ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
- ١-
دڵت هەرێمێکی ساردە و
دوورگەیەکی تاریک و دوور
بەم شەوە من: ڕێم کەوتۆتە
ناو ئەم دارستانی بەفرە و
بەرەو لای تۆ
ئەم کوێستانی نامۆییەم
گرتۆتە بەر.
هەنگاو
هەنگاو
بەسەر لەشی
ڕەش و سپی ڕمووزنی
ئەم شەوەدا تێئەپەڕم.
هیچ دیار نییە
نەگڕی چاوانی ژوور و
نە ترووسکەی چرای بەر ماڵ
هیچ دیار نییە..
تەنها هەر خۆم
پشکۆی سووری
ناو ئەم بەفرو شەختەڵانەم
بای هەڵکردووی
گڤە تەزیو
ئەمگەشێنێتەوە و.. ئەڕۆم.
قیبلەنمام ئەو سۆزەیە
کە لەکۆچی عەشقی تۆدا
خوا پێی بەخشیم.
«ئەی خوای ڕەوەندە نامۆکان
ئەی کۆچەرە مەزنەکەی
سەر قافڵەی خەمی یاران
پەنجەی نوورت ئاماژە کە و
بیخەرە سەر ناوچەوانی
هەرێمی سارد.
قژی ئەستێرە گرتووی خۆت
بئاڵێنە لەم شەوەوە
با هەڵگیرسێ
دوورگەی تەریک و، چراخان
ڕووناکی کا هەیوان و ژوور
ماڵی تاریک».
- ٢-
بەدوای کۆچتا
من شیعرێکی لانەوازی
ڕەش و ڕووت بووم
لەباوەشتا هەڵ ئەلەرزیم.
ساوا بووم و دار بەدەستیش!
بەدوای کۆچتا
من شۆڕەبی غەمگینی سەر
کەنارت بووم
کە ئەگریام هاژەت لەگەڵما ئەگریا.
ئەبووین بەیەک.
هەموو گۆپکەکانم چاو بوون
ئەوەی من دیم
چاوی مەولانە دیوێتی و
کەسی دی نا!
گەڵاکانم هەمووی گوێ بوون
ئەوەی بیستم
هەر گوێی مەولانە بیستوێتی و
کەسی دی نا!
بەدوای کۆچتا
هەر ئەستێرەی نیگا تەڕ بوو
هۆن هۆن جریوەیان ئەڕشت!
لەئاسماندا
من جریوەی چاوم ئەسڕی و
لەزەویشدا
شوێن پێی هەتاوم هەڵئەگرت!
ئەی کۆچەرە مەزنەکەی
سەر قافڵەی خەمی یاران
چاو هی خۆتە
ناخ هی خۆتە
لەناو تۆدا من ئیستاکە
گوڵ خەندەرانی بەیانیم
تۆ بڕوانە
زەردەخەنەم بەڵام ئەگریم!
- ٣-
بە سۆزی تۆوە بانگ ئەدەم
من تەنیام و کاروانیشم
زیندانیم و ئازادیشم
باڵدار نیم و لەناو هەورام
تەنها ساتێ
جێ نزرگەی خۆشەویستیی
تۆم جێ نەهێشت
کەچی دنیاش
هەمووی گەڕام.
- ٤-
ئەی کۆچەرە مەزنەکەی
سەرقافڵەی خەمی یاران
تا ئەوینت ئابڵوقەی گیانی نەدابووم
سەربەست نەبووم!
تا لە چاوتا نوقم نەبووم
باران لە دڵما دای نەکرد.
تا نەچوومە مەشخەڵانی ناو ڕۆحتەوە
نەبوومە تیشک
تا بۆی هەناسەتم نەکرد
نەبوومە با و هەڵم نەکرد!
کە لێوم نا بە سەرچاوەی بنارتەوە
بوومە شەپۆلی نەسرەوتی
بن بێ قەرار.
کە چریکەت ڕای چەنانم
بوومەلەرزەم خستە پێش خۆم.
لەو دەمەوە
حاڵ گرتوومی و
وەک ئاگری بەر زریانێ
لە لووتکەتا
پەل و پۆی کڵپە ئەهاوم
بۆ دێ بەدێ
بۆ شار بە شار.
لەو دەمەوە
من تەوێڵی ئەم گەردوونە
ئەخوێنمەوە.
لەو دەمەوە
من بوومەتە شاری گەورەی
عیشق و ئازار.

پەراوێز edit