ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس ئاسک
٦. تابلۆی پێنجەم
«ڕووناکی، حیکایەتخوان دێتەوە سەر شانۆ».
حیکایەتخوان:
ھەواڵی مردنی مەلای دێ

خەمێ بوو..
ھەر زۆر زوو
لە خەمە گەورەکەی ئاسکدا
توایەوە و ونیش بوو
خەڵکی دێ کێشەی ناو دەرامەت
خۆیانیان بیر چۆوە
کەم و زۆر ئاڵان لە:
پەژارەی ئەمڕۆوە
کەوتنە ناو گێژەنی ڕووباری سەرکێش و
کارەسات خستنیە بەردەمی مەترسیی
بەسەرھات.
بۆ ئاسک نەجات دان
تەنیا ڕێی شک بردوو
ئەو ڕێگە تووشەیە، دیاریی کرد مام وسوو
چۆن ڕێیەک؟ ! لەھەموو بستێکا
مەرگ وەک پاسەوان
وەستاوە و چاوەڕێی نێچیرە بۆ قووت دان
وا ئیستەش کوڕە شوان
لەنێوان دوو دەمی بەرداشدا
بۆ ئاسک و بۆ خاوەر
زامێکە فوارەی خوێن ھەڵئەدا
«ئەڕوات»
«ڕووناکی، قەدپاڵی چیایە، کوڕە شوان تەنیایە و شپرزەیی بە ڕوخسار و ھەموو بزووتنەوەیەکیەوە دیارە، بیر ئەکاتەوە و پەشێوە، کۆمەڵێ مناڵی گوندیش دێن و ئەم گۆرانییەی بۆ ئەڵێن، ئەویش وەک لەناو ئەو وڕی و کاسێتی و شپرزەییەی خۆیدا ئەم دیمەنە وەک خەوێ ببینێ وەھایە».
کۆرسی کوڕ و کچی مناڵان:
ھۆ پیرۆت ئەی شوانەی بەرچاو ڕوون

وا چیا بەرد بەرد و دار داری،
ھاواری تۆ ئەکا.
وا نیگای ھەژاران وەک تەیری ھەڵکورماو،
تەماشای تۆ ئەکەن.
بەیتی دڵ بە بازوو و جەرگی
نەترسا ھەڵئەدەن
کچێکیان:
کچانی سەر کانییە لێڵەکەی ئیستای دێ

ئاوێنە و شانەیان
خستۆتە کەنار و ژاکاوە بریقەی
ئەو قژە ڕەشەیان
کوڕێکیان:
جێ ژوان گوارەی گوێ و

موستیلەی ناو پەنجەی
یارانی تیا وەری
جرجەکان بەکۆمەڵ خاکی سەر
گڵکۆیان ھەڵدڕی
ھەموویان:
ھۆ پیرۆت ئەی شوانەی دەروون پاک

ئاسکەکەی سەر چیا
پێش ھەموو عەشقێک تۆی ناسی و
وا ئێستە ئەو بانگی تۆ ئەکا
ھۆ پیرۆت مناڵان دیلانێی
جۆلانەی ناو لقی
دار گوێزیان لێت ئەوێ
ھۆ پیرۆت مناڵان ئاسکەکەی
ئازیزی خەزانیان لێت ئەوێ
کچێکیان:
کچانی دێ ئەڵێن:

بەھارێ بێتەوە لەگەڵ کوڕ
ناچینە ڕێواسان
ھەتاکوو نەزانین وا پیرۆت
ئاسکەکەی داگرت و خستیە سەر:
نەڕەی شان
کوڕێکیان:
باپیرەی دەس لەرزیو

سنگ لەسەر گۆچانی
بە ھەر حاڵ ڕاوەستاو
ئەڵێ: کەی کوڕە شوان ئەڕوات و
پێش مردن بیبینم بە دوو چاو
ھەموویان:
ھۆ پیرۆت ئەی کوڕی بەفر و با

