ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
ئەی گۆڕ هەڵکەن! ئێستەیش هەرئازاری ئەدەی؟
کە دوا تەلەبەردی دانا و یەکەم خاکەنازە گڵی
هەڵدایە سەر چاوەکانی
گوڵەگەنم فرمێسکی سپی هەڵڕشت و
ئەو چنارەی دڵمان لەسەر هەڵکەنیبوو
 پڕ بە دەمی هەزارەها گەڵای وەریو زریکانی.
کە ناشتیانی
لەژوور سەرت ڕاوەستابووم
«با» لە لانکەی تەمێکی ئەرخەوانیدا
بە هەر دوو دەست تەرمەکەتی ڕائەژەنی!
ستوونێک بووم لەو دارستانی ئەوینەی
دەوریان دابووی
- با چراکە هەر داگیرسێ و نیشانە بێ بۆ گۆڕەکەی.
باچراکە هەر داگیرسێ و فووی لێ نەکەین.
ئەم چرایە لە دوورەوە
ئەستێرەی هیوا پرژێنە و ئەمانبینێ.
باچراکە هەر داگیرسێ و نیشانە بێ بۆ گۆڕەکەی!
- باخەکەمان ناناسمەوە
گوڵە هێرۆی ڕەش هەڵگەڕاو
ملی کەچی خستۆتە سەر شانی دایکێ
ئەگریجەکانی ئاڵاون لە تووتڕکێ و بەری نادەن.
ئەگریجەکانی ئاڵاون
لە چەند کێلێکی ناو دڵی و سەما ئەکات!
- شانۆی خەڵووز چۆن بەژنی هەتاو ڕەش ئەکات؟ !
- تەنیا باڵندەیەک مابێت هەر قاژووە
چاوتان لێیە ئەوەتا وا باڵەکانی
لەو پەڵە هەورانە ئەسوێ هێشتا سپین!
ئەوەتا وا دەنووک لەو پەنجانە ئەگرێ
کە تا ئێستە نەبوونەتە کۆڵەوژی پیرێژنە دۆزەخێکە!
- شانۆی خەڵووز چۆن بەژنی هەتاو ڕەش ئەکات؟ !
گەرووی دەربەند
تا تەنگتر بێت
«با» لە ناویا
تیژتر ئەڕوات و هەڵئەکات!
کە ناشتیانی
لەژوور سەرتا ڕۆژمێری
زەردەپەڕم ئەخوێندەوە
چۆن لێم ون بووی؟ !
ئەوسا هاتی و دەستی پرسیارەکەت گرتم
بە ڕێوبانی تەمی ئاڵدا ئەتبردمەوە
دەنگی خۆمت ئەدایەوە بە گوێی خۆمدا
ئەتبردمەوە!
«ناتوانم لێت جیا ببمەوە، ئەمە عەشقە و
سەر بە گیانی سووتاوی شیعرم هەڵئەگرێ.
لەناو ئەودا ئەتوێمەوە
لە توانەوەمدا پێت ئەگەم!
ئەبارێم و پەڵە لەناو ڕۆحتا ئەدەم.
ئەمە عەشقە و من ماچی خوا
بەلێوی مەرگی خۆم ئەکەم
ناتوانم لێت جیا بمەوە  »
هەردەکانم خستە بن هەنگڵی ژانم، سەرکەوتم و درەختەکان،
لەبەر دەمما گڕی عەشقیان لە خۆیان و چەم بەر ئەدا.
«ئاو» بوو بە نوور و بەدیدەی «مەولەوی» یەکانما هەڵپژا.
بانگی پۆلە ئەستێرەی کاروانی دوورم ئەکرد. ئەهاتن و
یەک یەک ماچی، ئەو ڕووبارەیان ئەکردم،
کە لە تەختی ناوچەوانما
ڕێگەی گەرمێن و کوێستانی ئەگرتە بەر.
ناتوانم لێت جیابمەوە
داگیرساوم
«داگیرسان»م بەستۆتە پشت
بەهەر کوێ یەکدا ڕەت ئەبم
ڕووناکی – دا ئەمەزرێنم –!
- کە ڕووناکی و ڕەنگی زەردی هەژارەکان
تێکەڵ ئەبن
دوو ئاوانێ دروست ئەبێ
نائومێدی تیا ئەخنکێ.
- من بە سەردانێک نەهاتووم هەر گوڵاڵەت
لە پەرچەمی کچی تابلۆکانم بدەم.
هەر سەوزە گیاتم خۆش بوێ و
بۆن بەهەناسەی مێخەکی کەنار گەردنتەوە بکەم!
«سەرەتا بوو خۆم هەڵکێشا
لە دوو ئاوانی عەشقی تۆ
کە هاتمە دەر
لەشم هێشووی
سوورە گزنگی گرتبوو
لە بەستێنی گۆمەکانتا
شەپۆلم پێچایە سەر و
بیرم لە کام شوێنتا قووڵ بوو
شۆڕ ئەبۆوە و باوەشی ئەکرد بەترسی
تووش هاتووتا »
- ئەی گۆڕ هەڵکەن! ئێستەش هەر ئازاری ئەدەی؟ !
کە ناشتیانی
  لەژوور سەرت ڕاوەستابووم
باڵندەکانیش هێلانەی چەند ساڵەیان
تێک دایەوە و لە چاو ون بوون،
- من ئەمبینین گریان باڵی
فڕینیان بوو
- ئێمە کۆست ناوکی ژیانی بۆ بڕیوین
نەZWو، لەشم، گیانم، هێشووی سوورە گزنگی
گرتووە و چاو
لە قاژوو زۆر زۆر بەرزتر
ئەفڕێ و دیارە.
شانۆی خەڵووز چۆن بەژنی هەتاو ڕەش ئەکات!
گەرووی دەربەند
تا تەنگتر بێت
«با» لە ناویا
تیژتر ئەڕوات و هەڵئەکات

پەراوێز edit