپەم وا تیا نەدین
خوایە گیان.. قودرەتت.. بخە کار.. قودرەتت
ناتوانێ.. ناتوانێ.. ناتوانێ
- وچان، ھاوار ئەکاتەوە -
ھۆ کوێخا.. مام وسوو

ھۆ سوارە.. وان لە کوێ
وان لە کوێ؟ !
«کوێخا و مام وسوو کۆمەڵە خەڵکێ بەپەلە دێن و ئەگەنە لای»
کوێخا:
«بەپەشۆکاوییەوە»
خێرە.. خێر! چی بووە؟ ! چی بووە؟ !

چی ڕوویدا؟ !
مام وسوو:
«بەشپرزەییەکی زۆرەوە»
خوا ھاوار.. خێر بێ خێر.. چی بووە
پیرۆت:
«بەنائومێدییەوە»
چی نەبێ!
وسوو:
بۆ.. بۆ؟ !
پیرۆت:
فریای کەوین.. فریای ئاسکە موبارەک

فریای کەوین.. فریا..
ھەموویان بە یەک دەنگ:
بۆچی.. بۆ؟ !
پیرۆت:
وا لەسەر ترۆپکی ڕەوەزدا

عاسییە و.. گیر.. گیری خواردووە
ئەی گوێتان لەباڕە و ناڵینی ئەو نییە؟ !
چۆن گوێتان لێ نییە؟ !
کوێخا:
ترۆپکی کام ڕەوەز؟ !

کام ڕەوەز؟ !
پیرۆت:
ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش

ھەموویان بە یەک دەنگ:
ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش
«کۆمەڵە خەڵکەکە بڵاو ئەبنەوە بۆ ھەواڵ گەیاندن»
وسوو:
دەک کوێر بم! لەویانە؟ !

لە ھەر جێ گیربوایە و،
ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش نەبووایە،
ھەر ئەوێ نەبووایە
کوێخا:
ھەر ئەوێ نەبووایە

قسەی ھەر لێ ئەکرا
ھەوڵێکی بۆ ئەدرا..
ھەر ئەوێ نەبووایە
پیرۆت:
ستەمە.. ستەمە و جەخاریش

دوور بە دوور ھەتاکوو درەنگان
ھەر چاوم تێ بڕی و نیزام کرد
باڕژنی بەرد ئەکا بە ئاو و
چاوانی بوونەتە دوو کڵپە ئەسووتێن
ئا.. ئا.. ئا.. ئەسووتێن
لە تاوا خەریکە باڵ بگرێ
بەڵام چۆن باڵ ئەگرێ.. بێ باڵە.. بێ باڵە
وسوو:
دەک کوێر بم بەتەنیا باڵندە

ئەتوانێ لەو جێیە قوتار بێ
بەتەنیا باڵندە.. ئەی داخی گرانم
کوێخا:
«بێ بایەخانە و بە ساردییەکەوە»
پێش سێ ساڵ بزنێکم ڕێی کەوتە

ھەمان شوێن.. ڕەوەزی قەلەڕەش
پیرۆت:
«قسەکەی پێ ئەبڕێ»
ئێ.. ئێ.. ئەی.. ئەنجامی.. ئەی دوایی؟ !
کوێخا:
چی ئەکەیت؟ دەسەڵات کە نەبێ

ھەڵدێرە و بۆ خەرەند کەوتە خوار
پیرۆت:
ستەمە.. ستەمە.. مام وسوو

بەڵام ئەم ئاسکە و ئاسکە موبارەک
ئەم بەڵا لادەری گشت دێیە
وسوو:
ئەو نەبێ.. ئاوایی چۆن بژی؟ !
کوێخا:
تۆ نەتوت.. چۆنت دی؟

چۆن زانیت؟ !
پیرۆت:
چۆن زانیم؟ ! من لەپاڵ گابەردە شینەدا

کە دوایین بژوێنی ئەمساڵە
ترووشکەم کردبوو، ڕانەمەڕ لەو لاوە
لەوەڕگەی.. بۆ خۆش بوو مڕ بووبوون
لە ناکاو.. باڕژنی ئاسکەکە.. ھاتە گوێم
داچڵەکیم..
باڕژنێ.. لەباڕەی جارانی نەئەچوو
باڕژنێ.. لە قیژە و زریکەی ژن ئەچوو
کە چووم و دوور بە دوور سەیرم کرد
زانیم چی قەوماوە.. مامەوە.. مامەوە
بێھوودە.. ئەویش ھەر زریکەی لێ ئەدا
«سوارە بە شڵەژاوییەوە دێتە ژوورەوە»
سوارە:
داخ.. داخ.. داخ

