ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
ئەو دۆزەخەی خۆشەویستیت
بۆ ئەم دڵەی داخستووە
تیایدا ئەژیم و گشت ساتێ سووتاندنم
لە ئاوێنەی بڵێسەدا
عەشقێکە: باڵی نوور ئەگرێ و
خوا دێنێتە پێش چاوانی
ژیانەوەی دوای مردنم!
دۆزەخەکەت دەرگایەکی
لەسەر ئەم ڕۆحە ڕەوەندەم کردۆتەوە
بەهەشت لەوێوە دەستی سەوز درێژ ئەکا و
ئەمفڕێنێ و
ئەمباتە ناو هەڵهاتنی سۆزی تۆوە.
«کە سۆزی تۆ ئەمگرێنێ
هەر دوو گلێنەم هەتاویان
تێ ئەکەوێ و توانەوەی من لەناو تۆدا
ئەبێ بە گوڵ خەندەرانێ و پێ ئەکەنێ»
ئاخ! لەبەر چی من بەبێ ئەو
هەڵقرچان و سوتاندنەی
لە یەک کاتدا
ئەموەرێنێ و ئەمڕوێنێ!
تاوێک چییە هەڵناکەم و قەت ناتوانم
ئارام بکەم بە سەرینی
ئا ئەم سەرە گێژەنەی خۆم؟ !
ئەی دۆزەخی خۆشەویستیم!
واز لەم ئازارە مەهێنە
ئەو وەرزەی تۆی تیا نەبینم
خوایش نابینم!
شیعری بێ خوا
لەو چەمە مردوانە ئەچن
کەئاو ڕوویان تێ ناکات و
هەرگیز هەور بەسەریاندا ناگرمێنێ!
ئەی دۆزەخی ژیانەوەم!
واز لەم سەرەی من مەهێنە!
هەڵیگرە و هەموو شەوێ
فڕێی دەرە ناو خۆتەوە..
لەناو تۆدا پێغەمبەرە شاعیرەکان
ئەڵقەی نەمریی بەدەوری
فریشتە گیان سپیەکاندا ئەبەستن و
فێرم ئەکەن چۆن لە کوانووی
یەک وشەدا
دەیان «مانا» داگیرسێنم!
ڕامکێشە ناو لرفەی کڵپەی ئەوانەوە
تابسوتێم ڕووناکترم
هەتا ئازار تێم بئاڵێ
عاشقێکی گەورەترم.

پەراوێز edit