دڵداری کارێز و، مانگی ئاڵ
لە سینەی دایکانا کەی مژدە ئەڕوێنی
تا بمرێ دڕک و داڵ
ھۆ پیرۆت ئەی شوانەی عاشق و
بەرچاو ڕوون
وا چیا بەرد بەرد و
دار داری
ھاواری ئەوینی تۆ ئەکا
«ئەچنە دەرەوە»
پیرۆت:
«وڕ و کاس و ماندووە، داھێزراوانە ھەڵئەستێتە سەر پێ، بەپەشۆکاویەوە»
ئاخ خاوەر چاوانت ئاخ خاوەر

ئاخ ئاسک چاوانت ئاخ ئاسک
«بێ دەنگ ئەبێ، ئەم دەنگانەی دێتە گوێ»
دەنگی یەکەم:
گێژەنی مردنە.. ڕاپێچت ئەکات و

بەرەو بن..
لەمیاندا ھاتنەوە ھەر نییە
خۆ ڕوانیت لە کوێیە!
ترۆپکێ ھەر باڵدار ئەیگاتێ و دێشتەوە
وەکوو قەل قەلەڕەش
ناوی خۆی وا بەسەر خۆیەوە
بە قسەی مام وسوو مەکەوە داوەوە
ئەو فێرە ھەر تەڵە دابنێ
ئاسکێکە بوو نەبوو بە تۆ چی؟ !
ئەی خاوەر لە بیرت چۆتەوە ئەی خاوەر
ئەی ڕەنجی تا ئیستەت؟
ئازاری شوانکاریت لە بیرت چۆتەوە؟ !
چەند ساڵێ ئارام و.. خاوەر ھەر.. بۆ خۆتە
بیھێنە پێش چاوت ئەو سنگ و
ئەو مەمک و گەردنە
بیھێنە پێش چاوت ئەو ڕان و
ئەو پووزە گۆشتنە..
ئەو لێوە گەرمانە.. مژینی دوو بە دوو
کە ئاگر بەر ئەدەن
لە پووشوی ئارەزوو.
ئەی ماچی لاملی سپی و سۆڵ،
ژێر چەنەی خرپنی.
چی ھەیە بگاتە ئەو تامەی ئەداتێ
لە باوەش گرتنی.
بەڵێنە و کوێخا قەت.. بەڵێنی ناشکێنێ
واز لە تۆ چۆن دێنێ!
ڕێگەکەت ھەر ڕێگەی نەھاتە
ڕێیەکە ھەر بەحاڵ
پێت لەسەر بترازێ
ئەزانی چیت لێ دێ؟ !
خۆ تۆزی بەرەودوای کاروانت بینیوە
ئەبیتە ئەو تۆزە و با ئەتبا.. با.. با.. با
بیزانە
پیرۆت:
«بەشپرزەییەوە»
ئەزانم.. ئەزانم.. ئەزانم

ئاخ خاوەر چاوانت ئاخ خاوەر
ئاخ ئاسک چاوانت، ئاخ ئاسک
لەنێوان شەپۆلی دوو چاوی ئێوەدا
وەک پووش و پەڵاشی
ئیستەکەی سەر چەمم
- وچان -
دەنگی دووەم:
لە چاوی خاوەردا

بەتەنیا کوڕە شوان ئەسووتێ
لە چاوی ئاسکدا
خاوەر و شوانیش و ھەموو دێ،
ھۆ پیرۆت کە ئاسک نەمێنێ
تۆ و خاوەر
لە کوێدا دایئەنێن دڵداری و
سەودای سەر؟ !
کە ئاسک ھەڵدێررا بۆ خەرەند
چۆن پەنجە
ئەتوانێ شمشاڵت بۆ بگرێ و
کڵاوت چۆن قنجە؟ !
دەنگی یەکەم:
تۆز قاڵێ پێت لەسەر،

ملەی بەرز.. بترازێ
ھۆ پیرۆت ئەزانی
ئەزانی چیت لێ دێ؟ !
دەنگی دووەم:
ئەزانی.. ھۆ پیرۆت

ئەزانی دوای ئاسک
تەنانەت ژیانیش نامێنێ
بۆ بنچک!
- وچان -
پیرۆت:
ئاخ ئاسک چاوانت ئاخ ئاسک

