ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
وەرەوە با بەجووت بڕۆین
خۆرنشینە و شەقامی چۆڵ
خەمێکی زەردی کشاوە
چاوەڕێی پیاسەی ئێمەیە،
ئێوارەی ڕەنگ.. هەڵبزڕکاو
لەئاوێنەی ئەم پایزە درەنگەدا
ئەڵێی دەم و چاوی خۆمە
دەم و چاوی پێش حەوت ساڵم
ئەو ساتانەی
کە جێت هێشتم:
«دەم وچاوم کانییەکی
ساف و ڕوون بوو
کەتووڕەبوونت هەڵیکرد
بووی بەگەرداو
لێڵت کردم!»
ئەی شیعرە هەڵفریوەکەم
وەرەوە با یەکە یەکە
شەقامەکان تەی کەینەوە
ئەوشەقامە درێژانەی
وەک بێداری و شەونخوونیی
ئێمە وان و تەواو نابن.
وەرەوە با سەر کەینەوە
بە باوەشی باخچەکاندا
ئەو باخانەی گەڵای داریان
وەک ڕازەکانی دڵی من
چڕ و پڕن
ناژمێررێن و تەواو نابن.
وەرەوە با بەجووت بڕۆین
بێدەنگ وەکوو ئاونگی سەر
پەڕەی چاوم.
وەرەوە با بەجووت بڕۆین
گلەییمان زۆر لە سەرە
گلەییی ئەو ڕووبارانەی
بەلایاندا تێپەڕین و
سەرمان لە شەپۆلیان نەدا.
گلەییی ئەو درەختانەی
بەلایاندا تێپەڕین و
سەرمان لە سێبەریان نەدا.
گلەییمان زۆر لە سەرە
وەرەوە با بەجووت بڕۆین
خۆر ماویەتی هەورازێکی تریش ببڕێ!
* *
خۆر نشین ئیستە تارایە
تارای پەنجەرەی ماڵان و
سەر گومەز و درەختەکان.
وا ئێستە خۆر لە ئەستێرک و گۆمەکاندا
ئەڵێی تاوسێکی خڕی داگیرساوە،
پەلکە ڕەنگینەی ئاگری سەر ڕووی ئاوە.
وەرەوە با بەجووت بڕۆین
من ئەمەوێ ئەو تارایە
لە پەنجەرە وسەرگومەز و درەختەکان
بکەمەوەو بیدەم بەسەر سەری تۆدا
من ئەمەوێ
تۆ شاژنی ئەرخەوانیی
خۆرنشین بی و
منیش وشەی گڕ تێ بەربووی
ئەم دیدارە.
* *
وەرەوە با بەجووت بڕۆین
دیوانێکی تازەم هەیە
بەدەم ڕێوە
بۆڵە وشەی شیرینی ئەکەم بە دەمتا
حەرفی زەرد و سوور سەوزی
ئەدەم لە قژ و بەرۆکت
ڕستەی شینت ئەکەمە مل.
وەرەوە با بەجووت بڕۆین
ئەوەتا خۆر
گەیشتۆتە سەر دوا هەوراز
هاکا لەپڕ بازێکی داو خۆی هەڵدایە
باوەشی شەو.
نەهاتی تا بەجووت بڕۆین
شیعرم شەوی بەسەردا هات.
نەهاتی تا بەجووت بڕۆین
نەهاتی تا بەجووت.
نەهاتی تا.
نەهاتی.
نە.

پەراوێز edit