ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس ئاسک
٣. تابلۆی دووەم
«شانۆ ڕووناک ئەکرێتەوە، کۆرس بە گۆرانییەوە، ئەم شیعرە ئەڵێن، پێ بە پێی ئەو ئاوازەی دانراوە، دەرھێنەر ھەڵسوکەوتیان ڕێک ئەخات، شوێنەکانیان دیاری ئەکات»
کۆرس:
ڕۆژ ئەڕۆی.. شەو ئەڕۆی

پیرۆتی ھەڵقرچاو لە کونی شمشاڵدا
ئاوازی عەشقێکی لە زامدا باڵگرتووی،
بۆ خاوەر لێ ئەدا.
تاک لەناو کۆرسەوە:
ئاسکی پیرۆزیش ئەیزانی

ئەو عەشقەی کوڕە شوان ھەتا بێ
لە ڕەزی ناو دڵی خاوەردا
ھێشووی گڕ بە پەلکی خوێنەوە جێ دێڵێ
کۆرس:
کوڕە شوان بە ڕێگەی بریندا

ڕەنجی خۆی کێش ئەکرد بۆ کوێخا
بەو مەرجەی قڕانێ وەرنەگرێ و
دوای حەوت ساڵ خاوەری پێ بدا.
تاک لەناو کۆرسەوە:
ڕۆژ ئەڕۆی.. شەو ئەڕۆی

ئاسکی ئەوینی ناو گیانی کوڕە شوان
ھەناسەی ڕۆژگاری ئەژمارد و،
فرمێسکی لە ڕووی شەو ئەپژان.
- تاریکی -
«ڕووناکی، حیکایەتخوان دێتەوە سەر شانۆ»
حیکایەتخوان:
«لەناو چەپکە تیشکێکدا»
پایز ھەر لە قژی درەختی ئەڕنی و

ئەیدایە.. دەستی چەم
چەم ئەڕۆی.. دەسکەنەی ئەو قژەی
بە زەریا دوورەکان ئەگەیان
پایز ھەر لە گوندی خەزاندا
دەواری کزەبای بەفرینی ھەڵئەدا و
کزەباش.. ھەناسەی ئاسک و شوانەکەی
سەر چیای
بە دەستی ڕەشەبا سوورەکان ئەگەیان.
- وچان -
ھەواڵی.. ئاسکە موبارەک

گەیشتە خوار پێدەشت
ھەواڵی ئەوینی خاوەر و کوڕە شوان
تا ئەھات..
پەل و پۆی بە دەوری ئاوایی و
گشت لادا ئەھاویشت
مام وسووی ڕەزەوان چەند ڕۆژێ
پێش ئێستە..
لەسەر ڕێی ڕاو کردن بە کوێخا.. گەیشت
پیرۆتی دڵداری ھاتەوە بە بیردا
بەڵێنی خستەوە بیر کوێخا
وای پێ وت:
«ئەڕوات»
«ھەموو شانۆکە ڕووناک ئەکرێتەوە، دیمەن سەرە ڕێیە،
مام وسوو بە کوێخا ئەگات»
وسوو:
ماندوو نەبی.. کوێخا بایز.. ماندوو نەبی

دەس ڕەنگین بی و.. نێچیرت قەڵەو بێ..
کوێخا:
ئەی بەرخوردار بی.. مام وسوو

ئەی تۆ چۆنی؟ ڕێوییەکانت لە چیدان؟
وسوو:
نابڕێنەوە.. کوێخا بایز.. نابڕێنەوە

بەڵام منیش چاک قڕم تێ خستوون
گەر وا نەکەم.. بڕوا بکە
وێرانی ئەکەن ڕەزەکەم.
کوێخا:
بیرم نەبوو:

ئەمساڵ چەندت کردووە بۆ حەیوانەکان؟
وسوو:
وەڵڵا کوێخا.. دوو «دێم» لە پار

زیاترە و ھێشتا ھەر دڵم
دانامرکێ!
کوێخا:
بۆ مام وسوو بۆ؟ !
وسوو:
کوێخا بایز.. ئەترسم زستانی ئەمساڵ

