ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
دیدەنیم کە
وام لەبەر ژووری دوا شیعرا ڕاوەستاوم.
چڕە دووکەڵی پێچ خواردووی
وەرزە نامۆی ئەم خەڵوەتەم
پەپکە مارن
لەژیلەمۆی ناو قەفەزی سنگما نەبێت
ئۆقرە ناگرن!
دیدەنیم کە!
وەرەو سەرێ بکێشە ئەو تەمەی بێزار بوونم
لەتەونی ئەم دووریەدا
هەڵی ئەپێچێتە گیانم
لوول، لوولم ئەدا و
ئەمدا بەدەم ڕوبارێکی سەرکێشەوە
«ڕووبارەکە جڵەوی خۆی
بەدەس زەمانەوە پچڕان
ئەو هەر ئەوەندە ئەزانێ کە ئیستەکە
بخنکێنێ و دەربەس نییە»
دیدەنیم کە
شانی ڕازم داداوەتە سەر لێواری
تاکە پەنجەرەی نیگای تۆ
من لەوێوە بازی تەماشام ئەنێرمە
سەر سەرەڕێی چاوەڕوانیت
بەم ڕۆژگارە
من ژانێکی کێویلەم و بەکەژی چاوەڕوانیتا
ئەچمە سەرێ و دێمە خوارێ
دێمە خوارێ و ئەچمە سەرێ
بەم شەوگارە
کەشتییەکم وەڕس بوونم ئەمپچڕێنێ و
شەپۆلی وێڵ
ئەمدا بەنووکی تەڵزمە تیژەکانی
ڕۆخی ئازاری دنیادا.
چاوەڕوانتم
«باز ئەڕوات و کەدێتەوە
چاوەکانی لم خواردونی
تۆ ئەزانی لمی تینوو هەتا ئیستە
چەند ئاسۆگەی خنکاندووە؟ !
چەند هەناسەی دڵدارانی وەک «مەولانە» ی
کردووە بەژێر گردۆڵکەکانی خۆیەوە؟»
مەولانە نیم
بپرسە مەولانە دێت و
ئەو شارەزای کون و قوژبنی ئازارو
وڵاتانی خۆڵەمێش و هەڵوەرینە.
باسنگی خۆیت نیشاندات
جا ببینە:
چ کیشوەرێ جێگەی لەناویا بۆتەوە!
- چاوت ئەپەڕێتە پشتی سەرت -
ئەو، لەگەشتیبێدەنگیی ناو هەڵقرچانیا
خوا هاوڕێی ڕێ و بانی بوو
ئەو، بازێ بوو دوو پرشنگی
لەچاوی خوا کردبۆوەو پێ یان ئەفڕی.
قەقنەسێ بوو
بەرز ئەبۆوە و.. بەرز ئەبۆوەو
هەتا لەشی لەئاتەشگەی
دەروونی یەزدان بەر ئەدا.
لەو سەرەوە لەگەڵ بەفری ڕۆحی ئەودا
کلووی فریشتەی سپی بوو
ئەهاتەوە بۆ سەر زەمین.
ئەی من چیبکەم؟ !
مەولانە نیم
فریشتە نیم و
قەقنەس نیم.
باڵەکانی من بەگڕی دۆزەخی لەشم ئەسووتێن.
- گیانم ئەوێ-
تەنیا دڵۆپی ئارامی مەولانە بکەیتە گەرووم
بەسە بۆ ئەوەی کە بچمە کۆڵی غەریب و
بەسە بۆ ئەوەی جڵەوی زریان کەم و
کێشی کەم هەتا بەردەمت!
مەولانە نیم و چاو لەخوا نەتروکێنم تا ئەسووتێم
مەولانە نیم و بەکوێریی بچم دەسی چاو ساغەکان بگرم
بیانبەمە بەر بارەگای
نهێنییەکانی مردن و هەرگیز سڵیش نەکەمەوە
ئەو بە بیابانی ئەوت:
- وا ئەزانی تینووم ئەکەیت؟
ئەی نازانی من دەم ئەنێم بە پلووسکی
نوورێکەوە، لەسەرچاوەی دڵی خواوە هەڵ ئەقوڵێ؟
وا ئەزانی کڵاوڕۆژنەی خەڵوەتەکەی هیندستانم
لێ ئەگریت و نازانی من
لەهەر کوێ بم، ڕۆژ لەوێیە!
گوڵەبەڕۆژەیە عەشقم
لەگەڵ چاوی پاکی یاردا
پشکۆیە
ئەسوڕێتەوە
پێت ناگیرێ!
دیدەنیم کە
پزیزکێکی ئەو پشکۆیەم بۆ بهێنە.
ئەی مەولانە!
تۆ ئەوەندە لەبنی کانیی دڵی خوا ورد بوویتەوە
هەتا چاوت لە کالانەی هاتنە دەرێ و بوون بە ماسیی
تۆ ئەوەندە گوێت بۆ بانگی دەغڵی برسی و
سۆزی هەژارانی ڕەوەند ڕاگرت،
تا بیستنت بوون بەبینین!
- کوا مەولانە؟ !
گۆمی لیخن دوورگەیەکی خۆی نوقم کرد
کە ڕوون بۆوە لە داخاندا لێوی ڕۆخی
خۆی بۆ کرۆشت.
ئیستەش کە ئاو هاژە ئەکات
گوێی لێ بگرە ئەوە گریانە بۆ دوورگەیەو
باسی ئەکات!
دیدەنیم کە!
ئەم هاوارە
بێدەنگەی من، چۆن ئەبیسی؟ !
کە وەڕس بوون ئەئاڵێتە دیدەکانم
لێڵیان ئەکات!
ئیتر سەرنج ماسییەکانی بنی ڕۆحی
تۆ نابینێ
خوام لێ دوور ئەکەوێتەوە!
- بۆ ئەوەی لە خوا نزیک بیتەوە
لە دووریتا سەودا سەری سووتانی بەر
چراکەی بە..
بۆیە سامناکیی دارستان
لەچڕیدا خۆی مات داوە.
هەتا هەتاو بە برینداریی بیگاتێ.
بۆیە بیابانیش ئاوی ئاوارە کردووە
هەتا تینوو بە خنکاویی خۆی بیگاتێ..
دیدەنیم کە
چاوەڕوانتم!

پەراوێز edit