ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
ئێوارەت باش! ئەی فوراتی
لە شاخەوە بەڕێ کەوتووی
هەناسە سوار.
ئەی دایکی ئەگریجە تەڕی. کۆڵوانە! تەم.
ئەی پشتی دەست دەماراویی
شین و دیاری هەردوو کەنار.
ئەی هاوڕێی شڵەژاوی خوار و خێچ ڕۆی
دەمێ تیژو
دەمێ هێواش
ئێوارەت باش!
***
تۆ نەبی چۆن.. من ئەم ژەنگی بێزارییە
کە سەعاتی ژینی گرتووم لێم بێتەوە؟ !
هەر تۆی تەنیا لەم مەڵبەندە تەریکەدا
بێمە لات و گوێم لێ بگری و لە باوەشتا
لەناو جۆلانەی شەپۆلی بێ سرەوتتا
وەک کوڕی خۆت
دەس بە قژی بژما بێنی و
شپرزەییم ڕا بژەنی.
منیش لە سەر خۆ و بە چرپە
ئاخ و داخی
شیعری خۆمت بۆ هەڵڕێژم
لە قوڵایی و نسێی سنگتا
گڕەی هەناسەم بنێژم.
تۆ نەبی چۆن من ئەم ژەنگی بێزارییە
کە سەعاتی ژینی گرتووم لێم بێتەوە؟ !
هەر تۆی تەنیا لەم بەستێنە خامۆشەدا
ئەی هاودەمە شیرینەکەم!
من دڵم پێت بکرێتەوە.
***
لەبەر دەممای چاوم لێتە
وەک لەسەر لا ڕاکشابی
دەستێکت وا لەژێر سەرتا و
ئانیشکت خستۆتە سەر لم.
شەپۆلی نیگات پرشە پرش
تیشکێکی زەرد ئەدەن لە من.
منیش لەسێبەری کڕی
دار هەنجیری گەڵا پانا
کە هەتاوی تین تیا نەماو
بە پێ دزکێ بە باڵایدا هەڵ ئەزنێ
ئینجا وەک سەرەتاتکێ
لەناو پەنجەرەی چڵانا
ناوبەناوێ
دەرئەکەوێ و دەرناکەوێ
من لەوێدا بە چوارمشقی دانیشتووم و
خەیاڵیشم وردە وردە
وەک خۆری ئیستەی باکوورت
پشکۆ ئاسا
لەناو تۆدا نقوم ئەبێ.
***
دوور لە یاران
دوور لە وڵاتی گوڵ عومەر
ڕۆژانی ڕەنگ خۆڵەمێشیم تێ ئەپەڕن
پەرت پەرت وەکوو دووکەڵی سەر
ماڵانی دێی لای ئێواران.
پەستیی وەکوو قەوزەیەکی
مەڵاسی لینج
گیانی گرتووم.
ئازارێکی گرنج.. گرنج
وەک گرنجیی بەژنی ڕەقەڵەی دار خورما
دڵنیاییم ئەڕوشێنێ و
چرۆی هەستم زامدار ئەکا!
گەلێ خەونم
وەکوو ماسیی لە ئاو کراو
هێشتا چاویان زەقەیان دێ و
بەڵام خنکاو!
ئەم ڕۆژانە وەکوو ژاڵە
لەناو زاری عومری مندا
تامیان تاڵە.
بەڵام ئەی ئازیزانی دوور!
ئەی هاوەڵە شیرینەکان
لە هەر کوێ هەن
یادتان وەکوو سێبەرەکەم
لەگەڵمایە..
نامەو وێنەی ڕەنگاوڕەنگتان
لەناو گیرفانی دڵمایە.
خۆشەویستی و تاسەی دیداری ون بووتان
دیوانی شیعری تازەمە و
لەناو دەفتەری ناخمایە.
***
شەو باش! شەو باش!
تۆ شەو کوێر نیت
ئەی دایکی نامۆیی و سەفەر.
ئەی هاوڕێ
ئەی فوراتی بەناو تاریکیا ڕاکەر.
گەرچی ئیستاکە تەماشام
وەکوو مەلێکی باڵ شکاو
ناگاتە لات
تا مل هەڵسوێ لەژێر چەنە و
ماچت بکات.
بەڵام هاژەت وەکوو دەنگی
مێژووی بەسام
وەکو دەنگدانەوەی دەربەندی
کپی لەبەر شەوقی مانگەشەودا سەرسام
زوڵاڵ.. زوڵاڵ
ئەگاتە لام
ئەی هاوڕێی قەت نەنووستوو!
من خەوم دێ و
ئەچمەوە لای ماڵی چۆڵ و
ژووری تەنیای هەناسە سارد
تا سبەینێ لەم ئاستەدا
بە یەکتری ئەگەینەوە
ئەی هاودەمی تاق و تەنیای
غەریبیی من
شەوێکی شاد!

پەراوێز edit