ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
بۆ ئەوەی تاقە گەڵایەک بخوێنمەوە
دارستانێک ئەنووسمەوە!
خۆت ئەزانی نە ئەچوویتە ناو ئەستێرکی
چاوی تاقە شیعرێکمەوە
گەر گەرداوم نەناسیایە و، زێ و ڕوبارم
بەسەر کێوی، خەمە سەخت و خزەکانما
سەر نەخستایە سەر ملەی ڕووت و تینوو.
چ سۆزێکە ئاڵاوەتە
ئەم سەرە دەروێشەی من و
«حاڵ»ە کانی وەکوو ناوم
دوای مردنیش لێم نابنەوە.
ئەم لرفەلرفی سووتانە حەیرانێکە
کڵپە ئەکاو بانیژەی عەشقت جێیەتی
کڵپەی هاوار چنگ لەچنگی
ئەم زامانەم ناکاتەوە
هەتا هەڵیان نەگیرسێنێ!
تۆ بینیوتە چۆن سەری شەو
لەناو کۆشی تاریکیدا
وەک پشکۆ گەش ئەبێتەوە؟ !
من بینیومە، بەڵام بۆ دەمم گۆ ناکا
بیگێڕمەوە؟ !
***
بۆیە توانیم ڕێگە دەرکەم
ئەو بەیانییەی چاوی تۆم ئەخوێندەوە
من لەشەوی ڕابوردودا
مراویەکانی –نهێنی- م
لەبنی قووڵ وشەیەک دەرهێنا بوو
هەستت نەکرد؟ ! کەبیناییم خوێندیتەوە
چاوت تەڕ بوو!
هەستت نەکرد کە لەناو گلێنەتەوە
پۆلە وشە دێنە دەرێ و
لەسەر کاغەزی بەردەمم ئەنیشنەوەو
ئەبنە شیعرو کڵپە ئەکەن؟ !
بۆیە توانیم قسە لەگەڵ
باوبۆراندا بکەم چونکە
هەورە بروسکەم پێچابوو لەسەرمەوەو
ناڵە و گرمەم
خستبووە ناو هەناومەوە.
ئەی نەهاتی و خۆت لەگۆمەکەی ناو سنگم
هەڵنەکێشا؟
ئەی کەهاتیتە دەرەوە
لەشت گوڵە ئەرخەوانی نەگرتبوو؟
***
بۆ ئەوەی گوڵ ئەرخەوانێ بخوێنمەوە
ڕەگەکانی ئەنووسمەوە.
ئای چیم لێ دێ
هەتا ئەگەمە لای ڕەگێ و
نهێنی تاقە یەک گەڵای
ناو سەریم بۆ ئەدرکێنێ
ئای چیم لێ دێ!

پەراوێز edit