ئاخ خاوەر چاوانت ئاخ خاوەر!!
- وچان -
دەنگی یەکەم:
ئەڵێی چی؟ ! نەھێڵی

مام وسوو.. تەڵەکەی
لە دڵتا بتەقێ
پێت ئەڵێم ھۆ شوانە
قەت نەکەی
بەو فێڵە بڕوا کەی!
دەنگی دووەم:
ئەو کاتە چاوانت ڕۆشنە و

بێ گێژاو ناو سەرت
کە ئاسک دابگری و
بیخەیتە باوەشی خاوەرت
دەنگی یەکەم:
ھەر بەحاڵ پێت لەسەر پلەی خز بترازێ
دەنگی دووەم:
لە چاوی ئاسکدا خاوەر و شوانیش و ھەموو دێ
دەنگی یەکەم:
ھەر بەحاڵ پێت لەسەر پلەی خز..
دەنگی دووەم:
لە چاوی ئاسکدا خاوەر و شوانیش و…
دەنگی یەکەم:
ھەر بەحاڵ پێت لەسەر…
دەنگی دووەم:
لە چاوی ئاسکدا…
دەنگی یەکەم:
ھەر بەحاڵ…
دەنگی دووەم:
لە چاوی…
- وچان -
«پیرۆت لە پۆپەی ھەڵچوون و پەشۆکاوی و شپرزەییدایە، دەنگەکان وایان لێکردووە، خستوویانەتە گێژاوی زۆرانبازییەکی دەروونیی گران و دژوارەوە».
پیرۆت:
«کاسە و لەبەر خۆیەوە»
ھەر بەحاڵ پێت لەسەر پلەی خز بترازێ
- وچان -
«لەم کاتەدا سوارە دێتە ژوورەوە و لەپشت پیرۆتەوە ئەوەستێ»
پیرۆت:
«ھەر لەبەر خۆیەوە»
لە چاوی خاوەردا…

بەتەنیا کوڕە شوان ئەسووتێ
لە چاوی ئاسکدا
خاوەر و شوانیش و ھەموو دێ
- وچان -
سوارە:
ئەوە چیتە پیرۆت گیان!
پیرۆت:
«لە دەنگی سوارە دائەچڵەکێ و ڕووی تێ ئەکا و وەک بەو بڵێ».
کە ئاسک ھەڵدێررا بۆ خەرەند

چۆن پەنجە،
ئەتوانێ شمشاڵت بۆ بگرێ و،
کڵاوت چۆن قنجە؟ !
سوارە:
ئەڵێی چی؟ !

چیتە پیرۆت؟
پیرۆت:
«بەدڵنیایی و بڕواوە»
سوارە گیان من ئەڕۆم

ناتوانم دانیشم و ئاسکی دێ
ئاوەھا عاسی بێ و
لە زامی دێرینما باڕەی بێ
- ئەچنە دەرەوە، تاریکی -
«ڕووناکی، کۆرس دێتەوە سەر شانۆ»
کۆرس:
کوڕە شوان

پیرۆتی شارەزای یەک بە یەک
بن دار و بن بەردی سەر چیا
بەرەو ڕووی ھەڵەمووت
کەوتە ڕێ و
گوریسی لە ناوقەد شەتەک دا
گەرداوی دوودڵی لە سەریا نیشتەوە و
ساماڵی سەوداکەی
پرشنگی ڕژانە شەبەقی ڕێی ئاڵی
تاک لەناو کۆرسەوە:
ئەوینی خاوەریش لە گیانیا

وەک چرای بەر ھەنگاو
ئەڕۆشت و لە کۆچی مەترسی و
سامداریا داگیرساو.
کۆرس:
ئەڕوات و ئەزانێ کە ڕەنگە

دوا جار بێ خاوەری ببینێ
ئەڕوات و ئەزانێ
کە ڕەنگە دوا جار بێ
چاوانی ببینێ.
تاک لە ناو کۆرسەوە:
کوڕە شوان چۆن بانگی

مناڵان کپ ئەکا و
لە دڵیا بێ وەرام ئەینێژێ
ئەو ئارام چۆن ئەگرێ
ببینێ وا تەوری
«کوێخا»ی ڕق
داربەڕووی چیاکەی ئەکوژێ
کۆرس:
چۆن ئەگات؟ ! چی ئەکات؟ !

