ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
کە دێیت گەرداو لەگەڵ خۆتدا ئەهێنیت و
منیش کەنارێکم کە شەو
لەناو تەنیاییما ئەزێ
- چۆن بتوانم شەپۆلەکان ئاگادار کەم؟ !
- داو- ئاسمانت لێ نەدزێ
چیم لەدەست دێ؟ !
ئەم پەنجانە لەژیلەمۆی سەردەمێکدا
کەوتوونە ڕێ
ئازار ئەدەن بەکۆڵی وشەی سوتاواو
وشەش وەکوو هەژارەکان
نان و ئاویان لەمن ئەوێ.
چۆن بتوانم بگەمە جێ!
هەموو ڕێیەک ئەچێتەوە سەر «بانە» یەک
پاسەوانی چاڵ بۆ ڕوناکی قوربانییە
کۆچەرەکان هەڵ ئەکەنێ..
دامەچڵەکێ!
کەدێیت نیگات پەڵە هەورێکە لەپاشکۆی
ئەسپی شیعرێکی کوژراواو
لەبەر دەمی تەرمی نیرۆدای
سەدەدا دائەبەزێ
دامەچڵەکێ!
ئەی نازانی کێ ئەستێرە لەچیاکانت ئەدزێ؟ !
ئەی نازانی کێیە لەسەرمای ناو چاوی منداڵانتا
هەڵ ئەلەرزێ؟ !
ئاخ بۆ دەسێ وێنەت لەسەر
لیرەی سوڵتان نە نەخشێنێ!
ئاخ بۆ ناخێ ئاوی شەرمی خۆشەویستیت
لەتاجی شا نەپرژێنێ.
ئاخ بۆ چاوم کەئەتبینێت و ناتبینێ
ئاخ بۆ چاوم کە
ئاخ بۆ..
ئاخ!
***
گەر خۆشەویستیت ئەیەوێ
لەگەڵ ئاودا بەیەکترمان بناسێنێ
لەکەناردا لێت ون ئەبم..
پێی بڵێ با بمخاتە ناو گێژەنگەوە
سوڕانەوە لەگێژەنگدا ناموەستێنێ!
گەر خۆشەویستیت ئەیەوێ
بە مردنم بناسێنێ
لەپێخەفدا لێت ون ئەبم
پێی بڵێ با لە هەستاندا بمسوتێنێ
ئەی نازانی سووتان
هەستان ئەوروژێنێ؟ !
ئەی نازانی؟ !
ئەی!

پەراوێز edit