چۆن ڕاستە؟ ! ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش؟ !
لە کوێی تر گیربوایە و ھەر ئەوێ نەبووایە
ھەواڵی وەھا شووم قەت خەزان بیستوێتی؟ !
کوێخا:
ئەو وەھای لە چارە نووسراوە

دەسەڵات کە نەبوو..
وسوو:
«قسەکەی پێ ئەبڕێ»
ئەو نەبێ چۆن بژین

بیناییم خەریکە لێڵ ئەبێ
بەر پێی خۆم نابینم
مەرگی خۆم ئەوێت و،
مەرگی ئەو نەبینم!
سوارە:
«وەک شتێکی بیر بکەوێتەوە»
بۆ لێرە ئەبڵەق بووین؟

با بچین بیبینین
با بچین بزانین
کوێخا:
ئارەزووی خۆتانە!
وسوو:
نەء.. ئەچین
پیرۆت:
ئا.. سوارە ڕاست ئەکات

با بڕۆین.. با بڕۆین
بیبینین.
- ئەچنە دەرەوە، تاریکی -
«ڕووناکی، حیکایەتخوان دێتەوە سەر شانۆ»
حیکایەتخوان:
بینیتان و گوێتان لێ بوو

ھەواڵەکە نەک وەک بەردێ
وەک کەندەڵانێ بڕوخێ و،
بکەوێتە.. گۆمی ناخی خەزانەوە
ئاوەھا بوو..
کارەساتی ئەم ھەواڵە..
ماڵ بە ماڵی ناو خەزانی
ھەژان و، دێ
دایگرت.. تەمێ
- وچان -
بۆ ئەوەی بزانن.. ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش

چەند تووشە و.. کام ترسی چارەنووس
چاوەڕێی ئاسکی پیرۆزی.. گیرخواردووی.. ئەوێیە
کارەسات.. چەند گەورە و دژوارە
با گوێمان لە قسەی پیرترین مرۆڤی خەزان بێ
چی ئەڵێ.. چۆن ئەدوێ دەربارەی
ئەو خەم و ئازارە
- ئەڕوات، تاریکی -
«شانۆ ڕووناک ئەبێتەوە، جێگە ژوورێکی گوندی ئەو سەردەمەیە، - باپیر - ە کە پیرە مێردێکی ئێجگار بەساڵاچووە لەگەڵ ھەردوو کوڕەزاکەیدا دانیشتوون، خەمبارن»
مەمەند، مناڵی یەکەم:
باپیرە.. تۆ دیوتە؟ تۆ چوویتە

سەر لووتکەی ڕەوەزی قەلەڕەش؟ !
باپیر:
مەمەند.. باوکەکەم

دوور بە دوور.. من دیوومە
بەڵام چون..
کوڕەکەم.. ھیچ کەسێ ناتوانێ بچێتە سەر لووتکەی
زۆر گران.. بشگەنە.. نزیکی
ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش
ھەر باڵدار ئەتوانێ ھەر باڵدار..
زۆراب، مناڵی دووەم:
«قسەکەی پێ ئەبڕێ»
باپیرە.. ئەی ئاسکە موبارەک

چۆن چووە؟ !
باپیر:
زۆرابە.. کوڕەکەم

باڵندە.. ئەچێت و دێشتەوە
ھاتنەوە.. گرنگە.. ھاتنەوە
بەرانە کێوییەکان.. ئاسکەکان
کام ڕێگە باریکە پیا ئەڕۆن
ئەتوانن بگەنە سەر ھەموو ترۆپکێ
بەڵام.. کە..
«کۆکەیەک ئەیگرێ»
مەمەند:
باپیرە.. بەڵام چی؟ !
باپیر:
بەرخەکەم.. مەمەند گیان

ڕەوەزیش تا ڕەوەز کەوتووە
ترۆپکی ڕەوەزی وا ھەیە
وەک سەری قەلەڕەش
ئەیگەنێ.. بەڵام بۆ ھاتنەوە
ناتوانن بێنەوە
گیر ئەخۆن وەک ئاسکە موبارەک
گیر ئەخۆن.. داخەکەم.
زۆراب:
ئاخر بۆ باپیرە؟ !
باپیر:
کوڕەکەم. باوکەکەم، لەم سەریان

