ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
کە من هاتم
ئێوە کەستان لێرە نەبوون
کەمانچەیەک ناسیمێوە زانیی ماتم
هێواش هێواش
لە جێگەی خۆیەوە هەستا
هات لە تەنیشتی ڕاستمەوە
هەڵترووشکا
بێخشپە، سووک
دەستی بە گیرفانی دیوانێکما گێڕا
چوار سوێسکە شیعری غەمگینی
لێ دەرهێنا.
***
کە من هاتم
ئێوە کەستان لێرە نەبوون
«ئۆکۆردوێن »ێ بەدیی کردم
ناسیمێوە،
زانیی منم ئەو ئاوازەی
بۆ یەکەم جار
فێرم کرد چۆن دەستی قاسپە و
شەماڵ بگرێ و
بچێت بۆ لای نێرگزە جار.
هات لەلای چەپمەوە دانیشت
دەستی بەگیرفانی «لاوک»ێکما گێڕا
چوار نۆتەی قژ ڕەش و زەردی
چاوگەش چاوگەشی دەرهێنا
***
کە من هاتم
ئێوە کەستان لێرە نەبوون
شمشاڵێکی لەڕ و لاواز
هێدی.. هێدی
بەدەم ڕێوە
فووی بە زامەکانیا ئەکرد
جارێک سەری
بۆ ئەستێرە کشاوەکانی هەڵئەبڕی و
جارێکی تر کڕنووشی بۆ
خوڕە و هاژەی ڕووبار ئەبرد.
گەیشتە لام، سووڕایەوە
لەپشت سەرمەوە ڕاوەستا
پەڕە پەڕە «حەیران » ێکی
کۆچەریمی هەڵدایەوە..
بە ژێر ڕەشماڵی ئاخێکما چاوی گێڕا
دەستی برد و
چوار گمەی کۆترە باریکەی
هەناوی «دەروێش عەبدوڵلا» ی لێ دەرهێنا!
***
کە من هاتم
ئێوە کەستان لێرە نەبوون
تەماشام کرد لەو بەرەوە
-باڵەبانێ-
لە جۆلانەی خاوکەرێکدا
ئازاری کلووە بەفرەکان ڕایئەژەنێ!
ئەویش هات و لەبەر دەمما
تروشکەی کرد
دەستی بە ناو سنگما گێڕا
چوار هەناسەی سارد و بەسوێی
گۆرانییەکانی «ماملێ»ی لێ دەرهێنا
هەستان بڕۆن!
چوار برژانگی تەڕم وتیان
ئەو شیعر و نۆتە و ئاخانە
بۆ کوێ ئەبەن؟ !
لەگەڵ کڕووزەی پەلکەگیا و
وردەماسی و کارژۆلەدا
هەر چواریان پێکەوە وتیان:
ئەی شاعیرە خەمبارەکە!
کە ئازیزان گرد بوونەوە و
هەموو هاتن
کە خەم لەسەر کورسی دانیشت
کە بێدەنگیی سەر ڕوخساری ورد و درشت
وەک سێبەری درەختێکی حەپەساوی
دوای لق بڕینەوەی لێ هات!
ئەوساکە تۆ
لە زمانی گۆپکە و تەلی دڵمانەوە
پێیان بڵێ :
بۆ لەمەو دوا و هەتا نووزەمان لێوە بێ
دەنگ و ڕەنگ و
سیما و پەنجەی
«کارزان، ڕێبوار، ئازاد، فەرمان»
لەگەڵ لێدانی ئێمەدا هەموو جارێ
ئەبن بە پۆلە ئاوازی سور و سپی و
لەدەرونی ئەم شارەوە
 دێنە دەرێ
باڵ ئەگرن و بەرەو لووتکەی
کێوەکانی گشت کوردستان
ئەکەونە ڕێ!
ئەم شیعرە لە چلەی چوار هونەرمەندە بچکۆلە گەورەکانی کوردستاندا و لە هۆڵی نەقابەی کرێکارانی سلێمانی لەلایەن شاعیرەوە خوێنرایەوە

پەراوێز edit