ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس ئاسک
٢. تابلۆی یەکەم
دەرھێنەری شانۆگەرییەکە:
'لەگەڵ دەست پێکردندا، باڕژنی ئاسکێ ئەبیسترێ، بێدەنگی، پەردە بەئاستەم ئەکرێتەوە و دەرھێنەر دێتە پێشدەمی شانۆکە و ڕوو ئەکاتە بینەران:
میوانە خۆشەویستەکان، شەوتان ڕووناک

چاوتان ڕووناک..
بەخێر ھاتن بۆ بینینی ئەو چیرۆکەی
لەم ساتەوە
وشەکانی ئەبزوێن و ئەبنە تابلۆ و
ئەبنە ئەکتەر..
تا تەماشای وردی ئێوە لە سەرەڕێی،
بەسەرھات و.. ناوگێژەنی کارەساتا،
ڕاگرێت و.. بیکا بە سەرپشک و ڕابەر
***
میوانە خۆشەویستەکان

من تەنیا بۆ ئەوە ھاتم..
دیدەنیتان لە ماڵی ئەم شانۆیەدا
وەک ماڵانی کوردەواری
بخەمە سەر دیدەکانمان
من پێش بینینتان ناکەوم
«ئاسک» چییە و چۆنە و بۆچی؟ !
ئەتانەوێ و ناتانەوێ؟ !
ڕقتان لێ بێ و خۆشتان بوێ
من نادوێم و شانۆکەمان:
با خۆی بدوێ
میوانە خۆشەویستەکان من ئەڕۆم
لەگەڵ «ئاسک» جێتان دێڵم
دیسانەوە.. شەوتان ڕووناک
دڵتان ڕووناک.
«ئەڕوات»
«پەردەکە بەتەواوی ئەکرێتەوە حیکایەتخوان، لە جێگەی بۆ تەرخانکراوی خۆیدا ئەبینرێ، لەم دیمەنەدا، دیوی ناوە و بنەبانی شانۆکە و ڕووناکی بەتەنیا لە بەژنی حیکایەتخوان ئەدرێ و بەپێی ھەموو بزووتنەوەیەکیشی چەپکە تیشکەکە لەگەڵیا ئەڕوات».
حیکایەتخوان:
ھەبوو.. نەبوو.. دێرزەمانێ

کاتێ باپیرە گەورەمان
تین و تاوی بازۆکانی ئەچوون بە گژ
تاوێرەبەردی چیادا
کاتێ ھێشتا خوێنی لاوی ئاگرێ بوو
لە لەشیاندا و
چۆکی بە تۆف و وەیشوومەی
گەوەی شاخەکان دائەدا
سەردەمێ بوو.. ژیان ئاوا بەرپێکانی
ڕۆشن نەبوون
پەنجەرەی بیر.. لەسەر وشە داخراو بوو
نسێی زانین.. بەستەڵەکی بێ ھەتاو بوو
لەو رۆژەدا.. ھۆشیش وەکوو قوتیلەکان
کز ئەسووتا
نەیئەتوانی تاریکایی ناو دارستان
ڕووناک بکا
ھەژارەکان لەناو گەرووی،
مەرگ و ژاندا
پارووی گریاویان قووت ئەدا
تا گزنگیان ئەخستە ناو:
دوای ئێوارەی ئەموستەچاو
ڕەنجیان ئەدا و.. ڕەنجیان ئەدا
***
لەو دەمەدا..

پەندی پیران.. ڕاڕەوێ بوو
یاسا لەناو ئەودا ئەزا
گرێ کوێرەی گیروگرفت
ئەدرایە دەس خۆشەویستی، بیکاتەوە
تاکوو گفتار.. لە ئاوێنەی ڕۆژگاردا..
شەوقی چاکە بداتەوە..
ڕۆشنی کات بەپێی کردار
***
ھەبوو.. نەبوو لەو دەمەدا

گوندێ ھەبوو
پێیان ئەوت: گوندی «خەزان»
لە بناری چیایەکدا.. ڕاکشابوو
سەری لەناو نزارێکدا و،
قاچەکانی لەناو شەپۆلی تووڕەبووی،
چەمێکدا بوو..
چیا ھەزار بە ھەزار و سەخت و سەرکەش
گەلیی تەنگی
پلەی خزی
ملەی بەرزی
ئەشکەوتی قووڵ و زەبەندی
جەنگەڵی و.. دار و دەوەندی
مووچڕکی ترس و سامیان، تیا:
نشیمەن بوو
***
پایزێ ھات.. سەرمای چیا