کە ئەچن بە قەدەر یەک جێ سم
ڕێ ھەیە پیا ئەڕۆن
- حاڵی بووی بەرخەکەم -
لەو سەریان گەر ڕەوەز تەواو بوو
بواری تیا نەما وەرچەرخێن، بسووڕێن
ئەوساکە.. گیر ئەخۆن
وەرچەرخان.. بۆ جێ سم.. لەو سەریان
ئەی نابێ ھیچ نەبێ لە سمێک
بواری زیاتر بات، ھەتاکوو بسووڕێ و بێشتەوە
وا نییە باوکەکەم؟ !
مەمەند:
باپیرە.. دوای ئەوەی

نەیتوانی وەرچەرخێ
دوای ئەوە؟ !
باپیر:
دوای ئەوە لە ھەڵدێرەوە بۆ خوارێ

بۆ خەرەند
ھەتا چاو بیبینێ قووڵ قووڵ و تاریکە
بیرێکە.. لەنێوان دوو شاخا
گەر بڕۆن ئەکەونە خوارەوە!
وەرچەرخێن.. دیسان ھەر
ئەکەونە خوارەوە!
زۆراب:
ئەی چی بکەن؟ ! باپیرە

ئەی چی بکەن؟ !
باپیر:
لە جێگەی خۆیاندا.. ئەوەستن.. نابزوێن

تەنیا ھەر باڕەباڕ ئەکەن و ھیچی تر
حاڵی بوون؟ !
مەمەند:
حاڵی بووین.. باپیرە.. حاڵی بووین

بەڵام بۆ باپیرە ئەچنە سەر
لووتکەی وا..
ھەموو جار ھەر ئەچن؟ !
زۆراب:
لەبەرچی باپیرە؟ ! خۆ ئاسکە موبارەک

لەوەو پێش نەچۆتە شوێنێکی وا عاسی
ئەی ئێستە بۆ چووە؟ !
باپیر:
باوانم، ھەموو جار ھەر ناچن

تووش ئەبن.. تووش ئەبن
ھەردووکیان بەیەک دەنگ:
لەبەر چی؟
باپیر:
کە کاتێ پایزان

دار و بار ڕووت ئەبن
بەردی شاخ و داخ
ئەکەونە بەر چاوان سەر تا بن
پەرژینی سروشتی حەشار و لانەکان
بە جارێ ئەوەرێن
جانەوەر.. دەعباکان.. زۆر ئەبن
بۆ نێچیر ئەگەڕێن
ئەو کاتە کە ئاسکێ کەوتە بەر
تەماشای دڕندە
دڕندە بۆی ئەچێ و ئەو ھەڵدێ
ناچارە و ھەر ھەڵدێ
ئەوساکە لە تاوا ڕێیەکی وا ئەگرێ
کە تا سەر دڕندە نەتوانێ
دووی کەوێ.
حاڵی بوون؟
- وچان -
مەمەند:
ئەی باشە باپیرە لە ترسا

وا ئەدا لە باڕژن
ئەترسێ؟
باپیر:
ئا کوڕم ئەترسێ و ھاوارمان بۆ دێنێ
زۆراب:
چی ئەڵێ؟
باپیر:
بانگ ئەکا

لەم جێیەم قوتار کەن
لەم جێیە خەڵکینە.
- وچان، تاریکی -
«شانۆ ڕووناک ئەبێتەوە، شوێن ناو ئاواییە، کوێخا و مام سوو و پیرۆت و سوارە ھەموویان بەکۆمەڵ دەگەڕێنەوە و ئەمجارەیان پیرباڵیشیان لەگەڵە»
سوارە:
ھەر ئەبێ دڕندە.. سا ئیتر چۆن بووە

دیارە ھەر.. ویستوێتی.. کە بیخوا
بەم دەردەی بردووە
جا ئیتر گیانی خۆی لێ بۆتە تەوقێک و،
خستوێتییە سەر ڕەوەز
ئاخ ئاسکە موبارەک
داخی تۆ چەند گەورە و گرانە
کوێخا:
«بە سارد و سڕییەوە»
قودرەتی تەنیا خوا ئەتوانێ

ئەو ئاسکە قوتار کا
ئەگینا مەحاڵە.. بینیتان لە کوێیە!
پیرۆت:
کە باڕژن لێ ئەدا.. وەختە من

لە جێی خۆم گڕ بگرم
ڕوانیتان چاوی چۆن بڕیبووە نێو چاومان
لە تاوا.. زمانی گرتووە
پیرباڵ:
چۆن سەری.. ئاوەھا.. لێ تێک چوو؟ !

