شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: ڕەنگاڵە / دەفتەری سۆز و سووتانی گیان سەرناو: دۆزەخ ئەو دۆزەخەی خۆشەویستیتبۆ ئەم دڵەی داخستووە تیایدا ئەژیم و گشت ساتێ سووتاندنم لە ئاوێنەی بڵێسەدا عەشقێکە: باڵی نوور ئەگرێ و خوا دێنێتە پێش چاوانی ژیانەوەی دوای مردنم! دۆزەخەکەت دەرگایەکی لەسەر ئەم ڕۆحە ڕەوەندەم کردۆتەوە بەهەشت لەوێوە دەستی سەوز درێژ ئەکا و ئەمفڕێنێ و ئەمباتە ناو هەڵهاتنی سۆزی تۆوە. «کە سۆزی تۆ ئەمگرێنێ هەر دوو گلێنەم هەتاویان تێ ئەکەوێ و توانەوەی من لەناو تۆدا ئەبێ بە گوڵ خەندەرانێ و پێ ئەکەنێ» ئاخ! لەبەر چی من بەبێ ئەو هەڵقرچان و سوتاندنەی لە یەک کاتدا ئەموەرێنێ و ئەمڕوێنێ! تاوێک چییە هەڵناکەم و قەت ناتوانم ئارام بکەم بە سەرینی ئا ئەم سەرە گێژەنەی خۆم؟ ! ئەی دۆزەخی خۆشەویستیم! واز لەم ئازارە مەهێنە ئەو وەرزەی تۆی تیا نەبینم خوایش نابینم! شیعری بێ خوا لەو چەمە مردوانە ئەچن کەئاو ڕوویان تێ ناکات و هەرگیز هەور بەسەریاندا ناگرمێنێ! ئەی دۆزەخی ژیانەوەم! واز لەم سەرەی من مەهێنە! هەڵیگرە و هەموو شەوێ فڕێی دەرە ناو خۆتەوە.. لەناو تۆدا پێغەمبەرە شاعیرەکان ئەڵقەی نەمریی بەدەوری فریشتە گیان سپیەکاندا ئەبەستن و فێرم ئەکەن چۆن لە کوانووی یەک وشەدا دەیان «مانا» داگیرسێنم! ڕامکێشە ناو لرفەی کڵپەی ئەوانەوە تابسوتێم ڕووناکترم هەتا ئازار تێم بئاڵێ عاشقێکی گەورەترم. ++++++++++++++++++++++