ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس ئاسک
٤. تابلۆی سێیەم
«ڕووناکیی کۆرس»
کۆرس:
پایزە و لێواری دێی خەزان

وەک کوڵمی خاوەری گوڵ گرتووی
بەر سەرما ئەلەرزن
قژی ڕەش شۆڕەبیی ناو چەمی شەوانە
کوڕێکیان:
جووتە مەم.. دوو بێچوە کەروێشکی،

سپیلکەی ڕەزەکەی مام وسوون
لە خشپەی سەرپەنجەی کێویلەی
کوڕە شوان ئەترسن
کۆرس:
پایزە و ئاسکەکەی سەر چیا

چیرۆکی میوانیی ناو ھەموو
ژوورێکی ماڵانە
کووژەکەی گۆشەدار لە ملیا
ئەستێرەی ناو خەوی دێرینی ئاسمانە
پایزە و وەک گشت ساڵ
وا ئەمشەو کچ و کوڕ، دڵداران
لە ماڵی کوێخادا
دوو بەدوو قسەی دڵ لە ترسی پێ زانین
ون ئەکەن لە ھاڕەی دەستاڕدا
کوڕێکیان:
ئای ئەمشەو بۆ گیانی کوڕە شوان

ئەبێ چۆن لە عەشقی خاوەردا
گڕ بگرێ تا.. ھەڵسان
کچێکیان:
ئای ئەمشەو بۆ خاوەر

ئەبێ چۆن ئارەزووی چاو ببڕێ
لە سنگی تووکنی کوڕە شوان
کۆرس:
دڵداران ئەزانن کە ئەمشەو

لای کوێخا و کوێخا ژن.. ھەر ھاڕین مەبەستە
نازانن کە دەستی دڵداران
شل نابێ و جێژوان
بۆ ئەوین ھەر کوێ بێ بەھەشتە.
- تاریکی -
«شوێن بە شەوقی قوتیلکەیەک ڕووناک بۆتەوە، دیمەن ژوورێکی ماڵی کوێخایە، نۆبە دەستاڕھێڕی ئەوانە، پیرۆت و خاوەریش ئەم شەوەیان بۆ ڕەخساوە و لەسەر یەک دەستاڕن و بەرامبەری یەک دانیشتوون، لەم دیمەنەدا، ئەتوانرێ، پیرۆت و خاوەر دوو دەستاڕھێڕی تر نیشان بدرێ و ئەوانی تریشیان لەڕێگەی دەنگەوە بناسرێن».
دەنگی کوێخا:
کوڕینە.. قوربانی ئەو دەست و مەچەکەی،

ئێوە بم.. بھاڕن
بھاڕن.. مەسرەون
ھەتاکوو دوا دەنکی ناو جەواڵ ورد ئەبێ
کوڕینە قوربانی بازووتان
بھاڕن دەرفەتە
کوا ئەمشەو بۆ خەوە!
با دڵی کوێخاتان ڕازی کەن
ساڵێکە و ئەم شەوە
دەرفەتە
پیرۆت:
«ھەر بەدەم ھاڕینەوە»
دەرفەتە.. خاوەر گیان.. دەرفەتە

ئەو چاوە ڕەشانەت ھەڵبڕە و
بڕوانە.. سووتانی ناو دڵم..
بمدوێنە.. خاوەرگیان.. بمدوێنە
ھۆ گیانم.. ھۆ ژینم.. ھۆ گوڵم
دەنگی کوێخاژن:
کچینە.. قوربانی ئەو شان و باڵەتان

شان و باڵ نەڕزێ
گوڵینە.. قوربانی ئەو پەلکە ناسکەی
پەنجەتان، کە ئەمشەو وا لەگەڵ
ھاڕیندا ئەلەرزێ
کچینە.. دەی دڵی کوێخاژن ڕازی کەن
کچینە مرادتان حاسڵ بێ و،
بە ھیوای خۆ بگەن
خاوەر:
ئاخ خۆزگە ھەموو کەس بە مراد ئەگەیی

ئاخ خۆزگە ھیچ گوڵێ ژاکانی نەئەدی
پیرۆت:
خاوەر گیان.. بە ھیوای خوا.. ھیوام ڕۆشنە

شوانکاریم ئازاری چەند زۆر بێ
لەبەر تۆ خاوەر گیان.. لەبەر تۆ
لە لای من وەک خۆشاو چێشتنە..
پشت بە خوا ھەر ئەبێ ساڵانی بەردەمم
تەخت کەم
ئاکامیش خاوەر گیان..
پێت بگەم.. پێت بگەم
خاوەر:
ئای پیرۆت کە چوار ساڵ