سەختتر و دژوارتر بێ لە ھی پار
کوێخا:
نا.. مام وسوو.. مەقڕێنە!
وسوو:
کوێخا گوێ بەینێ باشترە

زستان وەک مار بێ‌ئامانە
کوێخا:
تۆ واز بێنە لەم قسانە

من دوو رۆژە چاو ئەگێڕم
بۆ ئاسکەکە و.. نایبینمەوە
دیار نەماوە!
وسوو:
کوێخا بایز: خوا نەکا.. خوا نەکا دیار نەبێ

من بەردەوام ھەر ئەیبینم
بەڵام ئەوە چەند ڕۆژێکە خووی داوەتە
بەر ئەشکەوتی میری میران
لەوەڕگەی ئەو ناوە بژوێنە
«کەمێک بێدەنگ ئەبێت و لائەداتە سەر باسێکی تر»
کوێخا بایز.. وابزانم.. لەو کاتەوە

کە پیرۆتت کردۆتە شوان
گورگ پارێزی لە ڕانەمەڕ
لێ تێک چووە و
ئەمساڵ لە کوێ لەگەڵ ساڵان
کوێخا:
ڕاستە وایە: بەڵام پیرۆت ماوەیەکە

زیاد لە جاران.. خووی داوەتە
شمشاڵ لێدان
ئەترسم غافڵ بێ و مەڕەکان
زیانیان لێ کەوێ.
وسوو:
نەئیشەڵڵا.. پیرۆت زیتە و ئاگام لێیە

سەر بە سەر
وەک چاوی خۆی ئەیپارێزێ ڕانەمەڕ
کوێخا بایز جگە لەوەش،
ئەو بەڵێنی بە تۆ داوە و
تۆش بەڵێن بەو
کوێخا:
لە بەڵێنم پەشیمان نیم

بەڵام من ھەر زوو وتوومە
ئەبێ ئەویش شوانکارییەکەی وەھا بکا
من ڕازی کا
جارێ ھێشتا ئەویش چوار ساڵ
ڕێی لە بەرە و.. خوا ئەزانێ چیمان لێ دێ!
«بەدەنگێکی نزم»
من حەز ناکەم.. وا حەز ئەکەم

تۆ پێی بڵێ..
خۆ ھەرچەندە ھیچ نەبووە
بەڵام ئەویش با ئەوەندە لەم لا و لەو لا
بەڵای قسەمان لێ لادا
خۆت ئەزانی دنیادیدەی
ھێشتا پیرۆت لە کوێیەتی و چی کردووە!
«پیرباڵی ئاشەوان لەو بەرەوە ئەڕوات، کوێخا بانگی ئەکات»
کوێخا:
ھۆ.. ھۆ.. پیرباڵ

لادە ئێرە
پیرباڵ:
«دوایی ئەگاتە لایان»
فەرموو کوێخا منت بانگ کرد؟ !

مام وسوو گیان.. حاڵ و ئەحواڵ
شوکر باشی..
«لائەکاتەوە»
وسوو:
خوا دەس بە باڵتەوە بگرێ
کوێخا:
ئەوە بۆ کوێ وا بەپەلە

خۆ ئاشەکە باش ئەگەڕێ؟
پیرباڵ:
وەڵڵا کوێخا.. سا ئیتر وا بەلەقەلەق

ئێمەش لەگەڵ پیرە ئاشدا کوتاومانە
ئەوە وتیان کاروان لە شار ھاتۆتەوە
ئەچم حەمەی سەرقەتارچی ببینم.. تا..
کوێخا:
«قسەکەی پێ ئەبڕێت»
حەمە؟ ! حەمە بۆچی
پیرباڵ:
بە خوا.. ئاوا بەر لە مانگێک

پارەم دایە.. ئەگەر ھات و ڕێی کەوتە شار
مت و موورووم بۆ بھێنێ
وسوو:
«بە سەر سوڕمانەوە»
متو مووروو؟ !
کوێخا:
مت و مووروو؟ تۆ مت و موورووت بۆ چییە؟ !