ئەی خاوەر؟ !
چوونە سەر، ھاتنە خوار؟
لە دێدا.. ڕۆشتنی کوڕە شوان
بوو بە ویرد لەسەر زار
- تاریکی -
«ھەر دوابەدوای چوونە دەرەوەی کۆرسی سەرەکی، ئەم دیمەنانە یەک لە دوای یەک و بێ ڕەوینەوە نیشان ئەدرێن»
دیمەنی یەکەم:
«جێگە سەرە ڕێی کاروانە»
حەمەی قەتارچی:
«بانگی ڕێبوارێ ئەکات»
ھۆ برا.. ھۆ برا.. بێ زەحمەت

تۆ مەڕۆ.. پرسیارێ!
ڕێبوارەکە:
«دوای ئەوەی ئەگاتە لای»
فەرموو.. کاکە.. فەرموو
حەمەی قەتارچی:
کاکە گیان.. لە کوێوە ھاتوویت و

بەرەو کوێ؟ !
ڕێبوار:
لە گوندی خەزان و چیاوە.. ھاتووم و

بەرەو شار مل ئەنێم
برا.. بۆ؟ !
حەمە:
تکایە.. ھەواڵی خەزانمان پێ ناڵێی

مانگێکە لێی دوورین
وەک ئەڵێن شێواوە..
نازانین.. ڕاستە.. یان؟ !
ڕێبوار:
تا بڵێی شێواوە.. ئەوەتا نامبینی

ئەمەوێ لە گێچەڵ قوتار بم
حەمە:
چاک ئەکەی!

کە واتە دەنگوباس..
وەک چۆنم بیستبوو.. وەھایە
ئەی باشە کوێخا ھەر:
لەوێیە؟ !
ڕێبوار:
تا ئیستە لەوێیە

ئەگەر چی دڵنیام.. بار ئەکا!
حەمە:
ماڵ زۆرن.. کۆچ بکەن

جێ بێڵن.. دێی خەزان؟ !
ڕێبوار:
ئەیانوت.. چەند ماڵێ

چاوەڕێی کاروانن
تا خەزان جێ بێڵن..
حەمە:
«بە پێکەنینەوە».
زۆر باشە..

خوات لەگەڵ کاکە گیان.. خوات لەگەڵ
«ڕێبوارەکە تێ ئەپەڕێ»
حەمە:
«ئەکەوێتە پێش کاروانەکە و لەبەر خۆیەوە ئەڵێت».
دەرفەتە و.. ڕێکەوتی وەھا چاک

دەگمەنە، پەلە کەم باشترە
ھیچ نەبێ بۆ ئەو سەر چەند ماڵێ
بار ئەکەم.
ناوەختە ھەر چەندێ داوا کەم
ئەمدەنێ، لە ڕۆژی وەھادا
کێ سەری مامەڵەی ئەپەرژێ
پەلە کەم باشترە.. دەرفەتە..
لێ خوڕن.. دەرفەتە
- ئەڕۆن، تاریکی -
دیمەنی دووەم:
«ماڵی کوێخایە، کوێخا و کوێخاژن بەرامبەری یەک دانیشتوون، خاوەریش کز و غەمبارە لە گۆشەیەکدا ھەڵترووشکاوە»
کوێخا:
خوا غەزەب لە بەندەی خۆی بگرێ

وای لێ دێ..
شێت بووە.. ئەگینا کەس بووە
شاڵاو بۆ ترۆپکی ڕەوەزی
وا بەرێ!
بە ڕێگەی مردنیا مل بنێ
تۆ دیوتە ھیچ کەسێ
ئەوەندە نەگبەت بێ و چارەڕەش!
کوێخاژن:
ئەوەتەی.. ئەم ئاسکە گیر بووە