داروباری ڕووت کردەوە
چەم.. ھەڵلەرزی
شوانەی گوندی مل نوقم بووی
ناو فەرەنجی..
دەستی سەر گاڵۆکی تەزی
خەڵکی خەزان..
بەر لە ھێرشی ناکاوی تووشی زستان
کەوتنە خۆیان
«تاریکی، ئەڕوات»
«شانۆ ڕووناک ئەبێتەوە، دیمەن گوندەکەیە و شوانی گوند (پیرۆت)ە و بەقەد پاڵی چیاوەیە و پاڵی داوە بە گابەردێکەوە و خەریکی شمشاڵ لێدانە، ھەر دوای چەند ساتێ، بەبێزارییەوە، شمشاڵەکەی ئەکاتەوە بە بەرپشتێنەکەیدا و ھەڵئەستێتە سەر پێ و ئەکەوێتە ھاتووچۆ کردن، ئینجا لەبەر خۆیەوە ئەڵێ»:
پیرۆت:
چوار ساڵ.. چوار ساڵ.. چۆن تەواو بێ؟ !

ئەی کێ ئەڵێ تەواویش بێ..
ئەو.. ئەمداتێ
ئەی کێ ناڵێ ھەموو ڕەنجم بە با نادا
ئەی کێ ناڵێ؟ !
- وچان -
وەک دڵی.. ئەم دێیە دڵم لەو کرمێیە
- وچان -
خوێنی ئەکەمە کاسەوە

چۆنی نادا؟ !
واجارێ سێ ساڵیم پسان
خوا گەورەیە.. خوا.. خوا
- وچان -
نەء.. ناتوانێ.. گوندی خەزان

گەورە و بچووک.. لەو بەڵێنە ئاگادارن
ئاشنا و ڕۆشنا.. لەگەڵ مندان
نەء.. ناتوانێ!
- وچان -
ئاخ شوانکاری.. ئاخ تەنیایی

ھەر خۆم، بێکەس، خوایە.. خوایە
بۆ نەتدامێ تەنیا خوشکێ
گەر وا بوایە..
ئێستە من وا کوێرەوەریم
ئەم شاخ و ئەوشاخ ئەگێڕا؟
- وچان -
ماڵم ئەبێ؟ !

ئەبمە خاوەن چەند سەر مەڕێ؟ !
خۆم بۆ خۆم شوانێتی ئەکەم؟
تەم لەسەر چاوم لائەبەم؟
«بێدەنگی، زەردەخەنەیەک ئەیگرێ، گوڕ و تینێکی دێتەوە بە بەردا».
بەڵام لەبەر چاوە جوانەکانی خاوەر

چۆن دەربەست بێم؟
چۆن بھێڵم.. کە بێزاری دڵ کوێرم کا و
ترس لە گیانم بنیشێ
دەربەست نایەم.. ئەھێنێ گەر
چاوەڕوانیم.. دە ساڵی تر توول بکێشێ
دەربەست نایەم،
دەربەست نایەم!
- وچان -
مەلای دێ

ئەو دنیادیدەیە
ڕاست ئەکا.. پێم ئەڵێ:
کوڕم ئارام
ئارامی ئەیوبت ھەبێ.
- وچان -
مەلام دی پێی ئەڵێم

قوربان تۆ.. ھەر ئەڵێی.. ئارامی ئەیوب و..
پێم ناڵێی.. کام ئەیوب؟ ! لە کوێ؟ !
پێی ئەڵێم: حەز ئەکەم بزانم
ئەو.. چەند ساڵ.. ئارامی گرتبوو
ئەویش ھەر وەکوو من
حەزی لە:
خاوەرێ کردبوو
- وچان -
«مام وسووی ڕەزەوان دێتە ژوورەوە، ئەگاتە لای پیرۆت، سڵاو دەکا و لە تەکیەوە دائەنیشێ»
پیرۆت:
وەی سەرچاو مام وسوو

ونی.. ون.. ناتبینم
قسەتم ئەوەندە پێ خۆشە
وەک تینوو وەھام بۆی
پێم ناڵێی.. تۆ لە کوێی؟
وسوو:
پیرۆت گیان.. نازانی

ئیش و کار ھێندە زۆرە
لە بن دێ؟ !
خوا ئاگای لێیەتی
سرەوتم ھەر نییە!
پیرۆت:
ڕاست ئەکەیت.. ئەزانم خۆت تەنیا و

ڕەزەکەش..
وسوو:
«قسەکەی پێ ئەبڕێ»
مەپرسە.. ئەوەتەی ھەستاوم

من ھەر داو دائەنێم بۆ ڕێوی
ئەزانی.. چی ئەکەن بەو ڕەزەم
مەپرسە.. ئەم سەرەم چەند قاڵە
وەڵڵاھی نازانم چی ئەکەم!
پیرۆت:
پێم بڵێ.. ئەمڕۆکە.. ھیچت گرت؟ !