کچت ھەیە! بۆ پیرێژن؟ !
ئەی خۆ ناشێ
تازە سمێڵ قیت کەیتەوە و..
خۆتمان لێ کەیت بە کوڕێکی چواردە ساڵ
مرخ لە ژن خۆش کەیتەوە
پیرباڵ:
نەوەڵڵا.. بابە.. من و ژن

مەیموون خۆی لە خۆیدا جوان نەبوو
بەڵام ئاوڵەشی دەردا
نە بابە.. نە.. پیرێژنیش تازە لە ڕێی
چیدا ماوە!
«بیر ئەکاتەوە»
وسوو:
ئەی کەواتە مت و مووروو

ئا.. ئا.. زانیم.. زانیم
«بیر ئەکاتەوە»
کوێخا:
چیت زانی.. ھا؟ !
پیرباڵ:
ڕاستێکەی ئەوەیە.. من نەزرم لەسەر بوو

مت و مووروو بھۆنمەوە و.. بیکەمە مل
ئاسکە موبارەک.. ئێستاکە زانیتان؟ !
وسوو:
من وتم ئەیزانم

تا بڵێی نەزرێکی پیرۆز و پەسەندە
کوێخا:
بێقەزا بی.. وتم ئاخۆ

ڕاسپاردەی چیت کردووە
مت و مووروو لە گەردنی ئاسک بکرێ و نەکرێ ئەبێ
جێگەی کام شتت بۆ بگرێ
ھەی ماڵ شێواو.. ڕاسپاردەی
پووشێ خورمات بکردایە.. چاکتر نەبوو
ئێمەش یەک دوو دەنکمان بەرکەوتایە
چاکتر نەبوو.. ھەی ماڵ شێواو!
وسوو:
نەء! کوێخا.. نهء! چۆن وا ئەڵێی

ئەو دیارییەی بۆ ئاسکە موبارەک بێ
موفەڕکێکە ئەبێ لەسەر سەر ڕاگیرێ و،
ماچیش بکرێ
تۆزێ وەفا.. کوێخا بایز.. تۆزێ وەفا
کوێخا:
دیسانەوە ھاتینەوە سەر ئاسکەکە

چەند نەگبەتین..
بەسە.. بەسە وا باشترە
ئەم باسە بگۆڕین
ماڵتان شێوێ لە بیرتان بردمەوە
من ویستم چی بڵێم
پیرباڵ:
کوێخا دەی.. ئێ.. فەرموو

ھیچ کارت بوو؟
کوێخا:
سبەی شەوێ.. نۆبە دەستاڕ

بۆ ماڵی ئێمەیە و
ھەموو شت ئامادە و
چاوەڕێین کچگەل و کوڕگەلی ئاوایی
بگەنە لامان و دەس پێ بکا دەستاڕ ھێڕی
تۆ.. مام وسوو.. مەنیج گورجە و
تۆش پیرباڵ گیان.. ھەر لە ڕێوە
حەمەی دارکەن ئاگادار کە
بیری نەچێ.. خۆی بێ
یاخود سوارەی ئەولامان بۆ بنێرێ
لەدوای ئێمەش نۆبە دەستاڕ لە کوێی تر بێ
بانگ ھەڵدێرین
ماڵ لەدوای ماڵ ئەیڕەخسێنین
چاوەکەمن.. بیرتان نەچێ
پیرباڵ:
کوێخا بایز.. ھەموو ساڵێ وا نەبووە؟ !

بیرمان ناچێ
وسوو:
منیش مەنیج و گوڵچینتان بۆ ئەنێرم
- تاریکی -

پەراوێز edit