ڕێگەکەی درێژە و ھەر شەوەی
چقڵێکە و.. لە ئارام ئەچەقن
ئای پیرۆت.. چۆن بڕوا و بەسەر چێ
چۆن پیرۆت؟ !
پیرۆت:
خاوەر گیان.. قەت نەکەی

تو خوا گەر بھێڵی.. دڵی خۆت
تاریک کەی..
«ئاوڕێک ئەداتەوە و دەس ئەخاتە سەر دەستی»
خاوەر:
وامەکە.. ئەترسم

نەک چاویان لێمان بێ
«پیرۆت کە دەنگی کوێخا ئەبیستێ دەستی لەسەر دەستی خاوەر لائەبا»
دەنگی کوێخا:
قوربانی چاوتانم

ھۆ کوڕگەل.. سست نەبن.. بھاڕن
بەتەمای مەچەک و قۆڵتانم
پیرۆت:
بەتەمای ھاتنت.. خاوەر گیان

دوێنێکە لەناو ڕەز ھەتاکوو درەنگان
تا «مشتاغ» ھەڵگرتن
چاوانم لەسەر ڕێ نەترووکان
ئەی بۆچی خاوەر گیان دیار نەبووی
خۆ باوکت لە ڕاو بوو؟ !
خاوەر:
لە دوورە.. دەشتەوە

میوانمان ھاتبوو
بەڵام من.. ھەر دڵم.. لە لات بوو
دەنگی کوێخا ژن:
ئەی دەستە کچانی ڕووسوور و پاکی دێ

کوێخا ژن لە دەوری ئەو شان و قۆڵەتان
بگەڕێ..
سست مەبن.. بھاڕن
کوێخاژن زەنگیانە و موورووتان
بۆ بەینی مێخەکبەند ئەداتێ
پیرۆت:
ئەمجارە.. خاوەر گیان.. ئەمجارە

ھەر بچمە کاروان و بگەمە قەیسەری
من موورووی مەرجانتان بۆ دێنم!
کام گوارەی شۆڕابە و موستیلەی بەورشەی،
جوان ھەیە من ئەوەت بۆ دێنم
خاوەر:
«بەسەر سووڕمانەوە، دەس لە دەستاڕەکە بەرئەدا»
وتت چی؟ ! من موورووی مەرجانتان

بۆ دێنم..
من چەندم.. ھەر خۆم نیم؟ !
پیرۆت:
«بەپێکەنینەوە»
خاوەر گیان ھەردووکتان!
خاوەر:
ھەردووکمان؟ ! ئای پیرۆت ئەڵێی چی؟ !
پیرۆت:
«بەپێکەنینەوە»
خاوەر گیان.. تۆ ئەوی و ئەویش تۆ

ھەردووکتان بۆ دڵی کوڕە شوان
خوێنێکن، خاوەر گیان!
خاوەر:
نازانم.. نازانم ئەڵێی چی.. نازانم

تۆ گاڵتەم پێ ئەکەیت؟ !
پیرۆت:
نە بە خوا.. بەو چاوە جوانانە

ڕاست ئەکەم ھەردووکتان!
خاوەر:
«بەتووڕە بوونەوە»
سا بە خوا لێرەوە ھەڵئەستم

پێم نەڵێی؟ !
پیرۆت:
پەست مەبە.. گیانی من.. پەست مەبە

کچانی ناو خەزان لە لایەک
خاوەریش بەتەنھا لە لایەک
لای ئەوان دەروونی براییم داناوە
لە لای تۆش ھەناوی ئەوینم داناوە
تۆ نەبی چیم داوە.. لەو ژینەی،
ھەموو ڕۆژ تاڵاوی بەقوڕگما کراوە..
«بەپێکەنینەوە»
پەست مەبە.. کە وتم ھەردوکتان

ئەوی تر ئاسکەکەی پیرۆزی چیایە
ئەی تو خوا خاوەر گیان، ملوانکەش
وەکوو تۆ.. لەو نایە؟ !
خاوەر:
«دوای دڵنیابوون»
دە پیرۆت وا بڵێ.. وا بڵێ

ئەو ئاسکە پیرۆزە
نەوەک ھەر بە مووروو ھەق وایە
ملوانکەی بۆ بکرێ
ھەق وایە خەڵکی دێ
- سەرکەلەی – زێڕینی بۆ بکڕێ
پیرۆت:
من ناڵێم.. خاوەر گیان.. من ناڵێم

ھەر بچمە کاروان و بگەمە قەیسەری..
«قسەکەی تەواو ناکات کە کوێخا بانگ ئەکات»
دەنگی کوێخا:
کوڕینە.. کچینە.. بھاڕن

ھێشتاکە جەواڵمان ھەر پڕن
ھۆ سوارە.. ھۆ مەنیج
چەند «کۆتک» ھاڕڕاوە؟ !
دەنگی سوارە:
کوێخا گیان.. وچانمان نەداوە