پێوە بوون؟ !
مام وسوو.. گوێ بگرە
ئەمجارە چەندت گرت.. ھی منن
وتت چی؟ !
وسوو:
دوێنێ چوار پێوە بوون

چاویان وەک
پشکۆی ناو.. ئاگردان
زیتە زیت
بریسک و ھۆڕیان بوو
پێش وەخت.. من قەولم پێ دابوو
ناردمن بۆ کوێخا
«بەپێکەنینەوە»
دیارییەک بۆ ماڵی کوێخا بێ
ئەی دیاریی تۆش نییە؟ !
پیرۆت:
«مام وسوو دێتە پێشەوە»
مام وسوو.. گوێ بگرە

تو خوا گەر گوێ نەگری..
گێژاوی ناو سەرم.. ھەتا بێ
تووڕەتر.. دەروونم لوول ئەدا..
وسوو:
گوێم لێتە.. گوێم لێتە

ئەزانم چی ئەڵێی
باس.. باسی خاوەرە.. وا نییە؟ !
سەیر ئەبێ.. نەیزانم.. گێژاوی ئەو سەرە
لە کوێدا.. ئەبێتە.. تەنوورە!
پیرۆت:
مام وسوو.. پێش پێی تۆ

لە دڵما وام ئەوت:
تۆ بڵێی کە کوێخا.. دوای ئەوەی
چوار ساڵەم تەواو کرد
بەڵێنی بشکێنێ و.. خاوەرم نەداتێ
تۆ بڵێی ئەوەندە ناپیاو بێ!
ئەڵێی چی.. مام وسوو.. ئەڵێی چی؟ !
وسوو:
تۆ قسەی سەیر ئەکەیت

چۆن نایدا؟ !
ھەرچەندە.. نەگریسە و.. چاوچنۆک
شتی وا.. چۆن ئەکا
ئەی دەستی لە بەردەم مەلادا..
نەخستە سەر قورئان
پەڕ و باڵ دەرئەکا
ڕوو ڕەشی بەر دەرگای خوا ئەبێ
چۆن شتی وا ئەکا
تۆش نەڵێی بێکەسم.. ئێمە چین؟ ! پیرۆت گیان
با دڵت ختوورەی وا نەکا!
ماڵ خراپ.. ئای کە تۆش.. وەسواسی
پیرۆت:
ئەڵێم.. ئێ.. دنیایە..

دنیای واش.. تا ئێستە.. سووڕانی
بە دڵی وەک پیاوی کوێخایە
وسوو:
لەسەر خوا.. تۆ جارێ

ھێشتاکە.. لەکوێتە!
سێ ساڵیت بڕیوە و.. چواری تر.. ھەر ڕێتە
بڵێی: چی ناچاری ئارامت بڕوێنی
ناوچەوان وای ھێنا
خوا نەیکرد خوشکێکت بداتێ و
تا وەکوو ئەم خەڵکە تۆش بیدەی بە ژنێ
- وچان -
ئەزانم: شوانکاری و شاخ نشین

گرانە و.. نانەکەی ھەتاکوو دێتە چنگ
ئازاری.. وەک ھەویر ئەتشێلێ
بەڵام تۆش ھێشتاکە ھەڕەتی لاویتە و
خۆ مادەم خاوەریش دڵی خۆی بەپاکی
پێ داوی..
کێی ترە.. گاسنی بتوانێ.. دڵی ئەو بکێڵێ!
- وچان -
پیرۆت:
مام وسوو.. ئەی تو خوا.. خاوەر چۆن،

کچێکە.. تۆ بیڵێ
ھەر وەکوو ئاسکە موبارەک وا نییە؟ !
بۆ پاکی و بۆ جوانیش لەو ناکات؟
نازانم.. مام وسوو.. ئەڵێی چی..
دڵی من بێ ھیچیان ھەڵناکات!
وسوو:
ئۆباڵی.. قسەی خۆم بە گەردن