ئەم خەڵکە.. نە، نووستن..
نە، خواردن.. نە.. پشوو
ھەر ھیچی نەماوە…
کوێ ئەچی باس باسی ئەمەیە
دواییشی نایەت و بسرەوین.
کوێخا:
دە بڵێ ئاخر تۆ چیت دابوو لەم بەزمە

ئەوا خوا نانێکی شوانێتیی دابوویتێ
ئەتخوارد و سەری خۆت کز ئەگرت
نەگبەتی ڕووی کردە ھەر کەسێ
وای لێ دێ..
کوێخاژن:
پیاوەکە! شوانی چی

تا شمشاڵ لێدانی ھەبوایە
مەڕی چی و بزنی چی!
تۆ بڕۆ و بڕوانە..
پەراسووی یەک یەکیان بژمێرە
شوانی چی؟ !
کوێخا:
ئەم ئاسکە بوو بە چی

نان ئەدا.. ئاو ئەدا
نەگبەتی.. نەگبەتی
کوێخاژن:
بە سەری خۆیان و باوکیشیان

تا ماون نایبینن ئەو ئاسکە بێتەوە
کوڕە شوان دایئەگرێ..
کوێخا:
پێم وتن.. ئەڵێی چی.. پێم وتن

فیت فیتی وسووە
کە یەکێ خوا عەقڵی نەدایە
ھەر.. وایە!
کوێخا ژن:
«بە دەنگێکی نزم»
سەرباقیی گشت داخێ

ناوی ئەم کچەشمان.. وا زڕا.. بەوەوە
ئەمەشیان داخێکە..
سەرباقیی گشت داخێ
کوێخا:
خەم مەخۆ.. بێشتەوە.. تەگبیرم کردووە

چیم داوە لە گێچەڵ
لێرە نا.. لەو لای تر..
کوێخاژن:
ئەی چییە؟ !

بۆچی خوا ھەر ئێرەی داناوە
خەزان نا.. جێگەی تر
«لەپڕێکدا، خاوەر بە تووڕە بوونەوە ھەڵئەسێتە سەر پێ و ڕوویان تێ ئەکا و بەقوڕگێکی پڕ لە گریانەوە ئەڵێ»:
خاوەر:
کێ ئەڕوا.. با بڕوا.. بشمرم

ھەر خەزان جێگەمە.
«کوێخا بۆی ھەڵئەسێ و، شانۆ تاریک ئەبێ»
دیمەنی سێیەم:
«لەپاڵ درەختی باخێکدا مام وسوو و سوارە ئەدوێن و مەمەندیش خۆی لەپەنا بەردێکا شاردۆتەوە و بەدزییەوە گوێیان لێ ئەگرێ»
سوارە:
ھەر ئەڵێی وام لەسەر ئاگرێ

- دانیشتووم -
مام وسوو بڕوانە کە.. دڵم ھەر وا لە لای
ئەوەتەی ڕۆیشتووە بە شەویش نەنووستوم
ھەر پێیەک دائەنێ ھەست ئەکەم لەگەڵیام
وسوو:
ھەتا بن دار «باوی» ئەو پەڕی کەژەسوور

لەگەڵیا ڕۆشتم و..
خۆی زۆری لێ کردم کە چیتر
لەگەڵیا ڕێ نەکەم.. نیازم بوو ھەتاکوو
«کروسکی» بەر گردە چۆلەکە.. ھەر بڕۆم
خۆی نەی ھێشت
بە ڕاستیش ھەناسەم سوار بووبوو
سوارە:
گلەییت لێ ناکرێ، پیرێتی و ئەو ڕێیە!
وسوو:
بڵێم چی ئەو تین و تەوژمەی

جارانم نەماوە..
داخەکەم.. بۆ گوڕی لاوێتیم
سوارە:
مام وسوو.. چۆنت دی؟ ! بەپێ بوو؟ !

ئەی ورەی ناو دڵی؟ ئەی زاتی؟
ھەر وا بوو وەک من دیم،
پێش ڕۆیشتن؟ !
وسوو:
ھەر ئەتوت: بەرانە کێوییە..

بۆ زاتیش کون نەبوو لە جەرگیا
سوارە:
تۆ بڵێی بێتەوە و..

