ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
ئەو ڕۆژەی تۆ
دڵت وەکوو
کانیی گوندێکی چۆڵکراو..
یان پەل و پۆی درەختێکی
بە پێوە گڕ تێبەردراو
یان چۆلەکە باوکەیەکی، زەڕنەقووتە
لە هێلانەدا سەر بڕاو..
یان وەک چاوانی باخانی
«باوەمردە» و قلیاسانی
ئەو ساتانەی
لەسەرە ڕێدا بۆ نالی و کۆچی نالی
وەک ژنانی سلێمانی
وەکوو ئەرخەوانی سەیوان
هەموو گەڵای قژیان ڕنی و
وەک تانجەرۆ بەکوڵ گریان.
ئەو ڕۆژە تۆ
دڵت وابوو
ئەو ڕۆژە تۆ
باوکی هەموو خەمی شار بووی.
هۆرەی گریانی قەرەداخ
لانکەی ژانی
قەت نەسرەوتی
داروبەردی سەرچنار بووی.
ئەی هاوڕێی فەرهەنگی خەم!
لەناو پەرژینی تەمەوە
تارماییم و چاوم لێ یە..
چ ڕۆژێکی وەیشوومەیە
چەپگەردی کۆست ئائەمەیە!
ئەی شاعیری
گەورە کچی شیعری قژ زەرد
جوانەمەرگ بوو!
گەردەلوولی «وەی» ئەمەیە.
ئەی هاوڕێی ئەژنۆ شکاو!
شارۆچکەکەت زۆر بچووکە
کەچی کراسی خوێناوی «کەژاڵ» ی تۆ
لەم ساتەدا!
بە بەری دنیاش گەورەیە! .
ئەی شاعیری فەرهەنگی خەم!
ئەو ڕۆژە تۆ دڵت وابوو
هەر هەمان ڕۆژ منیش وێڵی
دوای شیعرێ بووم
بەژنی وەکوو بەژنی خەمت
کەڵەگەت بێ
وەکوو ژاڵەی بەر پەنجەرەی
ژوری داخراوی کەژاڵ
هەموو شەوێ
چاوی گوڵیان
بە فرمێسکی درشت مەست ئەبێ.
شیعرێ.. شیعرێ
وەک چاوەڕوانی ئاوێنە و
شانەی قژی و
جانتای دەستی
وەک چاوەڕوانیی لاپەڕەی
هێشتا سپی ناو دەفتەری.
وەک تاسەی چاکەتی شینی.
وەک تەنوورەی خۆڵەمێشیی
بەرگی سێ ساڵی خوێندنی.
شیعرێ.. شیعرێ
وەک تاسەی قەڵەم بۆ پەنجەی
وەک گوڵەباخ بۆ ئەگریجەی.
وەک چرپاکەی بۆ خەوتنی
وەک شەوقی هەیوان و ناو هۆڵ
چاوەڕوانیی جادەی بەر ماڵ
زەنگی دەرگا..
بۆ هاتنەوەی، دابەزین و گەیشتنی.
شیعرێ، زریکەی تاڵە مووی
قژ ڕاکێشان!
ڕەنگی شین و ڕەنگی مۆری
جێگە داری شان و قۆڵ و ڕانی تیابێ.
ڕەنگی پەڕیوی وەک لیمۆی
سیس و گوشراو.
زەردەخەنەی کارتی دەرچوون. دوا پرتەی مۆمێ کوژاوە.
دوا هەناسەی ئاسکێ سپی.
شیعرێ ورشەو پرشەی سوورمەی
سەر تەرمەکەی ئەوی تیابێ.
بەڵام ببوورە هاوڕێم
هاوڕێی سەیوان!
ئەی هاوڕێ ی قۆڵ بە قۆڵی
کۆستا کردوو!
ئەی هاوڕێی لەسێ ڕۆژا
ڕیش و سمێڵ
کاکۆڵی قژ
گوڵی سپی گریاو.. گرتوو.
ئەی پەیژەی خەمی بانیژەی
پلە شکاوی حوزەیران!
ئەی ڕەشە ڕێحانەی وشەی
سەرمەزاری گشت «کەژاڵ» و
گشت دڵدارێکی کوردستان.
ببوورە لێم بۆ ئەو شیعرە
ئێجگار گەڕام
بۆ هەر شوێنێ کەژاڵ چوو بوو
هەر جێیە بۆنی گوڵە زەرد
ئەو قژەی ئەوی گرتبوو.
منیش بۆی چووم
بۆ ئەو شیعرە گەلێ گەڕام:
لەپاسی هەژدە نەفەری ڕێی هەولێردا
سەر کورسییەکان
ژێر کورسییەکان
ورد ورد گەڕام.
کۆگاکانی دەوری «قەڵا»
ناو جامخانە، سەر ڕەفەکان
ناو مشتی قوتوی ملوانکە
ژێر نقێمی موستیلەکان
هەمووی گەڕام
بەرباخەڵ و کلۆری گیرفانی هەموو
درەختێکی
شەقامی خڕی «شەست مەتری»
پۆل بە پۆل و
هۆڵ بە هۆڵی
زانکۆی زیزی
هەمووی گەڕام
کووچە بەکوچەی چیرۆک و
باخ بە باخی ناو هۆنراوەی.
کتێبخانەکەی حەیدەری
هەمووی گەڕام..
لێرەش گەڕام
ژێر چەتری پاسی سەرچنار - سلێمانی
بست بە بستی کەناری ئاو
ژێر پردەکەی، مۆڵگەی ماسی.
دوور و نزیک
ماڵ بە ماڵی دەستە خوشکی
هەمووی گەڕام
ناو ئۆرزدی، سەر شانۆکان
شەقامەکان، کاوە، مەولەوی، تووی مەلیک
پیادەڕەوی تەنگ و نزمی
دڵ نسرمی
ناو قەیسەری
هەمووی گەڕام.
بەڵام ببورە هاوڕێم
هاوڕێی سەیوان!
ئەی قەڵەمەکەی گوڵ بەدەم! .
ئەی هەڵبەستە پشتێن ڕەشە
ڕیش هاتووەکەی
وڵاتی خەم! .
ببوورە لێم هەرچەند گەڕام
من ئەو شیعرەم نەدۆزێوە
باڵای خەمی بەقەد باڵای
ئەم کۆستەی تۆ کەڵەگەت بێ
وەک «کەژاڵ»ی گڵ بردوشمان
پەری یەکی شۆخ و شەنگ بێ.
لە کۆستی جوانەمەرگ بوونی کەژاڵی کچی هاوڕێی شاعیرم حەسیب قەرەداغیدا وتراوە.

پەراوێز edit