پرسێکە وەک چەقۆ
چەقیوە لە دڵم
وسوو:
مام پیرباڵ.. تۆ دنیادیدەیت و ئەزانی

کە دەعبای ئەم وەختە چەند برسین
چەند دڕبن.. ھێندەی تر.. دڕئەبن
نەجێگەی لەوەڕە و.. نەجێگەی ھیچ شتێ
بەتەنیا ھەر جێگەی ترس و بیم
ناچاری و بێکەسی.. پیرباڵ گیان
سوارە:
ڕۆژێکە ئێجگار شووم

ئاخ خۆزگە کوێرێتیم ئەبینی و
نەمدیایە ئەم وەختە
نەمدیایە کە ئاسکە موبارەک
وای لێ دێ
نەتوانێ ببزوێ
کوێخا:
«بە گومانەوە»
مام وسوو.. ھەر ئەبێ دڕندە

بەم دەردەی بردبێ؟ !
وسوو:
قسەی سەیر

چ ملە و ڕێگەیەک.. تەنانەت ھیچ بەردێ
نییە ئەو شارەزای نەبووبێ..
قسەی وا.. ھەر نەکرێ باشترە
پیرۆت:
بزنەکان ئەزانن ڕێی ڕەوەز،

کامەیە و نایگرن..
ئەی چۆن.. چۆن ئاسکە موبارەک
ئەیگرێ..
ئەو کاتە قسەی وا ڕاست ئەبوو
بە چیا نوێ بووایە و.. ئەو کاتە ئەمان وت
ڕەنگ وایە..
کە سەری لە ڕێگە دەرکردن شێوابێ
سوارە:
کارەکە ھەر کاری دەعبایە و ھیچی تر

ئێستاکەش بە ئێمە چی ئەکرێ؟ !
وسوو:
ئەزانن.. ھەمووتان.. ئەزانن

کە ئاسکە موبارەک دێرینە و،
دەمێکە لە سای ئەوەوە..
خەڵک و خوای ئەم دێیە
ھەر خێریان بەسەرا باریوە
لە چاوی ئەوەوە.. دەروونیان بە خەڵکی
دوای خەزان ناسیووە
کێ ھەیە نکوولیی لێ بکا؟
پیرباڵ:
کێ ھەیە؟ ! ئاشکرا

وەکوو خۆر.. شتێکە لەبەرچاو
پیرۆت:
کە ئاسکە موبارەک.. دڵتەنگ بوو

دێکەمان دڵتەنگە
تەنگانەی کە تووش ھات
تەنگانە ئەبینین
کوێخا:
شتەکە ھەر لە دەس خوادایە

بە ئێمە چی ئەکرێ!
وسوو:
کارەسات ئەوەیە.. کە ئاسکە موبارەک

نەمێنێ ھیچ شتێ نامێنێ
ئەو تەنیا یەکێکە و.. قەت نابێ بە دوو
لەدوای ئەو خەزان و ئەم خەڵکە
وەک نەبن وەھایە
ھەر تەنیا بار کردن ئەمێنێ و ھیچی تر
بار کردن.. لە خەزان
یان.. شەیتان داڵدەدان
پیرباڵ:
مەلای دێ.. ئەڵێ چی!

دیار نەبوو.. نایبینم
کوێخا:
لە لای بووم.. کەوتووە و نەخۆشە

ئەفەرموێ.. شتەکە ھەر لە دەس خوادایە
لێ گەڕێن باشترە!
پیرۆت:
چۆن چۆنی لێی گەڕێین؟ !
وسوو:
ھەر تەنیا بار کردن ئەمێنێ و ھیچی تر
پیرۆت:
ئەی چی بکەین؟ !
سوارە:
ئەی ھەر وا.. بوەستین ھیچ نەکەین

باڕژنی نابیسن
وا کێوی کرد بەئاو
کوێخا:
چی ئەکەیت؟ ! ئەتەوێ چی بکەیت

باڵ ئەگری یان ئەفڕی!
پیرۆت:
شتێ بێ ھەر شتێ کە بکرێ
پیرباڵ:
ھیچ ئەکرێ؟ !
وسوو:
چۆن ناکرێ!