ھێند نەبێ.. ئارەقمان سڕیوە
ئەوەندەی حەز ئەکەی
ئەوەندەش کۆتکمان ھاڕیوە
دەنگی کوێخا:
با بازووی دەستاڕھێڕ ھەر خۆش بێ

قوربانی چاوتان بم بھاڕن
سست مەبن، سست مەبن
وا من و کوێخاژن خەریکی ترێی ناو،
قوڵینە و بەرچنەین
ھەر دەستمان بەتاڵ بێ
سەرێکتان لێ ئەدەین
- وچان -
پیرۆت:
خەو.. سەیرە..

ئەزانی خاوەر گیان.. دوێشەو لەخەوما
چیم بینی؟ !
خاوەر:
خوا بەخێری بگێڕێ
پیرۆت:
لە شوێنێ وەک لەوبەر سیروان بم ئاوەھا

تۆ بووک بوویت بەسواری ھاتیت و،
دامگرتی
کە تارام لەسەر سەر لابردی
خاوەر گیان! خاڵەکەی سەرگۆنەت
لەپڕ بوو بە ھەنگ و ھەڵفڕی
خەو سەیرە.. خاڵ بفڕێ.. خەو سەیرە
دوای ئەوە خاوەر گیان..
خاوەر:
«قسەی پێ ئەبڕێ»
خەبەرت.. بووەوە؟ !
پیرۆت:
نا.. نا.. نا لە خەوما

ئینجا ھەر ئەوەندەی پێ نەچوو
ئاسمانی سەر سەرمان ئەیگرمان
ڕەنگی زەرد ھەڵگەڕاو،
بەفرێکی.. سوور باری
خەو سەیرە.. بەفری سوور.. خەو سەیرە
دوای ئەوەش خاوەر گیان..
خاوەر:
ئەمیشیان لەخەودا؟ !
پیرۆت:
ئا.. ئا.. ئا.. دوای ئەوەش لە خەوما

تووتڕکێ ئاڵابوو لە سنگم
چەندم کرد کە بە دەس ڕایکێشم
تووتڕک بەرنەبوو لە سنگم
لەپڕدا داچڵەکیم. کە ھەستام
ئەزانی چیم بینی.. ئەزانی
«قاقا دەست ئەکا بەپێکەنین»
ئەبینم.. بە ڕاستی

وا مشکێ ھاتۆتە سەرسنگم
«پێکەوە دەست ئەکەن بەپێکەنین»
- وچان -
خاوەر:
تۆ مەلاش ببینە..

خەونامەی مەلای ڕەش ھەر نییە..
ئەوەندە پیرۆزە..
خێر ئەبێ
لە خەوا.. خاڵ بفڕێ و،
بەفری سوور ببارێ
- وچان -
دەنگی کوێخا:
ھۆ.. پیرۆت
پیرۆت:
«وەک داچڵەکێ»
ھۆ بەڵێ.. ھۆبەڵێ
دەنگی کوێخا:
ئەوە بۆ.. بێ دەنگی، دەستاڕھێڕ

با تاقەت پەیدا کەن
با نەڵێن لە نۆبەی ئەواندا
کۆڕ سارد بوو..
حەیرانێ.. دەی پیرۆت.. حەیرانێ
دەنگێ:
بەساقەی چاوت بم

ئا.. ئا.. دەی حەیرانێ
پیرۆت:
بە چاوان کوێخا گیان بە چاوان

ھەر ئێستە، تۆ و حەیران؟ !
خاوەر:
«بەدەم زەردەخەنەوە»
بەدڵی.. خۆت بیڵێ

ئەوە بێ.. جارەکە.. لەناو ڕەز
بۆت وتم!
پیرۆت:
«ئامادە ئەبێ و دەست ئەکا بە وتنی ئەم حەیرانە، کە کوت و مت وتەکانی لە حەیرانی ئەسڵییەوە وەرگیراوە»
'حەیران.. حەیرانە.. حەیرانی لێ دێ