چاوانی خەزانیش ڕۆشن کا
ئەم خەڵکە لە چنگی ئەم خەمە
دەربێنێ؟
وسوو:
لە سەر خوا.. ڕێگەیە و لەبەرە

ھاتەوە شاییی دڵ بۆ گوندی خەزانە
گەر مردیش وەک عاشق ئەمرێت و،
بۆ ئاسکە موبارەک گشت مەرگێ
ئەبێتە چراوگێ و ھەڵئەکرێ
لە دڵی ئاسماندا،
بۆ خاوەر.. بۆ ئاسکە موبارەک
ڕێگەیە و لە بەرە، ئەو نەگات
بەدوایدا.. ناھێڵین.. کە جێ پێی بزر بێ
یەکێ تر.. دووانی تر.. ڕێگەیە و لە بەرە
سوارە:
مام وسوو.. یەکێکم لەوانە

منیش وەک کوڕە شوان عاشقم!
لە دڵمان.. ئەو جووتە چاوانە
وسوو:
بۆ ئاسکە موبارەک.. بۆ یەزدان

من نا.. تۆ.. تۆ نا.. من
سوارە:
مام وسوو ئەوەندەی بۆ پیرۆت

خەیاڵم پەشێوە..
ئەوەندە و زیاتریش بۆ خاوەر
ئەزانی پلووسکی گریانی..
وەک «فاتە»پێی وتم
لە چۆڕە ناکەوێ
مام وسوو.. سەودای سەر
سەودای سەر!!
وسوو:
ھەقێتی سەفەری وا گران

بۆ دڵی دەزگیران..
ھەر مایەی ئەندێشە و جەخارە
کوڕی خۆم.. دڵداری
خەندەشە و ئازارە
سوارە:
چ کاتێ ھەواڵی ئەزانین؟
وسوو:
دامناوە.. سبەینێ لەسەری «ھەڵۆ»وە

بەوردی سەرنج بەم
بزانم کوڕە شوان
ھەتا کوێی بڕیوە
- وچان، مەمەند ئەڕوات -
سوارە:
پێکەوە، منیش دێم.
- وچان -
«لەم کاتەدا،»پیرباڵ«بەپەلە خۆی ئەکا بە ژووردا و بە پەشۆکاوییەوە ڕوویان تێ ئەکا»
پیرباڵ:
کوێخا خاوەری

زامدار کرد!
«بەپەلە ئەچنە دەرەوە، تاریکی»
دیمەنی چوارەم:
«بەر دەرگای ماڵی باپیرە، زۆراب یاری ئەکات، مەمەند بە ڕاکردن ئەگاتە لای و ھەناسەی سوار بووە»
مەمەند:
ئەزانی.. ئەزانی.. مام وسوو

پێش تۆزێ.. چی ئەوت.. چی ئەوت
بە سوارە.. ئەزانی
زۆراب:
درۆزن.. لە کوێوە گوێت لێ بوو

دە باشە.. چییان وت!
مەمەند:
بۆ ئەڵێی درۆزن

بەو خوایە.. گوێم لێ بوو
لەپەنای بەردێکا.. من خۆمم مات دابوو
ئەوانیش ئەزانی لە کوێدا
ھەر لە لای باخەکەی «ڕێحانە» ڕەشەوە
وەڵڵاھی.. ھەر لەو لای..
زۆراب:
«قسەکەی پێ ئەبڕێت»
دەی باشە.. دەی باشە

مام وسوو.. چی ئەوت..
مەمەند:
پێی ئەوت.. پیرۆتی بینیوە

پێی ئەوت.. ھەر وەکوو بەرانە کێوییەک
ڕێی ئەکرد..
پێی ئەوت.. ھەر ھیچ.. ھیچ.. ناترسێ
زۆراب:
لە دەعباش.. لەخێویش؟
مەمەند:
لە ھیچ شت.. لە ھیچ شت
زۆراب:
ئەی باشە.. ئەیان وت