کچی وا.. ڕووسوور و، داوێنی وەھا پاک،
دەگمەنە.. وتەمە.. تا مردن
دەی ڕۆڵە.. ئاسکە موبارەک پیرۆز بێ خۆی بدا
بە بەختی ھەردووکتان
ھۆ پیرۆت نیزای من گیرایە
ئاسکە موبارەک.. پشت ھەڵکا.. لە ھەر کەس
خوا بەڵای لێ ئەدا
ئەوەتەی ئەو ھەیە و ئەم دێیە
خێر بەسەر پیاو چاکا.. ئەبارێ و
دەروونمان بێ قۆرت و گرێیە!
پیرۆت:
مام وسوو.. دەی تو خوا

بەو دەنگە شیرینەت.. شتێکم لە بەیتی
ئاسکە موبارەک بۆ ناڵێی
نازانم.. لەو بەیتە تێر نابم
تا مابم!
وسوو:
بەیتێکی درێژە.. ئەو جارەش پێم وتی

چەند جارێ ئەم گوندەی خەزانە و
ئەم خەڵکەی..
پاراست لە فەوتان و مردن و نغرۆ بوون..
چی بڵێم؟ !
پیرۆت:
دەی تو خوا، با دڵم ھێندەی تر

بسووتێ و بڵێسەی باوەش کا
بەو دەنگە خۆشەتا.. دەی تو خوا
وسوو: «وسوو دەست دەخاتە پەناگوێی و تێ ئەچریکێنێ»
بۆ بەیتی ئاسک، ئاسکە موبارەک.. گوێ بکەن بە دڵ
دڵ بکەن بەگوێ، ئاسک فریشتەی لای خواوەندە
لە ئاسمانەوە ھاتۆتە ناو دێ. ھەور سەرێتی،
ھەتاو ڕەنگێتی، ئەستێرە چاوی، ھاژە دەنگێتی،
ھەژاران خوێنی، بەفر سەرینی، لە کوێ گوڵ بڕوێ،
لەوێ ئەیبینی، بۆ بەیتی ئاسک، عاشقان با بێن
وەکوو خۆر ھەڵبێن، سەودایە و سەودا، سۆزی
ئەم بەیتە، پەنجەی گزنگە و گڕ لە تاریکیی خەزان،
بەرئەدا، خەزان ئەزانێ چۆن لە باوەشی درەختی
خۆیدا ئەو ھەڵئەگرێت و لە کام ڕووباری
ئەوینی پاکیا دەم ئەنێتە دەم، ئاسۆی برینی..
«بێدەنگ ئەبێ ڕوو ئەکاتەوە پیرۆت»
پیرۆت گیان.. ئەوەندەی بۆ ئەمڕۆ
درەنگمە و ڕەزەکەم تەنیایە
«ھەڵئەستێتە سەر پێ»
پیرۆت:
مام وسوو.. پێم وتی:

تینوێتیم لەو بەیتە قەت ناشکێ
بەر لەوەی کە بڕۆی.. پرسیارێ
ئاسکە موبارەک.. پێش وەخت،
ھەست ئەکا؟ !
وسوو:
ھەست ئەکا.. پێش وەخت.. ھەست ئەکا

کە چی دێ و ڕووئەدا:
دێتە ناو گوندەوە ماڵەو ماڵ ئەکات و،
باڕەباڕ.. بە چوار پەل
وەک لەسەر ژیلەمۆ وەستا بێ
جێ ناگرێ بە خۆی و باز ئەدا و ڕائەکا
ئیتر گوند ئەزانێ بەڵایەک بەڕێوە،
مل ئەنێ.. بۆ خەزان.
پیرۆت:
ژیانی ئەم دێیە.. مام وسوو

لە چاوی ئەودایە
بڕواکە.. مام وسوو.. ئەو نەبێ
کوێراییی خەڵک دایە!
«زۆراب بەپڕتاو بەرەو لای ھەردووکیان دێت و لە دوورەوە ھاوار ئەکات»
زۆراب:
ھۆ.. مام وسوو.. ھۆ مام وسوو

تەڵەکانت تەقین و دوو،
ڕێوی چاو زیتیان گرتووە
یەکێکیانیش ھەژگێکی بە
کلکی خۆیەوە بەستووە
پیرۆت:
خۆ ئەم جارە.. دیارین بۆ من

نەیانبەخشی
وسوو:
«بەپەلە ئەڕوات و بەدەم ڕێوە ئەڵێ»
ئای مام ڕێوی

خۆی نەئەچوو.. بەکونەوە
کەچی ھەژگێکی بە کلکی
فێڵی خۆیەوە بەستبوو
ئای مام ڕێوی!
وای مام ڕێوی!
- تاریکایی -

پەراوێز edit