بەژنی نازدار حەیرانێم.. چەندە بڵندە،
کەمەرەی لێ دێ
دەستی من دامێنی ئەوان وەستاو وەستاکاران بێ
کەمەرەیەکی درووست بکەن بۆ نازدار حەیرانێ
نەگرن بە گازێ لێ نەدەن بەچەکوچێ
لەسەر دەستی خۆیان دابنێن لەمابەینی عەرد و عاسمانان
بەڵکە باری تەعالا.. بە قودرەتی خۆی
دادەڕژێنێ کەمەرێ، ئەوجا نازدار حەیرانەکەی من
شلک.. شلک.. تەنک.. تەنک
بیبەستێ و پێی بێتەوە جێ ژوانێ
کچ وتی: گەلی دەستە خوشکان ئەنگۆ خەبەرێکی لۆ من
بدەنە کوڕەتیم.. حەیرانێ.. بمگاتێ
داخوازیکەری من ھاتینە بابێکی گەلێ بێدینم ھەیە
زۆر دەترسم بمداتن
کوڕەتیم حەیرانێ دڵێ: ئەنگۆ جوابێکی بدەنە
نازدار حەیرانێ، سەبرێکم لێ بگرێ
شەرت بێ لەو بەندەی دەربێنم
یان بە ماڵی دنیایە
یان بە زەبری خەنجەرێ'
«ھەر کە کوڕە شوان لەوتنی حەیرانەکە ئەبێتەوە یەک دوو دەنگ لەم لا و لەو لاوە بەرز دەبنەوە».
دەنگی یەکەم:
ئەی دەنگت نەڕزێ.. کوڕەشوان

بۆ خۆت و حەیرانت..
بەھیوای خۆت بگەیت
کوێر نەبێ چاوانت
دەنگی دووەم:
ئەی دەم خۆش

ئەی ھەزار ڕەحمەتیش
لە گۆڕی مردووت بێ
وەک ئاوا دەمارت بزواندین
دەنگی کوێخا:
ھەی دەم خۆش.. ھەی دەم خۆش

ئاوەھا.. با تینی ماسوولکەی دەستاڕھێڕ
گوڕ بدا.. بە جەستە و سست نەبێ
خاوەر:
«بە دڵێکی خۆشەوە»
قەت دەنگت نەڕزێ

ھەمووی ھەر بۆ من بوو
وانییە؟ !
پیرۆت:
خاوەر گیان.. تا چاوتان.. دیار بێ لێم

تۆ و ئاسکە موبارەک
من دەنگم وەک سەرم بڵندە
تۆ بڵێ و ھەر بڵێ
ئەوینمان نەڕزێ.. خاوەر گیان
ئەوینمان
- وچان -
«پیرۆت.. بەوردی ئەڕوانێتە چاو و گەردن و سنگ و مەمکی خاوەر و دەست ئەخاتە سەر دەستی».
خاوەر:
بۆ وەھا ئەڕوانی

ئەڵێی قەت نەتدیتووم
پیرۆت:
ئاخ خۆزگە ئێستاکە

ناو باخ و ڕەز بووایە
ئەوساکە ئەمزانی!
خاوەر:
لەبەرچی؟ !
پیرۆت:
تێر.. تێر.. تێر

ئەو خاڵ و گەردنەم ئەمژی
خاوەر:
«بە شەرم کردنەوە»
سووک.. سووک.. سووک بدوێ

نەء.. نەء.. نەء.. ئەڵێی چی؟ !
- وچان -
پیرۆت:
«بەدەنگێکی بەرز بانگ ئەکات»
ھۆ.. سوارە.. سوارە گیان
دەنگی سوارە:
پیرۆت گیان.. ئەڵێی چی؟ !
پیرۆت:
خۆ بیرت نەچووە.. وەختێتی

چارێکی ئەو ئێسک گرانەم بۆ ناکەی
ھەتا کەی؟ ! وەختێتی
دەنگی سوارە:
لە منت نەکەوێ.. لە بیر چوون!

ڕاوەستە بزانە ھەناسەی لێ نابڕم
بۆ ھەر تۆی پەرێشان؟ !
تۆ ئاگات لێم نییە.. پارچەیەک ئاگرم
پیرۆت:
چووزانم؟ ! وتم نەک لە بیری کردبێ
دەنگی سوارە:
دەرفەتە و.. دەرفەتیش زۆر تەنگە

دەست و برد..
پیرۆت:
کەیە.. کەی؟ !
دەنگی سوارە:
دوای چوار پێنج مشت ھاڕین

ئەڵێی چی؟ !
پیرۆت:
زۆر چاکە.. زۆر چاکە

چاوەڕێم.. خێرا کە..
خاوەر:
«تێ ناگات»
چیتانە تۆ و سوارە

ئەڵێن چی؟ !
ئەو ئێسک گرانە.. کێیە.. کێ؟ !
پیرۆت:
«بەدەنگێکی نزم و سەر ئەباتە پێشترەوە»
خاوەرگیان.. ئەڵێین چی!

حەز ئەکەین ھەر قەیرێ
تاریکی دەرفەت با..
«لەم کاتەدا، شتێک ئەگیرێتە قوتیلکەکە و ئەکوژێتەوە و شانۆ تاریک ئەبێ»
دەنگی خاوەر لەتاریکیدا:
ئەمەندەش فێڵبازی؟ !

پەراوێز edit