کەی پیرۆت دێتەوە؟
مەمەند:
نە و، بەڵام گوێم لێبوو.. مام وسوو

پێی ئەوت بەیانی ئەچمە سەر ھەڵەمووت
لەوێوە تەماشای ڕێ ئەکەم
بزانم.. بزانم.. کە پیرۆت ھەتا کوێی
بڕیوە، ئا.. ئا.. بیریشم کەوتەوە
پێی ئەوت.. با پیرۆت بشمرێ
چونکێکم ئەمرێ بۆ.. ئاسکە موبارەک
بۆ دوایی ڕۆحەکەی ئەبێ بە ئەستێرە
وای ئەوت.. مام وسوو.. وای ئەوت
زۆراب:
ئێ.. ئێ.. ئێ
مەمەند:
تەواو بوو، ھەر ئەوەم گوێ لێ بوو.
- وچان -
زۆراب:
شتێکت پێ بڵێم بە قسەی من ئەکەیت؟
مەمەند:
چۆن چۆنی؟ دەی بیڵێ
زۆراب:
سبەینێ.. باپیرە نەزانێ

پێش ئەوەی مام وسوو ھەڵبستێ
ئەچینە سەر ڕێگای
ھەر کە ھات پێی ئەڵێین:
مام وسوو ئێمەیش دێین لەگەڵتا
ئێمەیش دێین
مەمەند:
ئای لەوە!

ئینجا چۆن ئەتوانین
بە شاخا ھەڵگەڕێین
خۆ ئێمەش مناڵین!
زۆراب:
کەرە شین ئەبەین و ھەتا چەند توانیمان

ھەر ئەڕۆین.. ھەر ئەڕۆین
دوایی کە ھیلاک بووین
سوار ئەبین.. باشە.. ھا؟
مەمەند:
ئا.. باشە.. بەڵام با باپیرە نەزانێ

بزانێ ناھێڵێ.. منیش زۆر..
زۆر زۆریش حەز ئەکەم
دووریش بێ.. تەماشای
پیرۆت کەم.
زۆراب:
دە.. باشە

بەیانی.. ھەر زۆر زوو
من ھەڵتئەستێنم.
من نانووم.
- تاریکی -
دیمەنی پێنجەم:
«شانۆ ڕووناک ئەبێتەوە، بێ ئەوەی دەسکاری ھیچ دیکۆرێکی دیمەنی لەوەوبەر کرابێ، ھەرچی ئەکتەرەکانی ناو ئەم شانۆ گەرییەشە ڕیز بوون، دەرھێنەر وەک یەکەم جار لە دەست پێکردنی یەکەم تابلۆدا دیمان، دێتەوە بەردەمی شانۆکە و ڕوو ئەکاتەوە بینەران»
دەرھێنەر:
میوانە خۆشەویستەکانم

ئا بەم جۆرە.. شانۆگەریی
«ئاسک» تان دی و، ئا بەو جۆرەش
کۆتاییی ھات..
گەر ئەپرسن
منیش وەک ئێوە نازانم
پیرۆت ئاسکە موبارەکی.. بۆ داگیرا؟
گەڕایەوە؟ چی بەسەر ھات؟
لەگەڵ خاوەر بە یەکتری شاد بوونەوە؟
یاخود لە ملەی بەرزەوە
بەرەو خەرەند، ھەڵدێررا و کەوتە خوارەوە؟
منیش وەک ئێوە نازانم!
ئەمجارەشیان تەنیا من بۆ ئەوە ھاتم
لەبەر دەرگای
ماڵی ئا ئەم شانۆیەدا.. ڕاوەستام و،
ماڵ ئاواییتان لێ بکەم
بەڵام بەر لەوەی بڕۆن و بەڕێتان کەم
ماوەم بەنێ
یەک یەک ناوی ڕاستەقینە و،
ئەکتەرەکانی «ئاسک»تان
پێشکەش بکەم…
«یەکە یەکە دەست ئەکا بە پێشکەش کردنی ھەموو ئەکتەرەکان»
بێ دەنگی -
«باڕژنی ئاسکەکە ئەبیسرێتەوە، تاریکی»
- کۆتایی -

پەراوێز edit