وا بارە و ھاتووە و لەم ڕۆژە
تەنگانەی تاریکتر کوا بووە
ئێستاکەش ھەمووتان وا لێرەن
زانیمان کە ئاسکە موبارەک عاسییە،
ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش جێیەتی
زانیشمان ھەر ئەبێ دڕندە
بەم دەردەی بردبێ
بەڵام ئەی نەجووڵێین!
کوێخا:
مام وسوو.. لە ڕێی خوا بەرەو کوێ

ئەجوڵێی.. باڵندە ئەگاتە ئەو جێیە
باڵندەی؟ !
چی ئەکەی چار نییە
پیرۆت:
بمرم و نەبینم بار ئەکەم لە خەزان

ئەو مەرگە و.. نەک ڕۆشتن
پیرباڵ:
بار کردن.. ستەمە
وسوو:
زۆر ڕاستە..

ھەموو شت لە دەستی خوادایە
بەڵام خواش تا ئیستە
دڵتەنگە
کە ئاسکە موبارەک عاسییە
تا ئەویش دڵتەنگە
- وچان -
(-باپیر-ی خەمە)شم بینیوە..

پرس و ڕام بەویش کرد
ئەویش ھەر تاووتووی بە کێشەی گران کرد
گوێ بگرن:
دڵنیام کەس نییە.. بگاتە ترۆپکی ڕەوەزی قەلەڕەش
گوێ بگرن، شاخەوان، چاونەترس
ئەوانەی کە ڕۆحیان ئەخەنە ناو مشت و سەر دەستیان
ئەتوانن بە قۆناغ.. دوای ئەوەی قولاپە
لە کاڵە و پێتاوی تایبەتی گیر ئەکەن
دوای ئەوەی کە دەستیان
بە ئەڵقەی گوریس بۆ ھاویشتن ڕام ئەکەن
سووک سووکە ئەتوانن بچنە پێش
بگەنە نزیکی
لەوێوە ئەڵقەکە بھاون بیخەنە ناو ملی
ئەو شوێنەی من ئەیڵێم شاخەوان بیگاتێ
گەر بگات.. ھەر گوریس ھاوێژێ دوورە لێی
ئەمەشیان ھەر وەھا ئاسان و سووک نییە..
گرانە و زۆر گران
- وچان -
«ھەموو مات ئەبن»
کوێخا:
لە ڕێی خوا.. مام وسوو.. چی ئەڵێی

بۆ خەڵک بە کوشت چێ
ئەمەی تۆ باست کرد لە وزەی کێدایە
ھەر پێیەک بترازێ
مەرگە.. مەرگ
کێئەوەی پێ ئەکرێ
ئەم خەتەی تۆ کێشات
مەگەر شێت ڕووی تێ کات
یان ئەوەی بە دەوری مردندا گڕ ئەخوات
وسوو:
ئا.. کوێخا، ئا.. ئەبێ.. بۆ ئاسکە موبارەک

ئەوانە بێنە پێش
بە دەوری مردندا گڕ ئەخۆن
پیرباڵ:
ئەمەشیان.. ستەمە
پیرۆت:
ستەمە.. بەڵام ئەی نازانن

کە ژیان دوای ئاسک
ئەویشیان مردنە.
سوارە:
بە ڕاستی مردنە
پیرباڵ:
مام وسوو.. ئەو پیاوە لە کوێوە بھێنین

بۆ ئەوەی ئەمەی تۆ ئەفەرمووی
بیکات و ھەناسەی ڕەحەتی ھەڵکێشین
وسوو:
کەس نایە.. پیرباڵ گیان.. کەس نایە

ئەو.. پیاوە ھەر ئێمەین
کردمان وا ئەیکەین و نەشمانکرد
چاوەڕێی کەس مەکەن
کەس نایە
- وچان، لەسەر قسەکردن بەردەوامە -
مەگەڕێن بۆ ڕێی تر..

ڕێگەکە تەنیا ھەر یەک ڕێیە
جێگەکەش یەک جێیە
وا ئێمە لێرەین و ئەویشە لەوێیە
نە ئێمە باڵ ئەگرین.. نە ئەویش
ھەتا زووش بە فریای بکەوین
درەنگە.. چی ئەڵێن؟
- وچان -
«ھەموو بێدەنگ ئەبن، لەم کاتەدا، یەکێک خۆی ئەکا بە ژووردا و ڕوو ئەکاتە ھەموویان»
وا دیارە ئاگاتان لێ نییە

پێش تۆزێ
مەلای دێ
ئێوە خۆش.
«ھەموو تەماشای یەکتری ئەکەن، تاریکی».

پەراوێز edit